مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە 36ەمین ساڵیادی کیمیابارانی #هەڵەبجە#دا پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارە دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسییە لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا.
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کارەساتێکی دڵتەزێنە، (36)ەمین بیرەوەریی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەیە لە(#16-03-1988#)، لەو یادە خەمگینەدا ھاوسۆزی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەو تاوانە کەموێنەیە دووپات دەکەینەوە، دروود لە گیانی پاکی شەھیدان بێت.
کارەساتی بۆردوومانکردنی ھەڵەبجە لەلایەن رژێمی ئەوسای #بەعس# بە چەکی قەدەغەکراو تاوانێکی ویژدان ھەژێن بوو، دەسەڵاتی دیکتاتۆری عێراق ھەموو ڕێگاکانی سەرکوتکردن و لەناوبردنی گەلی کوردی بەکارھێنا، سەرئەنجام کورد بەپێوە مایەوە و تاوانبارانیش وەکو ھەمیشە لەناوچوون و بوونە پەندی مێژوو و، تا ھەتایەش ھەڵەبجە وەک سیمبولی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە ھزری گەلەکەمان و لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدان و قبووڵنەکردنی ستەم و چەوسانەوە بە شکۆمەندی دەمێنێتەوە.
لەو یادەدا وەکو ھەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆمان بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی پارێزگای ھەڵەبجە دووپات دەکەینەوە، بەتایبەتی پڕۆژەکانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و، بوارەکانی دیکە، کە بە دەستپێشخەری و ھەوڵ و تەقەللای بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دران و دەدرێن.
بەو بۆنەیەوە داواکارین ھەموو لایەک بەدەنگ خواست و ویستی ئەو شارەوە بچن و، داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێ و، ئازار و زامی بریندارەکان ساڕێژ بکرێ و، لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش قوربانییەکانی چەکی کیمیاوی لە ھەموو ڕوویێکەوە قەرەبوو بکرێنەوە و چارەسەری ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی ھەڵەبجە بکرێ.
ھیوادارین ئەو یادە ببێتە ھەوێنی ھاوڕیزی و یەک بڕیاریی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و، پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارەی شەرعیی ھەرێمی کوردستان و، دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و کارەساتە جەرگبڕانە.
نەمری و سەرفرازی بۆ شەھیدان و قوربانییانی مەرگەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە و سەرجەم شەھیدانی کوردستان. [1]
مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#
#16-03-2024#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=