بۆ سەرجەم خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە هۆڵەندا،
سڵاوی خەبات و کۆڵنەدانتان لێ بێت،
وەک دەزانن هەمیشە ڕۆڵی خوێندکاران و لاوانی کورد، لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، پێشەنگ بووە و لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی پێشووە، خوێنکارانی کورد لە ئەوروپا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە و دینەمۆ و پاڵپشتی شۆڕشی ئەیلول بوون، لە پاش نسکۆی ساڵی 1975 یش، بەڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خوێندکاران بزوێنەر و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوون لە باشوری کوردستان.
ئەمڕۆش جێگەی شانازیمانە لە پاش کۆمەڵێک دەستکەوت بۆ کورد بە گشتی و یەکێتیەکەمان بە تایبەتی لە هۆڵەندا، وەک جێگیرکردنی مۆنمێنتی هەڵەبجە لە ناو بارەگای ڕێکخراوی دژی چەکی کیمیاوی (OPCW) و کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەسەرکەوتوویی و زیادبوونی کورسیەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە گشتی و هەڵکشان و گەشانەوەی دەنگەکان و بەرزبونەوەی کورسیەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ 21 کورسی پەرلەمانی، هەروەها سەرکەوتنی بەرچاوی لیستی کوردستانی لە کەرکووک بۆ 6+2 کورسی، بە گەرمی و لە ناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیانی هۆڵەندا و هەڤاڵانی ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تایبەتی دەکەین، هەستانەوە و شەکانەوەی ئاڵا سەوزەکەی یەکێتیی لە هەڵبژاردنەکاندا و سەرکەوتنی بەرچاوی لیستی 266 جێگەی دڵخۆشی و جۆشدانەوەی خەباتمانە.
بەم بۆنەیەوە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی (کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان) لە هۆڵەندا، داواکارین لەسەرجەم خوێندکاران و لاوانی کوردستانیی، ڕۆژی 25-05-2014 ئامادەبن بۆ سەرخستنی کۆنفرانسی کۆمەڵەکەمان، کە لە ژێر چاودێری ناوەندی دەرەوە و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی هۆڵەندا بەڕێوە دەچێت. تا بەهەموومان بتوانین پێداچوونەوەیەکی وورد بە شێوازی کارکردن و میکانیزمی هەڵسوڕاندنی کارەکانی لەوە و پێشوو خوێندنەوەی ورد بۆ ئایندەی کۆمەڵەکەمان بکەینەوه، بەمەش گەشە بە ڕێکخستنەکانمان و نوێکردنەوە و بە زیندوو هێشتنەوەی بدەین.
بۆ ئەم مەبەستە داواکارین لە ئێوەی بەڕێز و باوک و دایکە خۆشەویستەکانمان، لێبڕاوانە بەدەنگ داواکاریەکەمانەوە بێن. هەروەها دەخوازین سەرجەم ئۆرگانەکانی دیکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵەندا،(کۆمیتەی ڕێکخستن، نوێنەرایەتی یەکێتیی،کۆمەڵەی پ.م دێرینەکان، ڕاگەیاندن) لەم پێناوەدا پشتگیر و هاوکارمان بن. هەموو ئەو خوێندکار و لاوانەی تەمەنیان 16 ساڵ و بەرەوژوور ترن هان بدرێن، کە بە شەوقەوە ئامادەی کۆنفرانسەکە ببن، بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی خوێندکاران و لاوانی ئەندام و دۆست و هەوادارانی سەر بە ڕێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کوردستانیانی بێ لایەنی دڵسۆزی نیشتەجێی هۆڵەنداش، لە پێناوی خۆنوێکردنەوە و هەستانەوەی زیاتری ڕێکخستنەکانمان، بێگومان خوێندکاران و لاوانی کورد لە تاراوگه، هەمیشە دینەمۆ و دڵی زیندووی ڕێکخستنەکانی یەکێتییمان بوون.... هەر بژین بە شادی و سەرفرازی.
بۆ پێشەوە بۆ بەستن و سەرخستنی کۆنفرانسی خۆ نوێکردنەوەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە هۆڵەندا.
بژی خەباتی نەپساوەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان، لە تاراوگە لە پێناو هێنانەدی داخوازیە پیشەیی و دیموکراتیەکانی خوێندکارانی کورد.. بژی کورد و کوردستان... نەمری و سەروەری بۆ شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان.
سەرنج: بە زووترین کات لە کات و شوێنی کۆنفرانسەکە ئاگادارتان دەکەینەوە..
ئالان ئەفراسیاب
سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە هۆڵەندا
لە جیاتی دەستەی سەرپەرشتی و ئامادەکاری بۆ کۆنفرانس