کوێر لە ئیدیۆمی کوردەوارییدا
ئەو چاوەی کەم بین و سۆما کز و نابینا بێت پێی دەوترێت: کوێر، بۆ سووک سەیرکردنیش وتراوە: کتوکۆر، ئینجا ئەو کوێرییە لە زۆر ئیدیۆم و میتافۆڕدا بەکارهێنراوە و بووە بە مایەی زمان پاراوی و شیرین (کەلام) ی و قسەی خۆش و وتەی بەپێز و گوتەی نەستەق و پەندی پێشینان، وشەکە ئەگر بخرێتە پێش یان پاشی ناو و شوێن و کەس و کەرەستە و ..تاد، دەبێتە وەسف و ئاوەڵناو و خستنەڕووی حاڵ و باری ئەو شتەی دەچێتە سەری، لێرەدا هەندێ نموونەی دەهێنینەوە لەگەڵ مەبەست و ماناکەی وەکوو:
نمەک کوێرە، لە زمانی فارسی بەواتای خوێ دێت، بەڵام لە زمانی کوردیدا واتاکەی فراوان بووە و گشتگیرە بۆ چێژ و چەشتن و خۆراک و چاکە و خواردنی خۆراکی کەسێک دێت، نمەک کوێر واتە: کەسێکی بەدنمەکی سپڵە کە بەرانبەر چاکە خراپەی بکات، کوێرەنان، واتە کەسێکە نانبدەیی تێدا نییە و قرچۆک و ڕەزیل و ڕژدە، کوێرەدێ، ئەو گوند و ئاوەدانییەی کە ڕێگای بەسەرەوە نییە و ئەو ڕێگایەی کە هەیەتی خراپە و دوورە دەست و دوور لەشارە، کوێرە کانی یە، ئەو کانی و کانیاوانە دەگرێتەوە کە لە وەرزی بەهاراندا ئاوێکی زۆریان هەیە و دواتر لە کۆتایی بەهار و سەرەتای هاویندا ئاوێکی زۆر کەمیان دەمێنێت یان هەر وشک دەبن، کۆراو یان کوێراو چاوگەیەکە ئاوێکی کەمی لەبەر دەڕوات، کۆردەرە، کانیاوێکە هەموو ساڵێک ئاوەکەی دەرنابێت و ساڵێک کە بارانی زۆر بێت ئاوەکەی لەبەر دەڕوات و لە وشکەساڵیدا وشک دەبێت، کوێرە ڕێ، ئەو ڕێگایەی داخراوە و باریکە ڕێیە و بۆ هاتوچۆ لەبار و گونجاو نییە، کوێرەمار، جۆرە مارێکی کوڵەوەیبابە و کوێرە و ژەهراوییە، کوێرەوەری، هەموو نەهامەتی و چەرمەسەری و کارەسات و گرانی و قات و قڕی و نەبوونی و ناگوزەرانی و نەفامی و نەخوێندەواری دەگرێتەوه، کوێرە گوێز، ئەو گوێزەی ناوکەکەی خراپ بێتە دەرەوە، کوێرانە، بەبێ تێبینی و لێکدانەوە و بەڵگە و ساغکردنەوە هەنگاو بنرێت یان قسە لەسەر بابەتێک بکرێت، گرێ کوێرە، ئەو گرێیەیە کە کۆربوویتەوە وناکرێتەوە، مشکە کوێرە، جۆرە مشکێکی کێوی کلک کوڵە، کوێرایی داهاتن و کۆرایی هاتووە واتە: کوێربوون بۆ شتێک کە خراپ بەدەست بکەوێت.[1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 629 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!