بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵی ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران
ئەمڕۆ 22 ڕێبەندانی 2723کوردی، یازدەی فێورییەی 2024 زایینی، چل و پێنج ساڵ بە سەر کۆتاییهاتنی حکوومەتی پاشایەتیی لە ئێران، تێپەڕی.
ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی وەک یەکێ لە دوژمنە سەرسەختەکانی نەتەوەی کورد، ڕووداوێکی گرینگی سیاسیی بوو کە خوێن و خەباتێکی زۆر و دوور و درێژی تێچوو؛ بەڵام لەبەر ئەوەی بناغەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ڕەزاخانیی لە شوێنی خۆیان مانەوە و دەستیان لێ نەدرا؛ بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، فۆڕم و قۆناغێکی کارەساتبارتر لە داگیرکاری، کوشتار و تاڵان و هەموو ناسێنەکانی ئیستیعمارگەریی، بەسەر کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەدا سەپا.
ئەوەی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا کێشە و لەمپەڕی سەرەکیی کورد و کوردستان بووە بۆ گەیشتن بە ئازادیی و ئاسایش و سەرەوەری نەتەویی، ئەم دەوڵەت- نەتەویە بووە. هەموو ئەو کارەساتانەی کە لە ماوەی یەک سەدەی پێشوودا لە لایان حکوومەتەکانی پاشایەتیی پەهلەوی یەکەم و دووهەم و کۆماریی خومەینی و خامەنەییدا، بەسەر کورد و کوردستان هاتوون؛ لە سۆنگەی ئەم دەوڵەت-نەتەوەیە و سەروەریی نەتەوەی فارسەوە بووە.
بۆیە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و حوکمڕانیی لە نێوان تاقمەکانی نەتەوەی حاکم و گۆڕانی شکڵی حکوومەت وەک ئەوەی لە 22ی ڕیبەندانی 45 ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، بە بێ هەڵوەشانەوەی بناغەکانی دەوڵەت- نەتەوەی فارس، ناتوانێ ببێتە دەرفەت و کرانەوەی ڕیگای چارسەری پرسی کوردستان. ئەرکی هەرە لە پێش و گەوهەریی کوردییەت و خەباتی کوردستانیی، هەڵگرتنی تەوقی سەروەریی دەوڵەتی فارس لە سەر کوردستان و وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەروەریی نەتەوەییە.
پارتی ئازادیی کوردستان بە دەربەستیی لە حاست یەک سەدە خوێن و خەبات و مەینەتی ڕۆڵەکانی کوردستان، بە پشت بەستن بە ڕەوایی ئەو مافانەی کە خوا و سروشت و یاسا و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان بە کوردیان بەخشیوە؛، وێڕای خەباتی شێلگیرانە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پێناو گەیشتن بە سەروەریی و سەربەخۆیی کوردستان، بەربەرەکانی لە گەڵ هەموو حەولەکانی نۆژەنکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوەی فارس دەکات.
پارتی ئازادیی کوردستان داوا لە کوردستانیان دەکات، لە پێناو ئەم ئەرک و ئامانجە پیرۆزەدا، پاڵپشتی بن و هێز و وزەی زیاتری پێ ببەخشن. [1]
#پارتی ئازادیی کوردستانی ئێران - پاکی#
22ی ڕێبەندانی 2723ک
11ی فێورییەی2024ز
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=