مامۆستایانی بەڕێز
فەرمانبەرانی ئازیز
بەڕێزان لە زانکۆکانی (سلێمانی، کۆیە، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، گەرمیان، چەرموو، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی) وەک دەزانین هەرێمی کوردستان بەبارودۆخێکی سیاسی و ئابوری و ئەمنی یاسایی تایبەت گوزەر دەکات، لەلایەک هەرێمەکەمان ڕوبەڕوی ڕێکخراوی تێرۆرستی (داعش) بۆتەوەو، بەدرێژایی (1200)کم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوەڕوبەڕوی قەیرانێکی دارایی نەخوازراو بۆتەوەو.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە تایبەتەی هەرێمی کوردستان، پێمان وایە شانبەشانی پێشمەرگەکان لەسەنگەری بەرگری، مامۆستایان و فەرمانبەرانیش لەناوەندەکانی خوێندن هەمو کاتێک پێشەنگی کۆمەڵگە بون و ڕۆڵیکی بەرچاو و گرنگیان لە ڕووی زانستی و بەڕێوەبردنی دەزگاو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا هەبووەو هەیە، بۆیە ئێوە بەکۆڵەگەیەکی گرنگی بەرەوپێشبردنی زانست لە ناوەندە ئەکادیمیەکان دادەنێن.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێز
ئێمە وەک وەزارەت پشتگیری تەواوی ماف و داخوازییەکانتان دەکەین، پێمان وایە مامۆستایان و فەرمانبەران نەک هەر مافی خۆیان دەستەبەری ئەو داواکارییانەیان بۆ بکریت، بەڵکو ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە ئەو مافەتان بۆ دابین بکات، بۆیە ئیمە لای خۆمانەوە بەڵێنتان پێ دەدەین بەدواداچون بۆ داخوازییەکانتان بکەین و، هەموو هەوڵێکی خۆشمان دەخەینە گەڕ بۆ دابینکردنی ماف و داواکارییەکانتان.
فەرمانبەران و مامۆستایانی ئازیز
لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی یەکە یەکەتان بکەم بۆ بڕیارەکەتان و، گەڕانەوەتان بۆ ناوەندە ئەکادیمیەکان و هۆڵەکانی خوێندن و زانست و مەعریفە، بەهیوام گەڕانەتەوەتان بۆ هۆڵەکانی خوێندن بەجۆرێک بێت کە هەر لە ئەمڕۆوە بەنوکی پێنوسەکانتان و بەبیرو هزرە تیژەکانتان هەنگاو هەڵنێن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکان، پێشمان وایە ئەم دەستپێکردنەوەی خوێندن نەک هەر کاریگەری لەسەر داواکانتان نابیت، بەڵکو وا لە وەزارەت و حکومەتیش دەکات زیاتر بەدەم داوا و داخوازییەکانتانەوە بێت، چونکە ئەو هەڵویستەی ئێوەی مامۆستا و فەرمانبەر ئەو ڕاستیەی لای کۆمەڵانی خەڵک دوپات کردەوه، کە پڕۆسەی خوێندن و فێربون لە پێشنەیی کارەکانتان دادەنێن، هەروەک دوپاتکردنەوەی ئەو ڕاستیەشە کە ئەرکی مامۆستایان و فەرمانبەران جگە لە پەروەردەکردنی خوێندکاران، لەهەمان کاتدا توێژیکی گرنگ و پێشەنگی کۆمەڵگه پێویست دەکات سەبارەت بەو بابەتە جیاوازانەی دێنە پێش هەڵویستی خۆی هەبێت، بەڵام لەوەش گرنگتر دیاریکردنی ئایندەی گەلەکەمان و پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروستە، بۆیە ئەوە وا دەکات زیاتر هەست بەبەرپرسیارێتی بکەین و نەوەی نوێ پەروەردە بکەن و بەپرسیارێتی خۆمان بەرامبەر بە ئایندە جێبەجێ بکەین.
لە کۆتایشدا دوبارە دەستخۆشیتان لێ دەکەین و هەڵوێستەکانیان بەهەند وەردەگرین، ئێمەش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین و، پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین و، بەدواداچون بۆ ئەو داواکارییانەشتان دەکەین کە لە ڕیگەی نوێنەرەکانیانەوە گەیشتۆتە دەستمان.
25-10-2015