زنجیرەی وشە نوێیەکانی قۆناغی نوێی نووسینی کوردی (1898 تا دەیەی حەفتای سەدەی بیستەم)
ئەڵقەی یەکەم:
هەوڵ دەدەم هێندێک لەو سەدان وشەیە بخەمە ڕوو کە سەد ساڵی ڕابردوو ساز کراون بەڵام قۆناغ بە قۆناغ بەخۆداهاتن و نۆژەنبوونەوەی ڕێنووسی کوردی وای کردووە هەتا ئێستەش بە چەند شێوە بنووسرێن و ڕاستیی چۆنەتی و مەبەستی سازکرانیان ون ببێت. هیوادارم بە هەموومان بتوانین ئەو باری پاشاگەردانییە لەسەر زمانە شیرینەکەمان سووک بکەین.
=KTML_Bold=چیرۆکی وشەی 'پەرتووک' و 'پەرتووکخانە'=KTML_End=
ئەم وشەیە کە ئەمڕۆ بە چەند شێوە دەنووسرێت: پەڕتووک، پەڕتوک، پەڕتۆک، پرتۆک، پرتووک، پڕتوک، پەرتووک. تا ئێستا چەند لێکدانەوەی جیاوازی وشەکەم دیتوون کە وای بە بەرژەوەند دەزانم دوو سێ دانەیان بیر بێنمەوە. د. محەمەد نووری عارف کاتی خۆی وا بۆ وشەکە چووبوو کە پەڕتووک بێت و و پێی وا بوو ئەوە هەر هەمان وشەی 'فرتوت' (= فەڕتووت ← پەڕپووت) بێت کە زوو لە شیعری کلاسیکدا هاتووە. بە قسەی وی، وشەکە دوو بڕگەیە و لە پەڕ + تووک ساز کراوە. چونکە ئەم دوو بڕگەیە کەرەستەی کاری هەلاجین، پێی باش بوو پەڕتووکخانە بۆ دووکانی هەلاجی بە کار بهێنرێت، نەک بۆ کتێبخانە.
لێکدانەوەی تر، بۆ نموونە، وشەکە بە شێوەنووسیی پەڕتووک لەگەڵ وشەی پەڕاو پێک دەگرن و وای لێک دەدەنەوە کە کەرتی یەکەمی وشەکە پەڕ بێت وەک لە وشەی 'پەڕاو'دا یان دەیبەنەوە سەر وشەی 'پرتو (= پەڕتۆ/ پەڕتوو | دەنگۆڕکەی 'ۆ' و 'وو') ی بە مانای تیرۆژ (= تیشکی ڕۆژ). ئەمانە هیچیان لەگەڵ مەبەستی وشەکە نایەنەوە.
=KTML_Bold=ئەی ڕاستییەکەی چییە؟=KTML_End=
سەد و شتێک ساڵ پێش ئێستا (2023) کە نووسەرانی کورد لێیان بوو بە پێشبڕکەی بە کوردیی پەتی نووسین ئەم وشەیە لەگەڵ زۆر وشەی تر پەیدا بوون. ئەوسا کە کاغەزێک، ئاگادارینامەیەک بڵاو دەکرایەوە وشەی نەشر (بە شێوەی: نشر) بە کار دەهێنرا. دوای ئەوە وشەی پەرت شوێنی نەشری گرتەوە. پەرت واتە بڵاو. پەرتکردن واتە بڵاوکردنەوە. ئیتر وردەوردە نەشرکردن تێدا چوو و تا وای لێ هات یەکجاری بوو بە پەرتکردن. وشەی پەرتووک لە چاوگی پەرتکردن ساز کرا:
پەرتکردن: نەشرکردن.
پەرتووک: هەر شتێک کە بڵاو بووبێتەوە؛ مەنشوور (= منشور).
دوای ئەوە ڕۆژنامەی ڕیا تەزە [1931ز] چونکە کتێب و بڵاوکراوەی ئێرەیان پێ نەدەگەیشت، ئەوانیش وشەیەکیان بۆ کتێب ساز کرد. ئەوانیش دەستەگوڵی خۆیان لێ دا و وشەی براڤۆکیان بە مانای کتێب کەوتە دنیای نووسینی کوردییەوە.
براڤ: بلاڤ (لە ڕواندزێ برا و هەیە، بە واتای بڵاو. بۆ بەراورد، لە وشەی وەرام و وەڵام ورد ببنەوە.)
دیارە ئەمڕۆ پەرت، پەرتبوون و پەرتکردن بەو مانای نەشر و مەنشووری دنیای نووسینە چیتر بە کار نایەن، بەڵام بە واتای بڵاو، بڵاوبوونەوە و بڵاوکردنەوە هێشتا لە کوردیدا هەر ماون. جاران دەیانگوت، بیرم پەرتە، دڵم پەرتە، زەینم پەرت بوو، خەیاڵی پەرت کردم، و هەروەها لە وشەی لێکدراو: بیرپەرت (= بیربڵاو) و خەیاڵپەرت (= خەیاڵبڵاو) و ئیدی هێشتا هەر بە زارانەوەن.
وشەیەکی تر هەیە پێم باشە ئەویش بخەمە ڕوو: پەرتوک (بە یەک 'و') ، ئەمەیان لە کوردیدا هەیە و بە واتای بەشی هەرە بچووک دێت. کە شتێک دەکەیتە چەند بەش، کێها بەش لە گشتیان بچووکترە ئەویان دەبێتە پەرتوک.
پەرتووک (بە ڕی سووک): کتێب.
پەرتووکخانە (بە ڕی سووک): کتێبخانە.
پەرتوک (بە یەک 'و'): بەشی هەرە بچووک لە دابەشیندا.
زیاد ئەسعەدزیاد ئەسعەد
07-03-2023 [1]