نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی سیانزەیەم:
جنگر؛ جنەگر؛ جنگیر: ئەو کەسەی جن لە لەشی مرۆڤ دەردەکات.
کوڵەفیتنە؛ کوڵەبنە باوەعەمرە؛ لە چیرۆکەکاندا بە کەسێکی کوورتەباڵای شوم و شەڕەنگێز و فیتنەئەنگێز دەوترێت.
باوەعەمرە بە شتی بێگیانی سەر بەفەتارەتدەریش وتراوە؛ بۆ نموونە توونی بابا (توونی باوەعەمرە) کە لە #دەربەندیخان#ە و سەری زۆر کەسی خواردووە؛ ناوەکەی لەمەوە هاتووە! خۆی باوەعەمرە/بابەعەمرە بە کەسێکی کوورتەباڵای زۆرزان و فێڵباز دەوترێت. بە تایبەت ئەم وشەیە بە منداڵ دەوترێت کە بستەباڵا و زۆرزان و ئۆینباز بێت و عەقڵی پێش باڵا و بوونییەتی کەوتبێت.
هەروەها (باوەقۆرەت؛ باوەقۆرت)یشی پێ دەوترێت. کە پێک هاتووە لە وشەی باوە/باوا/بابە قۆرەت/قۆرت: کوورت واتە کەسێک بە دیمەن منداڵە و بە ساڵ گەورەیە وشەی بابە پێ دەچێت لە (بابا)وە هاتبێت کە مانای (کابرا؛ فڵان) دەدات.
چونکە هەر تونی بابا؛ پێشی دەوترێت (بابای عەیار).
هۆڤ: بوونەوەری سەیر و سامناک؛ دڕندە.
وشەی عیفریت؛ هەم بە واتای زەبەلاح دێت؛ هەمیش بە واتای جنۆکە خۆی لە بنەمادا مەبەست لە (جنۆکەی بەزیبک و زەبەلاح) بووە؛ چونکە جۆری ئیفلیت لەناو جنەکاندا لە هەموویان گەورەتر و زەبەلاحترن.
وشەکە بەم شێوانەی تریش لە زمانەکەماندا هەیە: (ئیفلیت؛ ئیفنیت؛ ئیڤنی؛ ئیڤنیک؛ ئیڤنیک؛ ئێڤنویتە) وشەی عیفریت لە زمانی کوردییەوە چووەتە ناو زمانی عەرەبییەوە.
ماری حەوت سەر: مارێکی ئەفسانەییە؛ گوایە حەوت سەری هەیە (دەک مارێکی حەوت سەر پێوەت بدات.)
گرتۆڵە: سامناک؛ ترسناک.
مڵۆزم: خێو و جنی ترسناک و زیاندەر و ترسێنەر.
نەتڵ (ترسێنەر) نەتڵ یان نەتەڵ لە وشەی (گورنەتەڵە)شدا هەیە کە پێشتر باسم کردووە.
نەتڵ مانای تریشی هەیە؛ وەک نەتڵ: نوقوم؛ نوقم نەتڵ: نەخش؛ نیگار
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت#. [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 159 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!