=KTML_Bold=ئایا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئاگادارن!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
بڕیارە (ئەمەریکا و ئێراق) لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (واتە دوای تەنیا 20 ڕۆژی دیکە) پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە ڕێککەوتنامەی ستراتیژی ناسراو بە (سۆفا) بکەن، بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی سەرجەم بەندەکانی ڕێکەوتنەکە لە هەموو ڕووەکانەوە: (سیاسی، سەربازی، ئابووری، هەواڵگری، کولتووری، سەروەری ئێراق، ڕۆڵی ئێران لە ئێراق، چارەنووسی #حەشدی شەعبی#، دادگاییکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران... هتد).
ئایا ئەجێندای هەرێمی کوردستان چییە بۆ بەشداریکردن لە دانووستانەکانی ئەمەریکا و ئێراق؟
ئایا هەرێمی کوردستان تەنیا تەماشاکار دەبێت وەک ڕێککەوتنامەی پێشووی (سۆفا)ی ساڵی (2008)ی نێوان ئەمەریکا و ئێراق؟
ئایا سەرکرادیەتی هەرێمی کوردستان پێویستە چی بکات؟
سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پێویستە خۆی ئامادە بکات و هەنگاوی خێرا بنێت بە مەبەستی بەشداریکرن و ئامادە بوون لە دانووستانەکان و پێویستە ئەم خاڵانەی خوارە لەبەرچاو بگرێت:
1-گرنگترین هەنگاو کە پێویستە کورد بیهاوێژێت (لەم ماوە کوورتەی لە بەردەمیدایە کە تەنیا 20 ڕۆژە تاکوو ناوەڕاستی مانگی شەش) بریتییە لە بە جدی وەرگرتنی ئەم دانووستانانە و نووسینەوەی ئەجێندایەکی یەکگرتوو لە پێناو خۆئامادەکردن بۆ گفتوگۆکان.
2-بەخێرایی پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری دەرەوە کە پشکی (کورد و پارتییە) چونکە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە دانووستانەکانی ئەمەریکا و ئێراق، ئەویش لە ڕێگای کاندیدکردنی کەسێک کە کۆدەنگی شیعە و سووننەی لەسەر بێت تاکوو لە پەڕڵەمانی ئێراق دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.
3-پێکهێنانی وەفدێکی کوردی لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کە بریتی بن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری دانووستان و یاسایی و دیبلۆماسی، بۆ ئەوەی ئەگەر نەشتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری دانووستانەکان بکەن، ڕۆڵی ڕاوێژکار ببینن بۆ ئەو ئەندامە کوردانەی بەشدارن لە گفتوگۆ و دانووستانەکان.
4-پێویستە کورد فشار بکات بۆ ئەوەی ئەم جارە (محەلی لە ئیعڕاب)ی ڕێککەوتنە ستراتیژیەکەدا هەبێت.
5-پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرنگە (هەر لەبەر ئەوەش بوو ئەمەریکا سیستەمی پاتریۆتی لە #هەولێر# جێگیر کرد) بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان هەوڵبدات کەڵک لە پێگەی خۆی وەربگرێت و لە دانووستانەکاندا قسەی خۆی هەبێت.
6-ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئاگادار نەبێت و ئامادەیی نەبێت لە دانووستانەکان، ڕەنگە بەشێک لە لێکەوتەکانی ڕێککەوتنەکە بە خراپ بۆ سەر هەرێم بشکێتەوە.
7-دەکرێت لەنێو هەموو ڕێککەوتنێکدا کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشە بوونیان هەبێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ئاگا بێت و ئەم دانووستانانەی ئەمەریکا و ئێراق بە جدی وەربگرن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
8-بەشێکی گرنگی داهاتووی سیاسی و ئابووری ئێراق و هەرێمی کوردستان بەندە بەم ڕێککەوتنەوە.
9-ترەمپ پێویستی بەم ڕێککەوتنە هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی ڕای گشتی ئەمەریکا بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، چونکە دوای نزیکەی پێنج مانگی دیکە لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە لە (3/11/2020) بۆیە پێویستی بە ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنە هەیە تاکوو پێگەی ئەمەریکا لە ئێراقدا بەهێز بکات و تەرازووی هێز لە ئێراقدا لەبەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە و ئێراقیش لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ژمارەی دەنگەکانی بۆ هەڵبژاردنەکان و دەستەبەرکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
10-بەهۆی لێکەوتەکانی کۆڕۆنا وەک دابەزینی نرخی نەوت حاڵی ئێراق لە گیانەڵڵادایە، بۆیە ئێراقیش پێویستی بە نوێکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە هەیە، تاکوو پشتگیری دارایی و سیاسی ئەمریکا بەدەست بهێنێت و ڕزگاری ببێت لەم دۆخە قوورسەی ئێراق تێی کەوتووە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە هەر پڕۆسەیەکی دانووستان و گفتوگۆکردندا لایەنە بەشداربووەکانی پڕۆسەکە هەوڵی تەواو دەخەنەگەڕ بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتر بۆ وڵاتەکانیان، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانیش چاوکراوەتر بن و تێڕوانینی جددیان هەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە گرنگە تاکوو (کار لە کار نەترازاوە) ئەجێندایەکی هاوبەش بنوو#سنە#وە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی خوێنراوە بێت لە داهاتووی ئێراق و ناوچەکە. [1]