بارانی زێڕ
2007
1
پایز،
لە جامخانەی زێڕینگەرانەوە هەڵدەکات،
ناو قەدی دارستان ڕادەوەشێنێ
دنیا دەکات بەیەک پارچە ئاڵتوون
2
پایز،
چۆلەکەیەکی گەردەن زەردە،
لەناو دەستی زێڕینگەرانەوە، هەڵدەفرێ.
دوو گەڵا لە ئەنگوستی شەنگەبی دەکاتەوە و دەیکاتە ئەنگوستە لووسەکانی ڕووبار.
3
کزەبا بەناو درەختەکانا ڕەت دبێ،
بە دەنووکی تەزیو ملوانکەی لقەکان دەپسێنێ،
بەرپێی درەختەکان پڕ دەکات لە لیرە
4
کە ژنان گوێیان لە خشپەی پایز دەبێ،
قۆڵی ڕووت و
سینگی ڕووت و
پووزی ڕووتیان دادەپۆشن.
لێ درەختەکان ناهێلن تەنیا بین
یەکە یەکە ڕووت دەبنەوە،
تەنانەت دەرپێکانیش دادەکەنن.
5
لە گۆشەیەکدا -با- ،
پەلکە وەریوەکانی باخ خڕدەکاتەوە.
با دەڵێ ئەم گەڵا وەریوانە
کراس و
ئەتەگ و
ستیان و
دەرپێی درەختن
6
کە تەم دەڕژێتە باخێکی ڕووتەوە،
باخ لە حەمامێکی پڕ لە هەڵم دەچێ و
درەختیش لە پۆلێ ژنی ڕووت
7
پایز سمۆرەیەکی چاو زەردی لاسارە،
بەقەدی هەر درەختێکا هەڵگەڕێ
سینگی دەوڕووشێنێت و
پرچە خاوەکەی دەڕنێتەوە.
8
پایز کە سەرەپایزان هەڵدەکات
ڕووت ڕووتە
کەچی کە دەچێتە ناو باخ
هەرمێ گەڵایەکی بۆ دەکا بە شەپقە
قۆخ بۆی دەکا بە ستراب.
هەڵووژە بە سترێژ.
هەنجیر دوو گەڵای دەکاتە پێ.
نیلوفەڕ، پەڕەیەکی بۆ دەکا بە ستیان.
پەتۆنیا، بۆی دەکا بە دەرپێ.
9
لەباڵکۆنەکە بە تەنیشت خۆمەوە
کورسیەکم داناوە بۆ هەور
کووپێک شیری گەرم بۆ کزە
تەپڵەکێک،
بۆ قونچکە جگەرەی باران
10
دەستبڵاوترین زێڕینگەر؛ پایزە
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]