ناونیشانی بابەت: #هەڵەبجە# لە وتاری ئێرانشارییەکاندا
ئامادەکردن: #ئاراس ڕۆژهەڵاتی#
“بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کارەساتی هەڵەبجە”
یەکێک لەو خاڵە گرینگانەی ئێمە لەدەرەوەی بازنەی شینگێڕی و لاواندنەوەوە دەبێت بە نیسبەت هەڵەبجەوە هەڵوێستەی لەسەر بکەین، پێگە و پێناسە و دەلالەتێکە کە لەلایەن داگیرکەران یان باشتر وایە بڵێم چەوسێنەران و کۆلۆنیالیستەکانی کوردستانەوە دەدرێت بە کارەساتە نەتەوەیی و کۆییەکانی ئێمەی کورد. خودی هەڵوێست و پێناسەکردنی ئەوان لەسەر بابەتێکی ئاوەها لەژێر ناوی کارەسات و کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن و…هتد. پێناسە بکرێت لە یەک ئاندا دەرخەری دوو لایەنە لە تێڕوانینی ئەواندا. یەکەم ئەوەی کە ئەوان هەرگیز هەڵەبجە وەکوو کارەسات چاو لێ ناکەن و نەیانکردووه، بەڵکوو وەکوو ڕووداوێکی ئاسایی شەڕی هەشت ساڵەی خۆیان بینیویانە و واش پێناسەیان کردووە. هەڵبەت ئەمە نەک بە و مانایەی کە ئەوان نەزانن و باوەڕیان بەمە نەبێت کە ئەو شتەی لە هەڵەبجەدا ڕووی دا کارەسات بووە، بەڵکوو تێڕوانینی ئەمنی و ئاساییشی نیشتمانیان ئەو پێناسە و دەلالەتانە دیاری دەکات، واتە لەدەرەوەی بازنەی سۆز و عاتیفەی ئینسانییەوە چاو لە هەڵەبجە دەکەن، ئێرانییەکان هیچ کات تا ئێستەش نەیانوتووە کە سەدام کوردی وەکوو نەتەوەیەک یان تەنانەت ئیتنیکێکی جیاواز کۆمەڵکوژ کردووە، بەڵکوو وتوویانە و دەیڵێنەوە کە سەدام خەڵکەکەی خۆی لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژ کرد، و ئەم تێڕوانینە لە هەموو ئاستە میدیایی و مێژوویی و بیرەوەرییەکانی جەنگ و وتار و شیکاریی ڕۆشنبیرانی بەڕواڵەت دیموکرات و سەربەخۆشیاندا دەبینرێت.
ئەم لایەنە دەبێت لە وەهمی ئەوە دەرمان بهێنێت کە چەوسێنەرانی کورد هەڵەبجە وەکوو قەوارەیەکی کوردستانی و کوردیی چاو لێ ناکەن، و دەبێ لەسەر ئەمە وشیارمان بکاتەوە کە ئەوان لە ناو کایەی یاسایەک هەڵسوکەوت دەکەن و دەلالەتە ماناییەکانی وتاری خۆیان بەرهەم دەهێنن کە لە هەر جۆرە سۆزێکی مرۆیی و دەرەوەستییەکی ئەخلاقی و ئینسانی بەتاڵە، ئەگەریش کۆمەڵێک دیمەن و بیرەوەریمان لە یارمەتیدانی ئێرانییەکان لە کاتی کیمیابارانکردن و ڕەودا هەیە یەک هۆکاری سەرەکیی هەبووە ئەویش بەبرەندکردنی کارەسات و پیشاندانی ڕۆڵی فریاگوزارانەی نومایشیی خۆی لە ئاستی میدیاکانی جیهاندا. لەلایەنی دووەمدا ئەم جۆرە لە بەرهەمهێنانی مانا و دیاریکردنی دەلالەت بناغە و جەوهەری وتاری دژە ئەویدییە ئێرانشارییەکانمان بۆ دەردەخەن. وتارێک کە نەک تەنیا ئەفغانستان و تاجیکستان و کوردستان و بەشێک لە ڕووسیا بەڵکوو بەحرەینیش بە هی خۆی دەزانێت و پێی وایە سەردەمێک لەژێر کۆنترۆڵی و دەسەڵاتی پڕ لێبووردنی ئەوادا بوون و ئێستە لە نیشتمان دابڕاون، واتە بە نۆستالۆژیایەک دەژی کە هەر دەم تووشی هیستریا و ماخۆلیایەکی دەکات، کە ئەگەری ئەوەی شەڕی ناوچەیی لە کاتە هەستیارەکاندا لێ بکەوێتەوە پووچەڵ ناکاتەوە.
بە پێچەوانەی ئەوەی کە لەگەڵ باسکردنی نۆستالۆژیا بۆ دەسەڵات ئێمە ناوی تورکیا و خەونبینینی بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیمان بە بیر دێتەوە ئەمە بۆ ئێران و هەموو دەوڵەتەکانی کە تا ئێستە هاتوونەتەوە سەر کار و بۆ ئێراق و هەموو دەوڵەتەکانی و بۆ تورکیا و سووریاش بەهەمان شێوە بە ڕاست دەگەڕێت. کەواتە هەڵوێستی مەعریفی و سیستەمی و وتاری بەرهەمهێنانی مانایی و دیاریکردنی دەلالەت ئەم دوو لایەنە واتە پێناسەیان بۆ ئێمە (ئەویدی) هەڵەبجە دەردەخەن و هەروەها پێناسەشیان بۆ خۆیان (خود) وەدیار دەخەن. لێرەدا ئەوەی کە گرینگە وردبوونەوە و دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگەی میدیا و کایەکانێتی. یەکێک لەو پرسیارانەی کە ساڵانی پێشوو بە حەق هەندێ لەو کوردانەی وا بەشدارییان لە کۆڕی ماتەمینی و ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی هەڵەبجەدا دەکرد ئەمە بوو کە ساڵانە بە شێوەی ڕەمزی تاجەگوڵینە بۆ سەر گڵگۆی قوربانیانی هەڵەبجە دەبرێت بەڵام بۆچی ئەم تاجەگوڵینەیە تەنیا لەلایەن کوردانەوە واتە کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە دەنێردرێت؟. خود ئەم پرسیارە کە پانزە ساڵ پێش ئێستە کراوە دەرخەری ئەو دووفاقێتی و کایەیە کە لە ناو زاکیرە و دەروون و خەیاڵدانی ئێرانییەکان واتە فارسەکان و فارستەوەرەکاندا هەیە.
بەڵام ئایا وەڵامێک بیستراوە تاکوو ئیستە؟ بێگومان نەخێر. هەڵەبجە لە باشترین حاڵەتیدا و لە لای نووسەران و شاعیران و ئەدیبانی بەناو سەربەخۆی دەرەوەی دەسەڵاتی ئێران لە پلەی توخمێکی ئەدەبی و ڕەمزێکی کارەساتاویی بۆ شیعر و پلەن و دیمەنێک بۆ فیلمێکی سینەمایی مەبەستدار دەرکەوتووە. ئەمەش تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە چون کوردن وا پشتگوێی دەخەن و یان دەلالەتێکی تایبەت و ئامانجداری بۆ وتاری خۆیان لێ بەرهەم دەهێنن، بەڵکوو هەر وەکوو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا بۆ هەر ئەویدییەک کە لەدەرەوەی بازنەی فارسیزم و زمان و ئاڵای فارسدا بێت هەمان شتە واتە دژەئەویدیبوون و ڕەتکردنەوەی ئەویدی. ئەم تێڕوانینە بۆ هەڵەبجە و باشووری کوردستان لە هەموو ئەو فیلمانە بە بێ جیاوازی و هەڵاواردن دەرکەوتووە لەوانە فیلمەکانی کانی مانگا، هێرش بۆ سەر ئێچ سێ، گوڵەکان و گوللەکان، ئەویندار، بووکی هەڵەبجە، حیکایەتی خۆشەویستی و…هتد.
شتێک کە پەیوەستە بەم بابەتەوە و زۆرێک لە دۆستان و برا و خوشکانمان لە باشوورەوە لێیانەوە دیار نییە ئەمەیە کە هەڵەبجە بۆ ئەوان بە پلەی یەکەم شارێکی ئێراقییە و ئەوکاتیش کە پێش شانزەی سێ هاتنە ناوی تەنیا بۆ خۆشەویستی کەربەلا و نەجەف و ڕێگایەک کە دەشیت لەوێوە بڕواتەوە خاکی پیرۆزی شیعەکان هاتوون نەک ئینساندۆستی یان شتێ لەو بابەتە ئەوانەی ئۆپەراسیۆنی فەجری (ده) و هاتنی سوپای پاسدارانیان بۆ ئەوێ بە بیر بێت، دەزانن کە سوپا لەوەێ چۆن جووڵاوەتەوە، ڕەنگە مە عریفەیەک کە مامۆستا “شێرکۆ بێکەس” پێش لە یەک دەیە زیاتر لە دەربەندی پەپوولەدا بەرهەمی هێنابێت هێشتا زۆر قووڵتر و پڕتر و ژیرانەتر بێت لەو هەموو شیکارییە بێناوەرۆک و ڕێوڕەسمە نەزۆکانەی کە لەسەر هەڵەبجە و یادکردنەوەکانییدا بەرهەم دێت. مامۆستا بێکەس لە “دەربەندی پەپوولە”دا دەڵێت:
لە تاقە ڕاستە شەقامی ئەم لەشە سارد و سڕەدا
چاوی زەقم بڕی بۆ پاسدارێکی ڕیش نوورانی
بەسەر منی هەڵەبجەوە ئەگریا و کەچی خێرا خێراش دەستی ئەکرد بە گیرفانەکانییدا و لە دەنکە مێوژی گلێنەکانی #سنە# و سابڵاخی ئەخوارد
ئەمە بوو حیکایەتی شانزەی مارس
ئەمە بوو هاواری خنکاوی ئەم سینگەم…
لە ڕاستیدا ئەم تێڕوانینە ئاوێنەی باڵانوێنی نەک هێزی سوپا و پاسدارانی بەڕوالەت ڕیش نوورانییه، بەڵکوو پیشاندەری سەدان ساڵ ڕەفتاری ئێرانییەکان لەگەڵ کورد و هەر غەیری فارسێک بووە!. [1]