ئەوەی ڕەزەکی هەبی لە نیشاوێ، جۆخینەکی هەیە لە شیناوێ
لە ناوچەی خۆشناوەتیدا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (ئەوەی ڕەزەکی هەبی لە نیشاوێ، جۆخینەکی هەیە لە شیناوێ) ، ڕەزی خۆشناوەتی زۆربەی ڕەزە تڕێ بووە، ئەوەی بە ترێی فرۆشراوە دەنا ئەوی تریان وشک کردۆتەوە و کراوە بە (مێوژ) ، ئەو مێوژەیان بردووە بۆ پێدەشتەکانی #قەراج# و #شەمامک# و #کەندێناوە# و #دزەیی# و #کۆیە# و #باڵەکایەتی# و #بیتوێن# ، بە ئاڵشت گۆڕینەوەیان بەدانەوێڵەی پێکردووە، لە (#کونەفلوسە# ) ەوە بردوویانە بۆ (چێرەبەشه ) ی شارۆچکەی (#قوشتەپە# ) .
نیشاوێ: گەرییەکە لە ڕۆژاوایی دۆڵی #بالیسان# ێ ئاوڕێژگەی لوتکەی کڵاوقاسمی دەڕژێتێ، ئەو لاپاڵە لەبارە بۆ ڕەز و ڕەزی باشی لێ ڕسکاوە لە خۆشناوەتیدا بەتایبەت دۆڵی #نازەنین# دەوترێت: ڕەز تا لەبەرزایی و گەری عاسێ بێت بەروبوومەکەی باشتر دەبێت.
شیناوێ: گوندێکە لە شارەدێی #قەسرێ# ی باڵەکایەتی زەوی بەپیت و بەرەکەتی هەیە بۆ دانەوێلە چاندنێ و هەروەها ناوی گوندێکیشە لە #پیرانشار# ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەرۆکی ئەو ئیدیۆمە بۆ ئاڵشتی مێوژی ڕەزە ترێی نیشاوێ و دانەوێلەی جۆخینی گوندی شیناوێیە، بۆ ئەوە نوکتەیەکی دەشتەکییەکانی #هەولێر# و خۆشناوەتی بە نموونە دەهێنمەوە دەڵێن: خۆشناوێک بە دێوەرەیی دەچێتە دەشتی هەولێر و باری کەرەکەی پڕ دەبێت لە (مێوژ) و دەیەوێت بە ئاڵشت بە دانەوێڵەی گەنمی بگۆڕێتەوە، لەسەر جۆخینەکی تووشی کابرایەکی دەشتەکی دەبێت، کە خەریکی شەن و کەوی خەرمانەکەیەتی و شەنەبای خۆی بۆ دەکات، دوای سڵاو و ماندوو نەبوون، کابرای دەشتەکی دەڵێت: چیت پێیە؟ ئەویش دەڵێت: مێوژ، سەپانە دەشتەکییەکە سەیری تێڕکەکە دەکات و هەندیک لە مێوژەکە دەخاتە زارییەوە، زۆر شیرین و بەتام دەبێت لەو دێمەکارییە کاکی بە کاکییەی هەولێرێ، زۆری پێ خۆش دەبێت و دەڵێت: ئەوە چۆن بەرهەمتان هێناوە؟ دێوەرەی خۆشناو هەندێک زۆرزان دەبێت و دەڵێت: وەکوو ئەو گەنمەی کە تۆ شەنەی دەکەی ئێمەش مێوەکەمان چاندووە و دروێنەمان کردووە و بە کەرێ گێرەمان کردووە و بەباکراوە و بووە بە و مێوژەی بەردەمت، کابرای دەشتەکیش لەبەر بەتامی و شیرینی مێوژەکەی دەڵێت: خۆزگەم بەکەری خۆشناوان.
لە و ئیدیۆمەی خۆشناوەتیش (ڕەز و جۆخین) لە دوو شوێن بەراورد کراون ئەوانیش گەری نیشاوێی خۆراوای بالیسان و لوتکەی کڵاوقاسم، لەگەڵ گوندی شیناوێی پڕ دەغل و دان و زەوی بەپیتی ناوچەی باڵەکایەتی، ڕەزە ترێی نیشاوێ بکرێتە (مێوژ) لە زستانێدا یەک (#خەرمان# ، #جۆخین# ) دانەوێلەی شیناوێی پێ دەکڕدرێت، بۆیە لە خۆشناوەتیدا وتراوە: ئەوەی ڕەزەکی هەبی لە نیشاوێ، جۆخینەکی هەیە لە شیناوێ. [1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 122 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!