پەیسەر
سێ شەو پێش ڕێککەوتنی 11ی ئازار، #مەلا مستەفا بارزانی# و سەدام حسێن کە ئەوکات جێگری سەرۆک کۆماربوو، لە خانوویەکدا لە چۆمان تا درەنگانێکی شەو پێکەوە دەمانەوەو درێژەیان بە دانووستان و گفتوگۆکانیان دەدا.
بەیانیی زووی ڕۆژی 10ی ئازار هەردووکیان لە خەو هەڵدەستن و لە حەوشەی ئەو خانووەدا بە نۆرە دەموچاو دەشۆن و ئاودەکەن بە دەستی یەکتردا. مەلا مستەفا دواتر بە دۆستانی خۆی دەڵێ: لە هەندێ داواکاریدا سەدام زیاتری دەدا. ئەمە منی خستە گومانەوە سەبارەت بە نییەتی ئەم کابرایە.
هەرچۆن بوو ڕۆژی 10-03- 1970 سەدام و بارزانی لە چۆمان ڕێکەوتن و بڕیاردرا ڕۆژی دواتر لە شاری بەغدا ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکەیان ئاشکرا بکرێ. هەروایانکرد دواتر ئەم ڕێککەوتنە بە بەیاننامەی 11ی ئازار ناوی دەرکرد.
ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار، ساڵی 1969 بناغەکەی بە گفتوگۆی نێوان سەرکردایەتی بەعسی دەسەڵاتدار و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دانرا.
ناوەرۆکی ڕێککەوتننامەکە لە22 بڕگە پێکهاتبوو، 15ی ئاشکرا و 7ی بە نهێنی هێڵرایەوە. بڕگەکانی ئەو بەشەی نهێنی بوون، تایبەت بە کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بوو کە شنگال و خانەقینیشی دەگرتەوە.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی درووستبوونی ئێراقدا، داننرا بە ئۆتۆنۆمییەکی ئیداریی و سەربازیی بۆ کوردستان و لە حکومەتی مەرکەزیدا کورد بە چوار وەزیر بەشداریکرد، هەروەها زمانی کوردی بە زمانی ڕەسمی ناوچە کوردییەکان و پێشمەرگەیش وەکوو پاسەوانی سنوور لەناو سیستمی بەرگریی ئێراقدا دانران.
دوژمنەکانی ڕێککەوتنەکە
ڕووسیا -یەکێتی سۆڤێتی پێشوو- کە ئەوکاتە لەگەڵ حکومەتی ئێراقدا پەیوەندی باش بوو، نێوانگیری ڕاستەوخۆی دەکرد لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول و حزبی بەعسدا. کاتێکیش ڕێککەوتننامەکە ئیمزا کرد پیشوازی لێکرد.
ئەمریکایش وەکوو یەکێک لە دوو زلهێزەکەی ئەو سەردەمە، ڕێککەوتننامەکەی پێخۆشبوو بەڵام بەو مەرجەی ئێراق و سۆڤێت لە یەکتر نزیک نەبنەوە. بەڵام دوو ساڵی دواتر واشنتۆن دەیویست سەرئێشە بۆ ئێراق درووست بکات و بۆ ئەمەش یارمەتیی کوردی دەدا.
دوژمنە ڕاستەوخۆکانی ئەو ڕێککەوتنە هەریەکە لە شای ئێران، تورکیا و سووریابوون. ئەوان لەبەر هەبوونی کورد لە وڵاتەکانی خۆیاندا، نەیاندەویست کورد لە ئێراق ئەو مافانەی پێ بدرێ.
ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆمار و سەدامی جێگری، چەندجارێک ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەو وڵاتانە ئاگاداریان کردوونەتەوە لەو سەرکێشیەی کردوویانە لەگەڵ کورد و داوای پاشگەزبوونەوەیان لێکردوون. تەنانەت هەڕەشەشیان کردووە کە ئەگەر بەیاننامەی 11ی ئازار سەربگرێ بە پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە.
قازانجەکانی بۆ کورد
11ی ئازار سەرکەوتنێکی گەورەی کورد و شۆڕشەکەی بوو لە سەدەی بیستدا، چونکە دەوڵەتی ئێراقیان ناچارکرد لە نکوڵیکردن و ئینکاریکردنەوە، بێنە سەر ئەو ئەنجامەی ئۆتۆنۆمیان بۆ بسەلمێنن.
هەرچەندە ئەمە هەموو شتێک نەبوو، بگرە زۆر کەمتربوو لە مافی ڕەوای نەتەوەیی و سیاسی و ڕۆشنبیریی کورد، بەڵام بەڵگەنامەیەکی گرنگ بوو بۆ کورد لە ئێراقدا.
لە 11ی ئازاردا کۆتایی بەو ناکۆکییە حەوت ساڵییەی ناوخۆی کورد هات کە شۆڕشی کوردی کردبوو بە دوو پارچەی دژ بە یەکەوە. باڵی مەکتەبی سیاسی چوونەوە ژێر سەرکردایەتی مەلا مستەفا و کۆتایی بە سەردەمی ئەوان هات.
لەو حەوت ساڵەدا ڕووداوی خوێناوی ڕوویاندا و دەیان پێشمەرگە و فەرماندە و کادری سیاسی کورد، بە دەستی کورد کوژران.
شۆڕشی ئەیلول کە 9 ساڵ بوو هەڵایسابوو، بەهۆی 11ی ئازارەوە پشوویەکی دا و ئەگەر بەناو یان ڕووکەشیشبێ، بوو بە بەشێک لە حوکمڕانی ئێراق.
بەو ڕێککەوتنە، هەستی کوردبوون و ئومێد بە شۆڕشەکەی تا ئاستێکی زۆر بەرزبوویەوە. خۆشاردنەوەو بۆردمانی هەمیشەیی گوندەکانی کوردستان کە لە 1961ەوە دەستی پێ کردبوو، کۆتایی هات.
لەسەر ئاستی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی، پرسی کورد لە کوردستانی ئێراق تاڕادەیەکی زۆر بەرەوپیشچوونی بەخۆیەوەبینی.
زیانەکانی بۆ کورد
یەکەم زیانی دوای 11ی ئازار، چڕکردنەوە و فراوانترکردنی سیاسەتی بەعەرەبکردن و دابڕینی ڕووبەرێکی فراوان بوو لە خاکی باشووری کوردستان کە دەخەمڵێنرا بە 48٪ هەموو ڕووبەرەکەی.
شاری کەرکووک ناوەندی ئەو بەعەرەبکردن و دەرپەڕاندنەی کوردبوو، بەڵام سیاسەتەکە بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای موسڵ و خانەقینیشدا جێبەجێکرد.
دەرکردنی کوردانی فەیلی بەغدا بۆ ئێران و سەندنەوەی ڕەگەزنامەی ئێراقیی لێیان.
لەو کاتەدا سەرکردایەتی کورد بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە تێکنەچێ، چاوپۆشی دەکرد لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی بەعس بە کوردستانی دانەنابوو لەگەڵ ئەو سەرپێچییە ئاشکرایانەی حزبی بەعسی دەسەڵاتدار دەیکردن.
ئەو وادەیەی دانرابوو بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە چوار ساڵ بوو، بەڵام بەعس لەو چوار ساڵەدا جێگە و پێگەی خۆی لە ئێراق و کوردستان قایم کرد. و تادەهات بێمننەتتر دەبوو
کرمۆڵبوونی دۆستایەتییەکە
ساڵێک تێپەڕیبوو بەسەر 11ی ئازاردا، شاندێک مەلایانی ئێراق ڕۆژی 9ی ئەیلولی 1971 سەردانی مەلا مستەفایان کرد لە حاجی ئۆمەران. بەڵام مەلاکان نەیانزانیبوو، ئیسختباراتی ئێراق بۆمبی چێنراوی پێدا ڕەوانە کردبوون تا بارزانی تیرۆر بکەن.
ئیتر لێرەوە دۆستایەتییەکەی ساڵی ڕابردوو درزی تێبوو. ئێران و ئەمریکا ئەم کەلێنەیان بە هەلزانی و هانی بارزانیاندا دژی سەدام بووەستێتەوە، بەگوێرەی قسەی هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو کاتەدا، لەگەڵ شای ئێران بەڵێنی یارمەتیان بە مەلا مستەفا داوە کە ساڵی 1973 تا 1975 تێکڕای یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ شۆڕشی ئەیلول گەیشتە 20 ملیۆن دۆلار لەگەڵ 1250 تەن چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیی.
هەروەها شای ئێرانیش بۆ بەهێزکردنی سەرکردایەتی کورد لەبەرانبەر حکومەتی ئێراقدا، نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار و چەک و تفاقی پێشکەش کردووە.ئامانجی ئەمریکا لەو یارمەتیانە ئەوەبوو کە سوپا و حکومەتی ئێراق سەرقاڵ بکەن بە شۆڕشی کوردەوە تا نەیپەرژێتە سەر ئیسرائیل. هەروەها سازش بە بەغدا بکەن لەبەرانبەر خواستەکانیاندا.
شای ئێرانیش دەیویست بەغدا لاواز بکات و دواجار خواستە مێژووییەکانی خۆی بهێنێتەدی کە خۆی لە وەرگرتنەوەی شەتولعەربدا دەبینی.
نێوانی شۆڕشی کورد و حزبی بەعس تادەهات توندتر و ئاڵۆزتر دەبوو. دواجار لە 11ی ئازاری 1974 سەدام یەکلایەنە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی دیاریکرد کە کەرکووک و شنگال و خانەقینی تێدا نەبوو. هەروەها سەرکردایەتی کوردی کردە دەرەوەی ئەم ناوچەیە. ڕۆژی 6ی ئازاری 1975 لە جەزائیر لەگەڵ شای ئێراندا ڕێکەوت و هەردوولایان شکستیان بە شۆڕشی ئەیلول هێنا.[1]