سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی 8ی مارس لە ئافرەتانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و پاڵپشتیی خۆی بۆ بەدەستهێنانى یەکسانى و تەواوى مافەکانى ژنان دووپات دەکاتەوە. داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گرنگیی زیاتر بە بەربژێرکردنی ژنان بدەن.
=KTML_Bold=دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:=KTML_End=
یادى هەشتى مارس، ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان، بە گەرمى لە هەموو ئافرەتانى کوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز دەکەم، لە هەوڵ و کار و خەباتیاندا بۆ بەدەستهێنانى یەکسانى و تەواوى مافەکانى ژنان، وەک هەمیشە بەوپەڕى بڕوا و تواناوە هاوکار و پشتیوانیانم، هیواى بەرەوپێشچوونى بەردەوام و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا بە ڕێز و پێزانینەوە هەموو ئه و ئافرەتە بوێرانە بەبیردەهێنینەوە کە لە کاروانى خەباتیاندا بۆ پاراستن و بەرگرى لە مافەکانیان سەریان نایەوە، یان بە ناهەق بوونە قوربانیى توندوتیژى و بیرى توندڕەوى و دواکەوتوویى. دووپاتى دەکەینەوە بە هەموو توانایەک بەڕووى هەر بیر و وتە و ستەم و دەستدرێژى و هەراسانکردن و ناهەقییەکدا دەوەستینەوە کە بەرامبەر بە ژنان بکرێت.
لە کاتێکدا بە گەشبینى و بە چاوى ئومێدەوە لە کارایى و بەشدارى و هاوبەشیى ئافرەتان لە هەموو بوارەکانى ژیاندا لە کوردستان دەڕوانین، دووپاتى دەکەینەوە کە خوازیارى زیاترین و وەک هەمیشە لە کار و هەوڵ و کۆششمان بەردەوام دەبین بۆ فەراهەمکردن و مسۆگەریى زیاترى ڕۆڵ و ئامادەیى و دەرفەت و پێگەى ئافرەت لە هەموو کایە و بوارەکانى ژیاندا. هەر لێرەدا داواکارین لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنى داهاتوودا گرنگیى زیاتر بە کاندیدکردنى ژنان بدەن.
کۆمەڵگەیەکى ئازاد و شارستانیى پێشکەوتوو کە ئارام و ئاسوودە بێت، کە نەوەیەکى دروست و بە توانا پێبگەیەنێت و داهاتوویەکى باشتر بنیات بنێت، بەبێ ئازادى و یەکسانى و مافەکانى ئافرەتان نایەتە دى. بۆیە ئەرکى هەموومانە لەسەر هەموو ئاستەکانى کۆمەڵگە بەم بڕوا و تێگەیشتنەوە، پشتیوانى لە خەباتى ژنان بکەین و تا سەرکەوتن لەگەڵیاندا بین. [1]
هەشتى مارس لە هەمووان پیرۆز بێت.
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
#08-03-2024#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=