قەل یان عەلەشیش (بە عەرەبی: الديک الرومي)، بە یەکێک لە باڵندە ماڵییەکان پۆلێندەکرێت، کە بۆ کەڵک بینین لە گۆشت و پەڕ و هێلکەکەی بەخێودەکرێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەری ئەمریکای باکوورە و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پلەی دووەمی گرتووە لە بەخێوکردنی، کە ساڵانە 48 ملیۆن دانەیان بەخێودەکات، ئیتاڵیاش پلەی سێیەمی هەیە کە ساڵانە 23 ملیۆن دانە بەخێودەکات، هەموو باڵندەکان دەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە کە پێی جیادەکرێنەوە، ئەو دەنگە تایبەتمەندەی کە قەل هەیەتی تەنیا نێرینەکان توانای دەرکردنیان هەیە، بەڵام دەنگی مێینەکان نزم و جیاوازە و دەنگە تایبەتمەندەکەیان نییە.
=KTML_Bold=سوودەکانی گۆشتی قەل=KTML_End=
بە بەراورد بە گۆشتی مریشک بڕێکی کەم چەوری و کۆلیستڕۆڵ لە گۆشتی قەلدا هەیە، لەگەڵ بڕێکی زۆر ڤیتامین و ترشی ئەمینی بنچینەیی، گرنگترینیشیان تریپتۆفانە، کە پێکهێنەرێکی سەرەکی درووستکردنی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنینە، ئەم هۆڕمۆنە ژمارەیەکی زۆر فرمانی هەیە کە یەکێکیان زیادبوونی ویستی خەوتنە، بۆیە پاش خواردنی گۆشتی قەل ئارەزووی خەوتنیش زیاد دەکات.
=KTML_Bold=شێوەی دەرەوەی=KTML_End=
قەل یەکێکە لە باڵندە قەبارە گەورەکان، دوو قاچی ناسکی هەیە هەریەکەیان 3 پەنجەی پێوەیە، کە هاوکاری دەکات لە پاراستنی هاوسەنگی جەستەی و هەڵکۆڵینی خۆڵ و ڕووشاندنی، نێرینەکان تایبەتمەندن بە سەرێکی سوور کە پێی دەوترێت پۆپنە و تایبەتمەندن بە هەبوونی بەشێکی درێژبووەوە لە قوڕگیاندا، هەروەها کێش و قەبارەی قەلەکان بە گوێرەی تەمەن و جۆرەکانی دەگۆڕێت.
=KTML_Bold=یەکگرتن و زۆربوون=KTML_End=
قەلەکان زۆر زیرەک و هەستیارن و بەخۆشەویستییەکی زۆرەوە پەیوەستی یەکدی دەبن کە هاوشێوەی نزیکبوونەوەی سەگەکانە، نێرینەکان هاوشێوەی تاووسەکان پەڕەکانیان بڵاودەکەنەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان و نزیکبوونەوەیان لە یەکدی، لە کاتی وەرزی یەکگرتنیاندا جووتەکان ئارەزووی جێگەی دابڕێنراو دەکەن کە دوور بێت لە کۆمەڵەکانیان، دوای یەکگرتنی نێرینە و مێینەکە، مێینەکە لەسەر هێلکەکانی کڕ دەکەوێت و ماوەی مانەوەشی لەسەر هێلکەکانی 28 ڕۆژ دەخایەنێت، پاشان ئەگەر هێلکەکە پیتێنراو بێت ئەوا بێچووە قەلەکان لەدایکدەبن.
=KTML_Bold=جۆرە سەرەکییەکانی قەل=KTML_End=
=KTML_Bold=-قەلی سووک:=KTML_End= ئەم قەلانە بە گوێرەی تەمەن و ڕەگەز جیاوازییان هەیە، نێرینە پێنەگەیشتووەکان (قەل) 4.9 کگم دەبن و مێینە (قەلەموون)ە پێنەگەیشتووەکان کێشیان دەگاتە 3.8 کگم، بەڵام دوای گەشتنیان بە قۆناغی پێگەیشتن و بەدەستهێنانی توانای زۆربوون، نێرینەکان دەگەنە 8-11 کگم و مێینەکانیش 5-6 کگم، ئەم جۆرە لە قەلەکان بۆ زۆربوون بەخێو دەکرێن، چونکە لە تەمەنێکی کەمەوە توانای وەچە خستنەوەیان هەیە، کە بریتییە لە تەمەنی 9-12 هەفتەیی، وە مێینەکان ساڵانە توانای هێلکە کردنێکی زۆریان هەیە، کە دەگاتە 100-130 هێلکە و لە گرنگترین نەوەکانی ئەم جۆرە بریتین لە قەلی برۆنزی و قەلی بلێستیڤلی سپی.
=KTML_Bold=-قەلی قورس:=KTML_End= پێش قۆناغی پێگەیشتن نێرینەکان کێشیان دەگاتە 5-6 کگم و مێینەکانیش دەگەنە 5 کگم، بەڵام دوای پێگەیشتن نێرینەکان دەگەنە 20-22 کگم و مێینەکانیش 8-10 کگم دەبن، ئەم جۆرانە بەخێودەکرێن بۆ کەڵک بینین لە گۆشتەکەیان و دواتر بەکارهێنانیان وەک ژەمی خۆراکی لە ئوتێل و چێشتخانەکان یاخود هەندێک لە بۆنەکان کە پێویستی بە پێشکەشکردنی گۆشتی ئەم جۆرە باڵندەیە دەبێت، بۆیە ئەم جۆرەیان ئابوورییەکی زیاتری هەیە بەراورد بە جۆرە سوکەکە.
=KTML_Bold=-قەلی ناوەند:=KTML_End= ئەم جۆرەیان لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە لەنێوان دوو جۆرەکەی پێشوودایە، کێشی نێرینە پێنەگەیشتووەکان دەگاتە 5 کگم و مێینەکانیش 4 کگم دەبن، دوای گەورەبوونیان و گەشتنیان بە قۆناغی پێگەیشتن نێرینەکان لەوانەیە ببن بە 14-16 کگم و مێینەکان ببن بە 7-9 کگم.
=KTML_Bold=شێوازی درووستی ماڵیکردنی قەلەکان=KTML_End=
شوێن و جێگەی نیشتەجێبوونی قەلەکان هاوشێوەی مریشکەکانە لە ڕووی پێداویستییەکانییەوە، بەڵام تەنیا قەبارەکەی دەبێت 5 هێندەی ئەوەی مریشکەکان بێت، وەک ئەوەی داپۆشرابێت بۆ پاراستنی لە تیشکی خۆر و بەرزییەکەشی نزیکەی 2م ببێت، بڕی ژەمە خۆراکییەکەی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، جۆرە قورسەکان ڕۆژانە 350 گم خۆراکیان پێویستە، لە کاتێکدا جۆرە سوکەکان پێویستیان بە 250 گم خۆراک هەیە، هەروەها پێش وەرزی زۆربوون دەبێت دەرزی بۆ قەلەکان بکرێت بۆ زیادکردنی ئەگەری درووستبوونی هێلکەی پیتراو و نێرینە و مێینەکە ببرێنە جێگەیەکی دابڕێنراو هەفتەی جارێک یاخود دوو هەفتە جارێک، دواتر جێگەی تایبەت بۆ هێلکەکان ئامادەبکرێت، کە لەسەر تەختەیەک هێلانەی بۆ درووستبکرێت. [1]