ئیستعرازی مەکتەبەکان
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە سارانی شێستەکان مەکتەب بێجگە لەوەی مەرکەزی فێرکردن و پەروەردەکردن بوو، لەعەینی وەختیشدا شوێنەک بوو لۆ پێگەیاندنی منداران و بایەخدان و گەشەپێدانی لایەنی دەروونی و جەستەییان. لۆیە سبەینان عادەت وابوو پێش چوونە ناو سەفەکان ڕیازەی سویدیمان پێبکەن، لە دەرسی پێنجەمیش زۆرجار دەرسی ڕیازە دادەندرایە ناو جەدوەلەوە، هەر لەحەوشەی مەکتەبەکەمان یاری سەلە یان شەبەکە و تائیڕەمان دەکرد..
لۆیە مەکتەب جگە لەلایەنی فێربوون، خۆشی ئەوەشی تێدابوو کە ڕیازەمان دەکرد و فێری ڕەسم و مۆسیقاشیان دەکردین. لەو لاشەوە لەهەر مەکتەبەکی کەشافەش هەبوو، کە هەندەک تەڵەبە دەستنیشان دەکران و دەبوونە کەشافە و جلکی خاکییان بەسەردا دابەش دەکرا، مەبەستیش لە کەشافە ئەوە بوو مندار چاوی بکرێتەوە و ڕوحی تەعاون لە بەینیان هەبی، چونکە هەندەک جار سەفەری شار و وراتانیشیان پێدەکرا لۆ ئەوەی دونیا ببینن. زۆر جاریش ئەو کەشافانە دەهاتنە سەر جادەکان و یارمەتیی پۆلیسی مروریان دەدا و دەستی پیر و پیرەژنیان دەگرت لۆ پەڕینەوە، بەوەش مندار هەر لە تەمەنی زوەوە فێری ئادابی قانون و نیزام و یەکریزی و ئیحترامگرتنی خەرکی لەخۆى گەورەتر دەکرا..
هەندەک جاریش مامۆستا تەڵەبەی هەردوو سەفی ئەلفبێی پێنج و شەشی ئیبتدائی دەردەهێنا و دەیانیبردە مەلعەبەکەی ئیدارەی محەلی و لەوێ یاری تۆپی پێمان دەکرد. لەو سارانەش لە مانگی چار و پێنج موناسەبەیەکی زۆر خۆش دەهاتە پێش ئەویش ئیستعرازی سارانەی مەکتەبەکان بوو..
پێشتر مامۆستای ڕیازە هەندەک تەڵەبەی دەستنیشان دەکرد لۆ بەشداریکردن لەو ئیستعرازە و ڕۆژانە تەدریباتی پێ دەکردن، چونکە لەو ئیستعرازانە کاسی یەکەم و دووەم و سێیەم دابەش دەکرا، شانازییەکی گەورە بوو لۆ ئەو مەکتەبەی کاسەکە دەباتەوە و لە ژووری مودیری مەکتەب دادەندرا و پۆزمان پێ لێدەدا..
پێش ڕۆژی ئیستعراز مەجمووعەیەک لە تەڵەبە باشەکان هەردەبژێردران مامۆستای ڕیازە بەسەرپەرشتی معاون مدیر تەدریبیان دەدان، ئەوجا شەش کەس لە باشترینیان دەستنیشان دەکران لۆ بەشداری کردن بەناوی مەکتەبەکەیانەوە.
لە ڕۆژى ئیستعرازکە دەچوونە مەلعەب لەوێش وردەوردە تەسفیە دەکران و لە ئاخیریدا بەشەکی کەم دەمانەوە کە مونافەسەی یەکدی بکەن. ڕۆژی ئیستعرازیش موتەسەریفی هەولێر و مودیر شورتە و مودیری ئیدارەی محەلی و تەربیە و مودیری هەموو مەکتەبەکان و کەسوکاری تەڵەبەکان و جەماهیرەکی زۆر ئامادە دەبوون.
ئیستعراز دەستی پێ دەکرد بە کەژاوەی مەکتەبە بەشدار بووەکان بە مۆسیقای عەسکەری لە بەردەم موتەسەریف تێدەپەڕین لە پێشەوە تەڵەبەیەکی بەژن درێژ لەوحەیەکی داری بەدەستەوە بوو کە ناوی مەکتەبەکەی لەسەر نووسرابوو. یارییەکانی ئیستعرازەکەش بریتی بوون لە: هەرگرتنی هێلکە لەناو مراکەک کە بەدەومان دەگرت و سەت مەتر غارمان دەدا، یاریەکی دیش هەراتن بوو لەناو گونییەدا هەر مندارەک دەچووە ناو گونییەکەوە و غارغارینی لەگەر ئەوانی دی دەکرد، ئەوجا زۆربەی تەڵەبەکان بەردەبوونەوە و زۆر بەزەحمەت دەگەیشتنە کۆتایی یارییەکە..
تەبعەن وەکی یاریە ئۆلومپیەکان، ئەنواعی یاری دیکەش هەبوون وەکی، هەردانی ڕم و تۆپی ئاسن، بازبازینی سەر عەرز و، قەفزالعالی، غاردانی سەت مەتری و دووسەت مەتری و 400 مەتری بەرید. هتد.
ئەوجا لەهەر یارییەک سێ کەس دەبوونە یەکەمەکان و کاسیان لە مامۆستا فاروق سەید حەسەن یان مامۆستا عزەدین فەیزی یان مامۆستا موسی عەبدولسەمەد وەردەگرت.
بەڕاستی ئەو ئیستعرازانە زۆر خۆش بوون، خەرکی شار بەعام دەهاتنە ساحەکە لۆ دیتنی کوڕەکانیان لەلایەک، لەلایەکیش لۆ بردنەسەری کاتەکی خۆش، کە ئەوڕۆ نەک هەر ئەو ئیستعرازانە تام و بۆنیان نەمایە، بەرکو هیچ پەنجەرەیەکی خۆشیش لەو وراتەی مەدا نەمایە، هەر ئەوەندە دەرێم حسبی اللە ونعم الوکیل لەو کەسانەی ئەمەیان گەیاندە ئەو ڕۆژە ڕەشەوە. [1]
باقی وەلسەلام...
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=