ناونیشانی بابەت: نەخشەی وزە و جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئامادەکردن: #ڕێبوار محەمەد#
نەخشەی وزەو جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای سەرکەوتنی ڕۆژاوا لەجەنگی ئۆکراین.
ستراتیجی ڕۆژاوا بەسەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرهێنانی کارتی وزەیە لەدەست وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەکان، هەرلە دوای جەنگی عەرەب ئیسرائیل و گەمارۆی وڵاتانی عەرەبی بەرهەمهێنی نەوت بەسەر ئەوڵاتانەی کەهاوکاری ئیسرائیل بوون لەجەنگەکە ئەمەریکا بیری لەوەکردەوە کەکارتی وزە لەدەستی وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی و عەرەب بەتایبەت دەربهێنێت .
ئەم هەوڵەی ئەمەریکا بەچڕی لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی جۆبایدن بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەرکەوت و ڕاگەیاند ئەگەر سەربکەوێت ئەوا قۆناغ بەقۆناغ تا ساڵی 2050 کۆتایی بە ڕێژەی 75٪ ی بەرهەم هێنانی نەوت دەهێنێت و لەسەد ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی ئێستا وە کەم دەبێتەوە بۆ 25 ملیۆن بەرمیل.
بەرنامەکەی بریتییە لە تەرخان کردنی بودجەیەکی چەندین ترلیۆن دۆلاری بۆ بەرهەم هێنانی وزەی سەوز یا نوێ لەخۆروبا وە.دوای سەرکەوتنی جۆبایدن لەهەڵبژاردن سەرەتا دەستی بۆ نەوتی لمی ئەمریکا برد بەڵام پلانەکانی ئۆپێک پڵەس بەسەرۆکایەتی ڕووسیاو سعودیە پلانەکەی بایدنیان ڕاگرت.
بەبۆچوونی من هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسی - ئۆکراین ئامانجەکەی کۆتایی هێنانی هەژموونی وزەی ڕووسیا لەسەرئەوروپاو شکست پێهێنانی ڕووسیایە لە پشتیووانی ئۆپێک دژی ئەمریکا، دوای ساڵێک لەبەردەوامی جەنگەکە سەرەتاکانی سەرکەوتنی ئەمریکا دەرکەوتن بە بڕینی هەناردەی وزەی ڕووسی کە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو 200 ملیار مەترسێجا غاز کەڕووسیا ساڵانە هەناردەی ئەورووپای دەکرد.
لەئێستا دا وڵاتانی ئەوروپی گرنگی زۆر بەبەرهەم هێنانی وزەی سەوز دەدەن وەک جێگرەوەی وزەی نەوت وگازی ڕووسى، لە ساڵی ڕابردوو چەندین جار ئەمریکا داوای لە ڕێکخراوی ئۆپێک کرد نەوت زیارتر بەرهەم بهێنن بەڵام ئۆپێک وەڵامی ئەمەریکای بە نەخێردایەوە و و هەناردەیان زیاد نەکرد کەئامانجی ئەمەریکا ئەوەبوو کە ئۆپێک نەوت زیاترهەناردەبکەن و ئەورووپا پێویستی بەووزەی ڕووسی نەبێت بەڵام دواجار کۆتایی بەهەناردەی وزەی ڕووسی هات بۆ ئەورووپاو نرخی نەوتیش دابەزینی باشی بەخۆیەوە بینی کە گەشتە 139 دۆلار لە ساڵی ڕابردوو بەڵام ئێستا 81 دۆلارە.
کۆتایهێنان بەهەژموون وهەناردەی وزەی ڕووسی بۆئەورووپاو ئاڕاستەکردنی وزەی ڕووسی بۆ باکووری ئاسیاو بەتایبەت چین و هندستان وادەکات ڕووسیاو وزەکەی وەک نێچیرێک بکەوێتە بەردەست چین و هندستان و بەئارەزووی خۆیان نرخ بۆ وزەی ڕووسی دابنێن و ڕووسیا تووشی شکستی ئابووری گەورەبکەن. ڕووسیا ساڵانە 100 ملیاردۆلاری لە فرۆشتنی وزە بەئەورووپا دەست دەکەوت بەڵام ئێستا هیچ. لاوزکردنی ڕووسیاو لەڕووی ئابووری وجیۆپۆلەتیکی و ڕزگارکردنی ئەوروپا لەهەژموونی وزەو سیاسی ڕووسیاو هەنگاونانی ئەورووپیەکان بۆ بەرهەم هێنانی وزەی نوێ لەخۆرووبا وە بەڵگەو ئاماژەیی سەرکەوتنی ئەمریکایە بۆپلانەکەی لەئاییندە.
دوای سەرکەوتنی ئەمەریکا لەجەنگی ڕووسی ئۆکراین و قۆناغ بەقۆناغ بەرهەم هێنانی وزەی نوێ لەخۆرو باوە ئەوەمان پێدەڵێت کە لەئاییندە کۆتایی بەهەژموونی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست دێت و کارتی وزە لەدەستیان دەردەهێنێت و بەئارەزووی خۆی دەست دەبات بۆ تۆڵەکردنەوە و گۆڕانکاری سیستەمە سیاسەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێوویستی بەم وڵاتانە نامێنێت.
لە ساڵی 2003 لەکاتی ڕزگارکردنی ئێراق وەزارەتی بەرگری ئەمریکا توێژینەویەکیان بڵاوکردۆتەوە دەربارەی چارەنووسی شاری #کەرکووک# و دەڵێت نابێت کوردەکان داوای گەڕانەوەی کەرکووک بکەن بۆ سەرهەرێمی کوردستان چونکە ئێران و تورکیا ڕازی نابن و بەمەترسی بۆ سەرخۆیان دەیبینن بەوەی کە کورد لە باشوور لەڕووی ئابووری یەوە بەهێزدەبێت پشتیووانی پارچەکانی تردەکات لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان.
ئەمەریکیەکان نەخشەڕێگای چۆنییەتی هەڵسوکەوتیان بۆکورد دیاری کردووە لەگەڵ عەرەب و تورکمانی شاری کەرکووک، وەبۆ چارەنووسی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەرهەرێمی کوردستان ئەمەریکیەکان دەڵێن دەبێت کورد چاوەڕێ بکات تا ئێمە چارەنووسی ئێران و تورکیا دەخەینە لایەکەوەو هەڵیان دەوەشێنینەوە.
ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا مەترسی خۆی نەشاردەوە و لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە کەرکووک ئەردۆغان لیستی حزبەکەی لە پەڕڵەمانی تورکیا کۆکردەوەو وتی ئەم ڕووداوە ڕووداوێکی ئاسایی و ڕێکەوت نی یەو بەرنامە بۆداڕێژراوەو ڕۆژێک دێت یەخەی تورکیا دەگرێت و هەڵی دەوەشێنێت بەڵام ئێمە دەستەوەستان دانانشین و لەدەرەوەی سنوورەکان شەڕی مانەوەی خۆمان دەکەین.
بەبۆچوونی من ئەم ستراتیجەی ئەمەریکا قۆناغ بەقۆناغ دێتەدی و ڕۆژاوایەکان کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و ڕزگاریان دەبێت لەومەترسی یەی وزەی عەرەب کەهەموو چرکەیەک وەک بۆمبێک وایە بۆهەرس پێهێنانی ئابووری ڕووژئاوا .ئەمەریکا لەکۆتایدا دەیەوێت ڕزگاری بێت لە نەوت و جێگرەوەکەی پەیدابکات و ئاساییشی ئابووری وسیاسی خۆی وهاوپەیمانەکانی بپارێزێت.
لە ساڵی 2022بەشداریم کرد لەسیمینارێکی سێ کاتژمێری لە شاری #سلێمانی# کە مامۆستاکەی هۆڵەندی بوو، پرسیارم لێکرد لەهەڵوێستیان بەرانبەر کورد کەغازو نەوت مان هەیە و دەتوانین هاوکاربین بۆ ئەوروپا لەوەڵامدا مامۆستا هۆڵەندیەکە وتی پێش جەنگی ئۆکراین ئەورووپا 28 ساڵ پێویستی بەووزەی کوردهەبوو بەڵام جەنگی ئۆکراین پێویستییەکی کەمکردەوە بۆ پانزەساڵ و وتی دەبێت کورد ئاگای لەچارەنووسی خۆیبێت دوای ئەوەی ئێمە پێویستیمان بەوزەکەی نامێنێت.
لەکاتی سەرکەوتنی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لەم ستراتیجە بەبۆچوونی من نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان نەخشەیەکی نوێی جیۆپۆلەتیکی دادەڕێژنەوە کەسەری هەموو ئەو وڵاتانەدەخوات کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوون لەڕابردوو. [1]