ناونیشانی بابەت: ئەرک و ماف، لە تەرازووی ناڕەزایی و بایکۆتکردندا
ئامادەکردن و نووسین: #ڕەئوف ئالانی#
(دەسەڵات مافەکان نادات و نایسەلمێنێت، بەبێ ئەوەی داوای لێبکرێت و فشاری لێبکەیت، وەک چۆن ئەم کارەی نەکردووە و هەرگیز نایکات-فرێدریک دۆگلاس)
هەموو مرۆڤێک کاتێک ئەرکێکی پێدەسپێردرێت لە بەرانبەر ئەو ئەرکە مافی بۆ دیاریدەکریت، بەپێی ئەرکەکە مافەکەشی گۆڕانی بەسەردادێت.
لەم هەرێمی کوردستانەی کە تەمەنی حوکمڕانییەکەی سی و دوو ساڵە، زۆر قۆناغی سەخت و ناخۆش و ئاستەنگی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی هاتوونەتە بەردەم حکومەت و خەڵکەکەی، هەندێکیان دەرەکی بوون، کە لەدەرەوەی هەرێم کاریان بۆکراوە، ئەتوانم بڵێم تەڵە و داوی ڕاوچی ئاسایانە کە بکەرەکانی دوژمنانی کورد پێی هەستاوون، ئەنجامەکەشی زیانی گەورەی بۆ خەڵک و سوودەکەشی بۆ بکەرەکان بووە، بەشێکیشیان ناوخۆیی و بەهۆی نەزانی و بێپلانی و دەستوەردان و بەرژەوەندپەرستی کەس و لایەنە دەسەڵاتدار و حیزبە حوکمڕانەکانەوە کراوە و ڕوویانداوە.
شێوازی حوکمڕانی نادادپەروەر و قۆرخکاری هەموو جومگە سەرەکییەکانی ژیان و بەکارهێنانی پۆست و پلە بۆ بەرژەوەندی کەسی لەم هەرێمەدا وایکردووە، هیچ تاکێکی ئاسایی هەست بەئارامی دەروونی خۆی نەکات، بگرە ئەو هەستەی بەرانبەر خاک و نیشتمان هەیان بووە لە پێشوودا بگۆڕێت بۆڕق و بێمەیلی و نەمانی خۆشەویستی و سۆز.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت و سامانی سرووشتی ئەم هەرێمە و پەیدابوونی داعش و پەلاماردانی ئەو هێزە توندڕەو و تیرۆریستە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، قەیرانی دارایی سەریهەڵدا و خەڵک ماندووکرا بەهۆی بێپلانی و نەزانینی حوکمڕانی و ئیدارەدان، لەو سەر و بەندەدا چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین بەگشتی و توێژی مامۆستانیان بەتایبەتیی خۆپیشاندانیان بردە سەرشەقام و پاشان بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، چونکە لە بەرانبەر ئەرکەکانیان مافەکانیان نەدەدرایە و پێشێلدەکرا.
دوابەدوای ئەو هەموو کارەساتە ڤایرۆسی کۆڕۆناش یەخەی جیهان و ئەم هەرێمەشی گرت، لەوکات و ساتانەدا حکومەت دەستیکرد بەلێبڕین و پاشەکەوتی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم و بارگرانی و ژیانی سەخت و کولەمەرگی پێشکەشی خەڵکەکەی خۆیکرد.
لەمسەر و بەندەی ئێستاشدا کە بە بڕیاری دادگای پاریس لەسەر سکاڵای حکومەتی ناوەندی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ و بێڕەزامەندی ناوەند قەدەغەکراو ڕاگیرا، حکومەتی هەرێم ناچار بەڕێکەوتن کرا لەگەڵ ناوەند، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنەکە و دەنگنەدان لەسەر یاسای بودجە و یەکتر تۆمەتبارکردن لەلایەن هەرێم و ناوەندەوە، وەک پێویست بڕی داهاتی دیاریکراوی هەرێم نەنێردراوە، لەم کاتەشدا ئەوەی زیانی زۆری بەردەکەوێت خەڵکی هەرێم بەگشتی و مووچە خۆرانن بەتایبەتی.
چەند ڕۆژیکی کەمی ماوە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی 7 و 8ی دابەش نەکردووە، دەنگۆی بەربڵاوی ناڕەزایەتی و بایکۆتی دەوامی مامۆستان هەیە کە تا کاتی کردنەوەی کار مووچە نەدرێت، ئەوانیش هەڵوێست وەردەگرن.
ئەوەی بووەتە مایەی خەم و بێزاری خەڵک لەم دەسەڵاتەی هەرێم، بێمنەتی و نەخوێندنەوەی ئەو هەموو داوا و ڕەخنە و ناڕەزایەتییەیە، بەڵام خۆیان و منداڵەکانیان و کۆمپانیاکانیان مێش میوانیان نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەوڵەمەندتر ئەبن لەسەر حسابی خەڵک، دڵنیام بەم کارانەشیان جامی ڕقی خەڵک زیاتر پڕدەکەن، کە ڕژا لافاو خۆیان دەبات، بەو هیوایەم نەگاتە ئەوڕۆژە و بەخۆیاندا بچنەوە.
ستەمکردن لەخەڵک بەگشتی و مووچە خۆران بەتایبەتیی دەرخەری نادادی دەسەڵاتی خۆسەپێنە، بۆیە دەڵێم خۆسەپێن لەم هەرێمە هیچ مانایەک بۆ ئازادی و دیمۆکراسی و هەڵبژاردن نەماوەتەوە، چونکە هەموو ئەوانە تەنیا وشەن و ناچنە ناوخانە و ڕەفەکانی خۆیانەوە، ئەم چەند وتار و ناڕێکی و ناتەباییەی هێزە دەسەڵاتدارەکان درز و کەلەبەر و تەنانەت دەلاقەی گەورەی درووستکردووە، لە بەردەم نەیارانی کورددا، بۆیە ئەوانیش هیچ مافێک بەم هەرێمە بەڕەوانابینن کەپێی بدەن، دڵنیام ئەوانەی جاران دۆستی کوردبوون ئەوانیش پشتیان تێکردووین و لەگەڵمان نین، بەهۆی سیاسەتە هەڵە و پڕخەوشەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، لە داهاتوودا ئەوانە باشتر بۆ هەموومان ڕوون دەبنەوە.
لەمسەر و بەندەی بێڕێزیکردن بە مووچە خۆران و پێنەدانی مافەکانیان، ناکرێت هەموو کار و کردەوەیەک بەدڵی ئەوان بێت، بۆیە دەکرێ هەڵوێستەیەک بکەین و ئەونا هەقی و ستەمە بوەستێنین، بەوانەی ئەم هەرێمەیان گەیاند بەم ڕۆژە ڕەشە بڵێین: ئاغاکانی ناو دیواخانە کۆشک بلوورییەکان، فەرموون ئێوەش کەمێ قوربانی بە سامانەکانتان بدەن و بیدەن بەخەڵک، وەک چۆن خەڵک زیاد لەسێ دەیەیە، بە هەموو جۆرێک قوربانی بۆ ئێوە دەدات، بۆ ئەم داوایەشم ئەزانم مێش میوانتان نییە، ببینن زۆر لە ستەمکارەکانی دەوروبەرمان بەرشاڵاوی تووڕەیی خەڵک کەوتن و هیچ فریایان نەکەوت، وتوویانە هەق ئەسەنرێ و نادرێ، زوو ئەوانەی ژیرانەتر مامەڵەیان لەگەڵ ئەزموونەکان و ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیان کردبوو، وتیان دوای سەدامیش خراپتر ڕوودەدات، هەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایە، هەر بۆیە وتارەکەم بە وتەیەکی (ڕۆبێرت فرۆست) کۆتایی پێدەهێنم کە دەڵێت: (پێم وایە مافی سرووشتی مرۆڤە کە بە شێوازی ئاسایی خۆی بژی کە ئەویش وەک دۆزەخە) . [1]