بۆ یادی 36 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: کارەساتی #هەڵەبجە# پەژارەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە کە هەرگیز لەهزر و ئەندێشەی گەلەکەمان دەرناچێت، یەکێتی وەک چۆن لە رابردوودا درێغی لە خزمەتکردنی کەیسی ئیداری و ئاوەدانی هەڵەبجەدا نەکردووە، لەمەودواش بە گوڕوتینێکی زیاتر لەم ئەرکە پیرۆزە بەردەوام دەبێت.
=KTML_Bold=دەقی پەیامەکە:=KTML_End=
پەیامی مەکتەبی سیاسی بۆ یادی 36 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە:
36 ساڵە پێش ئێستا رژێمی رەفتار فاشی #بەعس# شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و پێنج هەزار هاووڵاتی و دەیان هەزار کەسی بریندار و ئاوارە و بێ ماڵوحاڵ کرد.
خەڵکی جینوسایدکراوی پارێزگای هەڵەبجە و خاکی بەسوتماکراوی پایتەختی شارەزوور، لەم کارەساتەوە بوون بە ناونیشانی مەزڵومیەتی گەلی کوردستان و کێشە رەواکەی لە سەرتاسەری دونیادا.
بیرەوەری 36 ساڵەی کارەساتی هەڵەبجە بیرەوەرییەکی خەمناک و پەژارەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە کە هەرگیز لە هزر و ئەندێشەی گەلەکەمان و بزوتنەوەی کوردایەتی و مرۆڤایەتی بە ویژدان دەرناچێت و هەمیشە زامێکی سارێژ نەبووە تا ئەو رۆژەی هەڵەبجە و هەموو کوردستان دەگەنە دوا قۆناغی رزگاری و ئارامی و ئاوەدانی و قەرەبووی لانی کەمی زوڵم و ستەمی رژێمەکەی سەددام وەردەگیرێتەوە کە یەکەم حکومەت بوو کیمیاوی بەرامبەر بەشێکی گەلەکەی و هاوڵاتیانی چوارچێوەی وڵاتەکەی بە کار بێنێ.
هەڵەبجەی ئەمڕۆ پێویستی زیاتر و زیاتری بە ئاوەدانی و بوژانەوە و ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ ژیان هەیە، ئومێدی خەڵکەکەی ئەوەیە دوای بوونی بە پارێزگایەکی خنجیلانەی هەرێم، لە ئاستی عیراقیشدا رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی بوونی بە پارێزگای نۆزدەمینی وڵات تەواو ببێت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم ئەرک و شانازییە نیشتمانی و مرۆییە بە زوویی راپەرێنێ .
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک چۆن لە دەیەکانی رابردوودا درێغی لە خزمەتکردنی کەیسی ئیداری و ئاوەدانی و بوژانەوەی هەڵەبجە و ناساندنی وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی جینوساید و هاندانی بەرپرسیارێتیی مۆراڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم تاوانە گەورەیە نەکردووە، لەمەودواش بە گوڕوتینێکی زیاتر لەم ئەرکە پیرۆزە بەردەوام دەبێت و لە ئاستی هەموو نوێنەرایەتییەکانی لە پەرلەمان و حکومەت، لە ئاستی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا تێکۆشانی هەمەلایەن و دەستە جەمعی و بەکردەوەی بۆ دووپات دەکاتەوە.
نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانیانی جینۆسایدی گەلەکەمان لەسەرتاسەری کوردستاندا. [1]
=KTML_Bold=تا سارێژبوونی دوا زامەکانی هەمیشە دەڵێین:
(هەڵەبجە.. برینمانی ، لە بیرمانی)=KTML_End=
مەکتەبی سیاسیی
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#16-03-2024#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=