مێژووی ئەوین و بۆنی مێخەک و
ژوانی ئەوینداران بوو
ئێستا ئەوین هەڵدێ و
ژوان تیرۆر دەکرێ
ئەوین شێت شێت ڕێگای بزرکردووە.
کێیە ئەوە؟ هەنگەکانی ناچارکرد
لە باخچەی گوڵە ژاکاوەکانی شار
هەنگوینتان بۆ بکاتە کوپەی ساڵەوە؟
ئەوە چەندین ساڵە
درەختەکانی باخی گشتی
چۆلەکەکانی بە خەمێکی غوباراوییەوە
ڕاو دەنرێنە سەر تەلی کارەباکان
بەرەو کەوتنە خوارەوەیەکی ساردەوەبوو
سلێمانی ڕابمێنە، سەرنج بدە.
ئەمڕۆ هێندە جوانی
هەر باران دەتوانێ بەو پاکییە
بەقووڵایی جەستەتدا
بێتە خوارێ.
ئێستا سلێمانی
دەمی ئاسکێکی تینووە
کە لە کەنارێکی جەمسەری سەرابێکەوە
گەرووی تەڕدەکات .
بێ هوودە
لە شەوی یەڵدادا
چاوەڕوانی کامڵ دەبێ
بەدیار ڕووناکی
قووتیلەی شەوەزەنگەوە
سلێمانی ئێستا
ماسییەکی ماندووی تینووە
کە لە حەوزە پڕ
لە قەوزەکەی سەرچنار
مەلە دەکات.
سلێمانی ئێستا
لە گەروویدا دەنگی تەور دێ
بەشان و باڵای دارسنەوبەرەکانی دەباشان و
لاجانگی داربەڕووەکانی
گڵەزەردەوە دێتەخوارێ
ئای لەو هەموو گوڵە پەژمووردانەی
کە بە لقەکانی باخی گشتییەوەن و
بۆن ناکرێن
ئەو کاتەی هەر چوار وەرز
دەستی یەکیان دەگرت و
سەمایان دەکرد
ئێستا دەنگی گوللە و
ژاوەژاوی نا ئومێدی
هەموو کوچە تەسکەکان و
شەقامەکانی
شاری تەنیوە.
نووسەر: #پەری شێخ ساڵح# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=