ناونیشان: کێکەکەی پەکەکە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #17-04-2017#
ئەنجامی گشتپرسییەکەی تورکیا پەکەکە دەخاتە بەردەم دووڕیانێکی قوورس: بەردەوامبوون لەسەر ململانێ لەگەڵ ئەردۆغان، بەبێئەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر لە ئەردۆغانی هەبێ یان داننان بە واقیعی ئەوەی بەر لە گشتپرسی لەگەڵ ئەردۆغان و ئاکەپە بە مانگێک وەدیدەهات، ئەم جارە بە ساڵێک وەدینایەت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە باکووری کوردستان ئەردۆغان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قوورستر: ئەویش ئەوەیە کە کێشەی ئەردۆغان لەگەڵ پەکەکەیە کە قەدری کرانەوەکەی ئەوی نەزانی، یان هێندەی دیکە لووتبەرز دەبێت و کوردی باش لەلای، ئەو کوردە دەبێت کە ملکەچی دەبێت؟
کەس حاشا لەوە ناکات کە ئەردۆغان باشتر لە هەر کەسێکی دیکە لە دەیەی ڕابردوودا عەقڵی دەنگدەری تورکیایی ناسیوە و زانیویەتی بەقازانجی خۆی لەسەر سندوقەکان بیجوڵێنێ. هەمان ئەو ئەردۆغانەی لە هەڵبژاردنێکدا بە پشتیووانیی گیولەن سەردەکەوت، تا هەڵبژاردنی دواتر گیولەنی دەبوغزاند و دەیکردە خائین. هەر هەمان ئەو ئەردۆغانەش کە وەک سیاسییەکی بێ زیان بۆ عەسکەر و سیستمی لائیکی تورکیا دەردەکەوت، جاری دواتر کەیسی ئەرگەنەکۆنی بۆ دەکردنەوە و سەربازی لە زیندانان توند دەکرد.
هەر هەمان ئەو ئەردۆغانەش بوو کە ڕۆژێک پڕۆسەی کرانەوەی لەگەڵ پەکەکە دەستپێدەکرد و دژی هەموو حیزبەکانی دیکەی نێوەوەی تورکیا و ڕای گشتیی ئەو وڵاتەش دەوەستایەوە، کەچی ماوەیەک دواتر خوێنی پەکەکەلییەکانی حەڵاڵ دەکرد. لە هەموو ئەو حاڵەتانەشدا دەنگدەری تورکیایی بە ڕێژەیەکی کەم بە نەرێنی یان ئەرێنی ڕایان لەسەر ئەردۆغان و پارتەکەی دەگۆڕا. هێزی ئەردۆغان لە قایلکردنی شەقامی تورکی لەوکاتەشدا دەرکەوت کە بە فەیستایمێک خەڵکی هێنایە سەرشەقام و شکستی بە کودەتایەکی نیوەسەرکەوتوو هێنا.
هەمان ئەو ئەردۆغانە، لەپاش توروت ئۆزال، دووەمین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو کە بەبوێرییەوە دەرگای بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە باکووری کوردستان کردەوە، بەڵام پەکەکە ئەمەی نەقۆستەوە و لەجیاتی ئەوەی سوودی لێ وەربگرێت، بە زاڵبوونی عەقڵیەتی چەپی تورکی لەنێو ئەو حیزبەدا، دەرفەتی گەورەی لەکیس تەڤگەری باکووری کوردستان دا.
ئەردۆغان جاران منەتی بە #هەدەپە# و پەکەکە هەبوو، دەیەویست هاوپەیمانیان بێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی، بەڵام پەکەکە بە هەشتا کورسییەوە لە پەڕڵەمانی تورکیا، لەجیاتی ئەوەی ئەردۆغان ناچار بکات زۆرتر مافی کورد بدات و ئۆجەلان ئازاد بکات و کوردیش بۆ یەکەمجار لە کۆماری تورکیادا بکاتە شەریکی حوکمڕانی، دۆزی کوردی گەڕاندەوە بۆ شەڕی خەندەق و کوشتنی پۆلیسێک لەوێ و سەربازێکی دیکە لەوسەر.
کاتێک ئەم گۆشەیە بڵاودەبێتەوە، تورکیا چووەتە قۆناخێکی نوێوە. قۆناخی ئەردۆغانێکی بەهێزتر و بێمنەتتر لە پەکەکە. ئەردۆغانێک کە هێندە دەسەڵاتی زۆرە، دەتوانێ یان تورکیا سەربخات یان بیدات بە داری گۆڵەکەدا. لەبەرانبەریشدا باکووری کوردستان دەچێتە قۆناخێکی نوێوە کە تێیدا ڕەنگە ئەگەر ئەردۆغان ئارەزووی کرد و پێڤاژۆیەکی نوێی ئاشتیی دەستپێکردەوە، چیدیکە تەنیا پەکەکە بە موخاتەب نەگیرێت و لایەنی دیکەی کوردیش ببنە شەریکی ئەو کێکەی جاران پەکەکە دەیتوانی بەتەنیا بیخوات. لەو نێوانەدا قسەی کوردێک کە دەنگی بە (ئەرێ) دابوو بە دەستووری تورکیا، بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو: بۆ باکووری کوردستان ئەردۆغانێکی خۆشحاڵ بە ئەنجامەکانی گشتپرسی، قازانجی زیاترە لە ئەردۆغانێکی تووڕە لەو ئەنجامانە! [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 99 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!