دۆڕان
تۆ چیت...
لە هەر شتێک بوونت هەیە
تەنها لە ژیانی من نەبێ
بۆ هەر شتێک سەرنج دەدەی
بۆ هەر دەنگێک ڕادەچڵەکێی
تەنها گریانی من نەبێ
لە هەر شوێنێک ڕادەمێنم
تۆ دەبینم
لە ئاسمانی شەوی یەڵدا
لە ئاپۆڕەی کاروان کوژە
لە نەسیمی بەربەیاندا
تۆ دەبینم
لە ناو زوقم و بەستەڵەکدا
لە ناو شین و ڕەشبەڵەکدا
لە چەمانەوەی پەڕەنگ
لە ناو دڵۆپەی باراندا
تۆ دەبینم
لە سەوز بوونی گیا ، لە کرانەوەی گوڵ
لە توانەوەی مۆم
وەها دۆنای دۆنی یەکین
لە ئاوێنەش ، لە بری خۆم
تۆ دەبینم
تۆ کێیت...
ئەو سەرابەی ، چەندین ساڵە
بە دوات وێڵم
نە لەبەر چاوم ون دەبی
نە دەتگەمێ دەست نوێژێکت لێ هەڵگرم
ئەو توولە ڕێیەیت
بە خەیاڵم دەگەیێنی
ئەو خەیاڵەیت
ڕۆژی سەد جار بەر لەدایک بوونم دەمرم
تۆ کێیت...
کە هاوارم عەرشی ئاسمان دەهەژێنێ
تۆ نایبیستی
کە فرمێسکم بەرد کون دەکا
تۆ نایبینی
ئەوەی درەختەکان دەخاتە سەما
ئاهی منە، نەک ڕەشەبا
ئەو سەدایەی وەکو هەور دەگرمێنێ
ئاخی، پڕ لە تاسەی ناخی منە
تۆ نایبیستی
ماندووم ... ماندوو
لە بێ باکیت،
لە تەواوی ژیان تۆرام
بەرگەی بێ ئاگایت ناگرم
پەتی ئارامیم پچڕا
دانی پێدادەنێم
بێ شەڕ دۆڕام
ناوی نووسەر: #مستەفا نادر# [1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 276 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!