شاهۆ عەبدوڵڵا
سەرباری ئەوەی #بەنداوی بێخمە# بە کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لە ئێراق و هەرێم دادەدنرێت، بەڵام بە چەند هۆکارێکی دەرەکی و ناوخۆیی چەند دەیەیە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژەیە پەکخراوە.
لە ئێستادا پرسى گەرمى ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەت لە ئێراق سامانى ئاوە... ڕێڕو و ئاڕاستەى مەترسییەکانى سەر ئەو سامانە هێندە خێران لەهێلى سور نزیک دەبێتەوە، نیشانە مەترسیدارەکانى سەر ئەو سامانە گرنگە بە ئاشکرا دەرکەوتوون و دڵەڕاوکێیەکى گەورەیان ناوەتەوە لە ناوچەکەدا وەک دەوترێت شەڕى ئەم سەدەیە لەسەر ئاوە.
نەفرەتى ژینگە یاخود بێ ئاوى لە دەرگاى ئێراقى داوە، مەترسی و پریشکى زیانەکانیشى بەر هەرێمى کوردستان دەکەوێت، کۆچ و گۆڕینى دیمۆگرافیا وەک دوو مەترسیدارترین فاکتەرى ئەو قەیرانە دادەنرێت، کە هەرێمى کوردستان زیانمەندى سەرەکى دەبێت لەو قەیرانانە.
ئەگەرچى بە بۆچوونى شارەزایان، هەرێم و ئێراق ڕێگاچارەى گونجاویان لەبەردەستەو پیان وایە تەواوکردنى کارەکانى بەنداوى بێخمە دەبێتە کلیلى چارەسەرى قەیرانەکە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارەش داگیرکەرانى خاکى کوردستان بە پاڵپشتى لایەنى ناوخۆیی، چارەسەرەکان بەدەردى پرسى سەربەخۆى کورد و سامانى نەوتى بەرن.
مێژوو هۆکارەکانى تەواو نەکردنى کارەکانى بەنداوى بێخمە
ئەگەر چیی لەسییەکانى سەدەى ڕابردوودا، و لە ساڵى 1937 ڕووپێوی درووستکردنی بەنداوی بێخمە کراوە، بەڵام لە ساڵی 1953 لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە ئەندازیارانی کۆمپانیای ئەندازیاری ھزرا (ئێم دەبڵیوو ئێچ) ی ئەمریکی دەستکرا بە توێژینەوە و ھەڵسەنگاندنی سیفاتی جیۆلۆجیی خاکەکەی و ڕادەی شیاوی ئەو ناوچەیە بۆ درووستکردنی بەنداوەکە و دواتر لە ساڵی (1979) کۆمپانیایەکی ژاپۆنی کاری پشکنین و جیۆلۆجی و ڕوپێوی زەوییەکەى دووبارەکردەوە و دیزاینى بۆ ئەنجامدرا، دواتر قۆناغى یەکەمى پڕۆژەکە درا بەهەردوو کۆمپانیاى ئەنکاى تورکى و هایدرۆگرافینیاى یوگسلافى و لە سەدا 35 بۆ سەدا 45 ى قۆناغى یەکەمى کارى بەنداوەکە تەواوبوو بەڵام لە حوزەیرانى 1991 و بەهۆى شەڕى دووەمى کەنداو و ڕاپەڕینى گەلى باشوورى کوردستان کارکردن لە بەنداوەکە وەستا.
هەرچەندە لەدواى ڕووخانى ڕژێمى سەدام چەند جارێک هەوڵدرا کارەکانى بەنداوە کۆتایی پێبهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵى 2005 بڕى 3 ملیار دۆلار و ساڵى 2007 بڕى تێچووەکەى بەرزکرایەوە بۆ پێنج ملیار دۆلار بەڵام بەهۆکارى سیاسى و دور لە هەموو ئاستەنگێکى تەکنیکى نەهێڵرا کارەکانى بەنداوەکە تەواو بکرێت
مەبەست و تواناى بەنداوى بێخمە
بەنداوى بێخمە دەکەوێتە سەر زێی گەورە لە شارەدێى خەلیفان بەدوورى 50 کیلۆمەتر لە شارى هەولێرەوە، سەرچاوەى ئاوى بەنداوەکە (58%) لەخاکى کوردستان و (42%) لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت، بەرزى بەنداوەکە (230) مەتر بەرزە و درێژییەکەشى (480) مەترە. تواناى گلدانەوەى ئاوى بە قەبارەی (17) کیلۆمەتری سێجایە، کە ڕووبەری ڕووەکەی دەگەیشتە 100 کیلۆمەتری چوارگۆشە.
سێ ئەوەندەى بەنداوی دوکان و شەش ئەوەندەى بەنداوی دەربەندیخان و ئەوەندەو نیوێک بەرانبەر بە بەنداوى موسڵە، ئامانج لە درووستکردنی بەنداوەکە بەرهەمهێنانی (1500) مێگاوات کارەبا و ڕێکخستن و ڕێگری لە درووست بوونی لافاو بوو، تواناى بەرهەهێنانى کارەباى دەکاتە نیوەى ئەو بڕە کارەبایەیی هەرێم پێویستى پێیەتى.
لەئێستادا هیچ بەنداوێک لە ئێراق توانای گلدانەوەی ئەو بڕە ئاوەیان نییە، هەرێمی کوردستان بە هەرسێ بەنداوی دهۆک ودەربەندیخان و دوکان توانای گلدانەوەی (7بۆ8) ملیارمتر سێجایان هەیە، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە (10) ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەنداوی بێخمە توانای گلدانەوەی 17 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە کە بەهۆیەوە 1 ملیۆن دۆنم زەوی بەراو دەکات جگە لەوەی ناوچەکەی دەکردە شوێنێکی گەشتیاری دڵگیر.
چارەنووسى بەنداوى بێخمە دواى ڕاپەڕین
تاڵەبانی و بارزانی سەوداو مامەڵەی بەنداوی بێخمەیان لەگەڵ عومەر ئاغای برای حسێن ئاغا کرد، بەبەهای دوو ملیۆن دیناری سویسری بەرانبەر بەبەهاى 175 ملیۆن دۆلار فرۆشتیانە عومەر ئاغای برای حسێن ئاغا. عومەر ئاغاش هەمووی ئاودیوی ئێران کرد و حەفت ملیۆن دیناری سویسری دەست کەوت. واتا لەو مامەڵەیەدا عومەر ئاغا پێنج ملیۆن دیناری سویسری قازانج کرد.
ئێران مەبەستى ئەو کەرەست و ئامێرە پێشکەوتووانە دەست بخات کە لەبێخەمەدا کاریان پێکرا، دواى تێپەڕبوونى چەندین ساڵ دەرکەوت هەر خودى ئێران بەو ئامێرانە چەندین بەنداوى درووستکردووە، لە ئێستاشدا هەرێمى کوردستان لەژێر ڕەحمەتى بەنداوەکانى ئێرانە و هەرکات بیەوێت ئاو وەک کارتێکى سیاسى بەکاردەهێنێت، لەم ساڵەنەى دواییشدا ئەوەمان بینى، ئەم تاڵانکردنەى بەنداوەکە، ناوی لێنرا (تاڵانکردنى بێخمە) .
هەوڵەکان بۆ دووبارە کارکردن لە بەنداوى بێخمە
لەلایەکی تر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە دوای درووستبوونەوەی حکوومەتی ئێراق لە 2003 تا 2008 حکوومەتی ئێراق چەند جارێک شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لەسەر پڕۆژەکە و دەستپێکردنەوەی بەڵام حکوومەتی ھەرێم لەسەر دەستپێکردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، لە ئێستاش ھیچ پلانێکی نوێ بۆ بەنداوەکە نییە.
لە 2007 حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە نیازی تەواوکردنی بەنداوی بێخمەیان ھەیە، بە مەبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەھەرحاڵ لەگەڵ وشەکەساڵیی 2008ی ئێراق، حکوومەتی ئێراق گلەیی دەربڕی و درووستکردنی بەنداوی بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو زانی لە باشووری ئێراق.
لەوچوارچێوەیەدا، لە 2008 بڕی 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجکرا، لە ئامادەکاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەکە و بڕی خەرجیی تەواوکردنى بەنداوەکەش دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری مەزەندەکرا، سەرەڕاى هەموو ئەمانە چەند شتێکی تر کرانە بیانوو بۆ ڕێگری لە درووستکردنی بەنداوەکە؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیکەی 20٫000 کەس لە شوێنەکایان و ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاو لە ئەشکەوتی شانەدەر.
بەڵام خاڵى سەرەکى لەڕێگریکردن لە دەسپێکردنەوەى کارکردن لە بەنداوى بێخمە، بنەماڵەى بارزانى و یەدیاریکراوى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتییە، بەهۆکارى ئەوەى ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە ناوچەى بلە و بەرزانەوە، هەرچەندە بەڵێنى قەرەبووکردنەوەیان درابوو، بەڵام مەسعود بارزانى ڕێگربوو لەوە.
هاوکات، فشارەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ حکوومەتى هەرێم بەتایبەت پارتى، بۆ ئەوەى ئەو پڕۆژەیە بخرێتە خانەى لەبیرکردنەوە، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەتەواوبوونى بەنداوى بێخمە، کاریگەرى بەنداوەکانى تورکیا لەسەر باشوورى کوردستان و ئێراق بەڕێژەى (50) کەم دەکاتەوە.
سەرچاوى ئاوى بەنداوی بێخمە دەکەوێتە لەسەر زێی گەورە و لە باکووری کوردستانەوە لەنزیک دەریاچەی وانەوە هەڵدەقوڵێ. یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئاوەڕۆیانەی دێتە باشوورى کوردستان و دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە.
درێژی ئەم ڕوبارە لە سنووری باشووری کوردستانەوە تا دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە نزیکەی (230) کم، ڕێژەی تەوژمی ئاوەکەی نزیکەی (13.5) ملیارمەتر سێجا بوو لە ساڵێکدا، بە بنیاتنانی پڕۆژەی (گاپ) لە تورکیا و پاشتر ئەو تەوژمەی بۆ (8.5) ملیارمەتر متر سێجا کەمبووە.
بەگرتنەوەى ئاوى بەنداوی (ئەلیسو) پڕبوونی ڕادەی تەوژمی ساڵانەی ئەم ڕوبارە بگاتە (7) ملیار متر سێجا، شارەزایانی بوارەکەش باس لەوە دەکەن، بەنداوى بێخمە کێشەى کەم ئاوى لە ئێراق کەم دەکاتەوە و لە هەرێم کۆتایی دێنێت.
ﮪ . ب.[1]