ناونیشانی بابەت: سلێمان حەلەبی کوردە یان عەرەب؟
ئامادرکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
“دەستپێک”
داگیرکەرانی کوردستان تەنیا لە هەوڵی داگیرکردنی خەڵک و خاکی میللەتەکەدا نەبوون، بە ڵکۆ هەوڵیانداوە مێژوو، کولتوور و داب و نەریتی کوردەواریش داگیربکەن، ئەگەر ئەو کارەیان بۆ نەچووبێتە سەر ئەوا هەوڵی شێواندنیان داوە، یاخود خوازیاربوون لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنێن، بۆ نموونە لە سەردەمی فەرمانڕەوای عوسمانێکاندا لە پای وەڵامی پرسیارێک (ئیبن خەلەکان) وەڵامی درووست دەداتەوە، بەڵام خەڵاتەکە ڕادەستی کەسێکی تر دەکرێت، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: وەڵامەکەم بۆ ئەوان هێلکەیە، توێکڵەی بۆ من و هێلکەکەش بۆ خۆیانە. ناوزڕاندنی سەرکردەکانی کورد و بەکارهێنانی خەبات و شکۆمەندێکانیان نموونەیەکی تری زیندووە کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، سلێمان حەلەبیش یەکێکە لە گومناوەکانی کورد کە مێژوو فەرامۆشی کردووە و داگیرکەرانیش مەبەستیان بووە بە پاڵەوانی عەرەبی لە قەڵەم بدەن. ئەم چەند دێرە شیکاری ئەو ڕاستییە دەکات.
=KTML_Bold=سلێمان حەلەبی کێیە؟=KTML_End=
سڵێمان کوڕی محەمەدئەمین، ساڵی 1777 لە وڵاتی شام و لە شاری حەلەب لە دایک بووە، باوکی فرۆشیاری ڕۆن و ڕۆنی زەیتون بووە، لە حوجرەکانی ئەو شارە زانستە سەرەتاییەکانی خوێندووە، وەختایەک دەگاتە تەمەنی بیست ساڵان باوکی بە مەبەستی خوێندنی زانستی ئیاینی لە زانستگای ئەزهەر ڕەوانەی شاری قاهیرەی دەکات، لە (ڕەواقی شام) کە بەشی ناوخۆیی خوێندکاران بووە نیشتەجێ دەبێت، مانەوە و تێکەڵاوبوونی بە خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی ئاشنای دەکات بە شێخ (ئەحمەد شەرقاوی) کە یەکێک بووە لە مامۆستاکانی و هەندێجاریش لە ماڵی ناوبراودا ماوەتەوە.
ئەحمەد شەرقاوی نەیاری داگیرکاری فەرەنسا بووە، هاوکات دەستی هەبووە لە هەڵگیرسانی شۆڕشی یەکەمی قاهیرەدا لە 21/ ئۆکتۆبەری/ ، 1798 کاتێک سوپای ناپلیۆن گەمارۆی جیزە و قاهیری دابوو سلێمان لەپاڵ مامۆستاکەیدا بوو، لە ماوەی مانەوەی لە قاهیرە دوو جار بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی ماڵی خودا دەکات، کاتێک دەبیستێت بابی نەخۆشە لە خوێندنەکەی دادەبڕێت و دەگەڕێتەوە حەلەب، وەختایەک لە تەندرووستی بابی دڵنیا دەبێت بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی دەگەڕێتەوە وڵاتی میسر، لە ڕێگای گەڕانەوەیدا لە مایسی ساڵی 1800 با دەداتەوە بەلای قودسدا و سەردانی شاری غەزەش دەکات، لەو کاتەدا شۆڕشی یەکەمی قاهیرە لە سەروبەندی شکست و نسکۆیدا دەبێت، هەروەها زۆر باسی دەستدرێژی فەرەنسێکان لە وڵاتدا دەکرێت کە توڕەیی خەڵکیان بە کوڵهێناوە، گەل لەپێناو پاراستی ماف و شکۆیدا ڕاپەڕیوە.
جارێکی تر سڵێمان پەیوەندی دەکات بە خوێندکارانی نیشتەجێ لە (ڕەواق شام) کە چواریان خوێندکاری قورعان بوون لە دانیشتوانی غەزە بە ناوەکانی محەمەد، عەبدالله، سەعید و عەبدەلقادر، لەمکاتەدا سڵێمان ڕازی دڵی دەکاتەوە کە مەبەستێتی (کلێبەر) بکوژێت و گیانیشی کردۆتە قوربانی لەپێناو ڕزگارکردنی وڵاتی میسردا.
لەبەرانبەردا فەڕەنسێکان دەڵێن: کارەکەی سڵێمان لە پای باجێکی زۆر بووە کە هاتۆتە سەر باوکی، کاتێک چاوی بە ئەحەمەد ئاغا کەوتووە، ئەو لێپرسراوێکی ئینکشارێکان بووە لە حەلەب و سڵێمانی ئاگادارکردۆتەوە کە والی شاری حەلەب باجێکی زۆری خستۆتە سەر شانی باوکی، ئەوکات ئەحمەد ئاغا بەڵێنی سوککردنی باجەکەی پێ داوە، لەبەرانبەردا پێویستە ئەویش فەرمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی جێبەجێبکات کە کوشتنی جێنشینی ناپلیۆنە. لە ئینسوکلوپیدیای حەلەبدا (خەیرەدین ئەسەدی) دەنووسێت:- ئەوە دەنگۆ و دەم هەڵبەستی داگیرکەر و هەندێ لە ڕۆژهەڵاتناسەکانە، سڵێمان نیازی بووە ناپلیۆن بکوژێت، بەڵام تەقدیر و تەگبیر یەککیان نەگرتووە، ئەو مەبەستی تێکۆشان بووە لەپێناو خودا، چونکە داگیرکەرە فەڕەنسێکان بە ئەسپەکانیانەوە چوونەتە ناو حەرەمی ئەزهەر و چەند زانایەکیان کوشتبوو! سەرباری ئەو کوشت و بڕە گەوڕەییەی لە وڵاتدا کردبوویان.
مێژوو نووسی مسیری (عەبدولڕەحمان ئەل جبرتی) لە مێژووی پەلاماری فەڕەنسا بۆ سەر وڵاتی میسردا دەنووسێت ئاغاکانی ئینکشاری دەنگۆیەکیان لە ناو خەڵکیدا بڵاو کردبۆوە کە هەرکەسێک سەرکردەی هەڵمەتەکانی فەرەنسا بکوژێت ئەوا دەکرێت بە سەرکردەی (وەجاقات) و پلەو پایەی پێ دەدرێت سەرباری کۆمەڵێک ئیمتیازات، سڵێمان حەلەبی لەو پێناوەدا ئەو کارەی کردووە.!
=KTML_Bold=“جەنەڕاڵ کلێبەر کێییە؟”=KTML_End=
جان بابتیست کلێبەر لەنێوان ساڵانی “1753 1800” دا ژیاوە، لە کاتی شۆڕشەکانی فەڕەنسادا یەکێک لە جەنەڕاڵەکانی بووە و بۆ سەر وڵاتی میسر و بەشداری هەڵمەتەکانی ناپلیۆنی کردووە، دەستپێکی ژیانی سەربازی لە خزمەتی ماڵباتی “هاپسپۆرگ” دا بەسەربردووە. ساڵی 1791 لە سوپای فەرەنسادا دەستبەکاربووە و خۆی بۆ کارەکەی تەرخانکردووە، دواتر بەخێرایی بە پلەکانی سەربازییدا هەڵکشاوە تا پلەی جەنەڕالی بەدەستهێناوە، کلێبەر لە جەنگەکانی “ئایلاند و سەرکوتکردنی هەرێمی فۆندییە بەشداریکردووە، بە ماوەیەکی کەم بەر لەوەی خەنەنشین بکرێت هاوڕێی ناپلیۆن بووە بۆ سەر وڵاتی میسر، کاتێک ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ میسر کلێبەری کردووە بە بریکاری خۆی دواتر لەو وڵاتەدا کوژراوە.
ماڵپەڕی “مقال” بەمشێوەیە کوشتنی جەنەڕال کلێبەر دەگێڕێتەوە:- ڕۆژێک کلێبەر لەگەڵ گەورە ئەندازیار “برۆتان” لە گفتووگۆیەکی تولانیدا دەبێت و باس لە نەخشەکێشانی خانووەیەکی نوێ دەکەن تا وەکوو پاشکۆی کۆشکی ” ئەلفی” لە باخچەی کۆشکی ناوبراودا دەربکەوێت، هەردووک بە تەنیشت بیرێکدا گوزەردەکەن لە پڕ گەنجێکی عەمامە بەسەر وەک ئاوکێش دەردەکەوێت و لێیان نزیک دەبێتەوە، وەختایەک لێیان نزیکدەبێتەوە دەستی درێژ دەکات جەنەڕالیش دەست بەڕویەوە دەنێت، ئەو زیاتر دێتە پێشی و دەستی ڕاستی درێژدەکات، ئەوکات جەنەراڵ وادەزانێت گەنجەکە دەیەوێت دەستی ماچ بکات، ئەوجا دەستی درێژ دەکات و #سلێمانی#یش بە خەنجەر دایدەدورێت، لەوکاتەدا بۆتان بە هانای هاوەڵەکەیەوە دێت شاڵاو بۆ سڵێمان دەهێنێت، دەست لەویش بڵند دەکاتەوە شەش خەنجەری کوشندە لە جەستەی برۆتانیش دەدات، کاتێک کارەکە ئاشکرا دەبێت جارێکتر قاهیرە گڕدەگرێت، داگیرکەریش شاڵاو دەباتە سەر دانیشتوان و تەڕو ویشک پێکەوە دەسوتێنێت.
=KTML_Bold=“دادگایی و سووتاندنی لاشەی سلێمان حەلەبی”=KTML_End=
پاشئەوەی سڵێمان بە خەنجەر جەنەڕال کلێبەر دادەورێت بە مەبەستی خۆحەشاردان و شوێن بزرکردن هەڵدێت تا دەگاتە دیوارەکانی کۆشک پیاندا هەڵدەگەڕێت و ئاودیوو دەبێت، هاوکات پاسەوانەکان شوێنی دەکەون، دواتر لە کێڵگەیەکدا دەدۆزرێتەوە و دەست بە سەریدەکەن. ئازاری دەدەن و زۆریشی دەکوتن، دواتر ددان بە کارەکەیدا دەنێت کە چوار لە هاوەڵەکانی هاندەریبوون، هەروەها دەڵێت بۆ ماوەی سی و چوار ڕۆژ لەگەڵیاندا ماوەتەوە، ئەوکات هاندانی کوشتنەکەی جەنەڕاڵ بۆ فەڕەنسێکان ئاشکرا دەبێت، پاشان ئەوانیش دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی داداگا دەکرێن. جەنەڕاڵ ( مینو) کە بریکاری کلێبەر بووە لەو ڕۆژگارەدا لە حوزەیرانی ساڵی 1800 دەستوور دەدات بە پێکهێنانی دادگایەک لە بارەی کوشتنی جەنەڕاڵەوە، دواتر دادگایەک پێکدەهێنرێت ماوەکەی تەنیا چوار ڕۆژ بووە، لەوکاتەدا داوادەکرێت پارێزەرێک داکۆکیان لێبکات بەڵام کەس بە دەم کارەکەوە نایات، دواتر تەنیا وەرگێڕێک نێوەندگیریان بۆ دەکات، لە کۆتاییدا سێ کەس لە هاوەڵەکانی و سلێمانی حەلەبی فەرمانی مەرگیان بە سەردا دەسەپێنرێت، یەکێک لە هاوڕێکانی و مامۆستاکەشی بێتاوان دەربازدەبن.
ڕۆژی 28/ خوزەیرانی/ 1800 بە پاساوی شاردنەوەی زانیاری هاوەڵەکانی بە بەرچاوی سلێمانەوە لە سێدارە دەرێن و دواتر لاشەکانیان دەسوتێنرێن تا دەبن بە ڕەژوو، پاشان دەستی تاوانبار ئەو دەستەی جەنەراڵ کلێبەری پێ کوشتبوو دەسوتێنرێت و دوای فەرمانی مەرگ بە هەمانشێوە لاشەکەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە (تەڵ عەقارب) بۆ قەل و داڵ بەجێدەهڵدرێت، دواتر لە مۆزەخانەی سەربازی لاشەی کلێبەر و نمایشدەکرێت و لەژێریا دەنووسرێت ئێسک وپروسکی فەرماندە، بە هەمان شێوە لەژێر لاشەی سڵێماندا دەنووسرێت تاوانبار هاوکات خەنجەرەکەش لەتەک پاشماوەی لاشەکەدا نمایشکراوە، دوای ساڵانێک پاشماوەی ڕووفاتی کلێبەر دەگوێزنەوە ستراسبۆرگ کە زێدی لە دایکبوونێتی، هەروەها دوای ساڵانێک لە لێکۆڵینەوە ڕووفاتی حەلەبی دەگوێزرێتەوە بۆ مۆزەخانەی مرۆڤ لە کۆشکی شایۆ لە پاریس.
=KTML_Bold=“هەڵوێستی مێژوونووسانی عەرەب بەرانبەر سڵێمان حەلەبی”=KTML_End=
محەمەد فەریق حەسەن لە پەڕتووکی کەسایەتی تاکی کورد لە بارەی ساویلکەیی تاکی کوردەوە سلێمان و کارەکەی وەک نموونە دەهێنێتەوە کە بە فیتی عوسمانێکان لە تەمەنی بیست و چوارساڵیدا ئەوکارەی کردووە، هاوکات مێژوونووسانی عەرەبیش لە بری ڕێزو پێزانین هاتن ناسنامە کوردییەکەیان لێسەندەوەو وەک لاوێکی عەرەب ئەویان بە دونیا ناساندووە، سڵێمان وەک بەکرێگراوی جەنگ کارە قوورسەکەی بۆ ڕاپەڕاندون ئەوانیش ناسنامەو تەمەنیان بە باداوە، ئەمەشی نموونەیەکەیەکە لە ساویلکەیی مرۆڤی کورد.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:-=KTML_End=
کەسایەتی تاکی کورد محەمەد فەریق حەسەن
ماڵپەری: جزیرە الوپائقی
ماڵپەری: أڵارچ
ماڵپەری: مقال
ماڵپەری: ویکپیدیا.
ماڵپەری: BBC NEWS
[1]