نووسەرانی وەک #شوکور مستەفا#، #مەسعود محەمەد#، #هێمن موکریانی# کاریان لەم کۆڕەدا کردووە. [1]
لە ساڵی 1970 پاش دەرچوونی بەیانی 11 ئازار، دەستەیەک لە ڕۆشنبیر و نووسەری کورد لە بەغدا کۆڕی زانیاری کوردیان دامەزراند. ئەویش لە چوارچێوەی پێدانی مافە ڕۆشنبیری و فەرهەنگییەکان بۆ نەتەوەی کورد، که بەپێی یاسایی ژمارە (183) ی حکومەتی ئێراق ئەو دەزگایە دامەزرا لە 29 ئابی ساڵی 1970کە وەک دەزگایەکی فەرهەنگی و کولتوریی ئەرکی پاراستن و برەودان بوو بە زمانی کوردیی و بایەخدان بەلێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی لە بواری زمان و مێژوو و کەلەپووری کوردیدا، هەروەها دانانی فەرهەنگی زمان و سازدانی کۆنگرەی زانستی و ئەدەبی و دەرکردنی گۆڤار و چاپکردنی پەرتووک و بەڵگەنامە کۆن و مێژووییەکان.
بۆ درووستکردنی کۆڕی زانیاری کورد کەڵک وەرگیراوە لە کەسایەتییە ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمییەکانی کورد له و سەردەمەدا
#هەژار موکریانی# بەم شێوازە ناوی دامەزرێنەرانی کۆڕی زانیاری کورد ڕیز دەکات:
1– #ئیحسان شێرزاد#، وەزیری بلدیات کە موهەندیسی میعماری و حقوقیە .
2– شێخ محەمەد خاڵ، کەنووسەرێکی مەشهوره و قازی شاری #سلێمانی#یە .
3– کاک مەسعود محەمەد، کوڕی جەنابی مەلای کۆیە کەهەم حقووقی وهەم عالمێکی عەرەبی زۆر بەناوبانگە.
4– دکتۆر #کەمال مەزهەر# کە لە لینیگراد دکتۆرای لەسەر مێژووی کورد لە سەدی بیستدا وەرگرتووە.
5– هەژار که کرا بە ئەندامی پێنجەم .
6– دکتۆر عەبدوڵڵا نەقشبەندی کۆنە مەلاو ڕەئیسی کوللی حسابداری ئێراق.
7– دکتۆر #پاکیزە ڕەفیق حیلمی# کە دکتۆرای لە ئەڵمان لەسەر زمان و ئەدەبی عیبری هەبوو.
8– دکتۆر عەبدولحەمید ئوترووشی ، کە قازی سوننی بوو لە بەغدا و زمانی کرمانجی دەزانی .
9– عەلائەدین سەججادی کە نووسەری ( مێژووی ئەدەبی کورد) و زۆر پەرتووکانە .
10– دکتۆر ناجی عەباس، کە دکتۆرای لە جوگرافیادا هەیە و خەڵکی #کەرکووک#ە .
هەر ئەم دەزگایە لە ساڵی 1973 یەکەمین ژمارەی گۆڤارێکیان دەرهێنا بە ناوی گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد کە 31 ژمارەی لێ دەرچوو.
ئەم دەکەسە بە ڕەسمی ناوی دەستەی دامەزرێنەرو سەرەکیمان لێنرا جگە لە م ناوانە کە ئەندامی کارایان پێ بەخشرا، کۆڕ چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیری و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بەشداربوون لە لیژنە جیاجیاکانی کۆڕدا
پێش درووستبوونی کۆڕی زانیاری کورد یەکێتی ئەدیبانی کورد لە بەغدا هەبووه کە ئەندامەکانی تێکەڵا و بوو لە ئەدیبانی شیوعی و پارتی و کەسانی بێلایەن
سەرۆکی کۆماری ئەوکاتەی ئێراق ئەحمەد حەسەن بەکر چل هەزار دیناری ئەوکاتە دەنێرێت بۆ کۆڕ وەک بودجەی ئەو دەزگایە. سەرۆکی کۆڕ (ئیحسان شێرزاد ) دەبێت ناوبراو کەسایەتییەکی سیاسی و ئەندازیاریکی بەتوانابوو ڕۆڵی هەبوە لە ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و شۆڕشی کورد، وەک وەزیر پێنج جار لە حکومەتەکانی عەبدولڕەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر بە وەزیری ئەشغاڵ و شارەوانیەکان بەشداریکردووە لە بوارەکانی ئەندازیاری و قانون و ئیدارە بڕوانامەی بەرزی بەدەستهێناوە ، ناوبراو بینای کۆڕی زانیاری کوردی درووستکردووە لەسەر ئەرکی خۆی کە بڕی دوو سەد هەزاردیناری تێچووە.
لەگەڵ جیهانی ڕۆشنبیری دەرەوە پەیوەندی مەحکەمی پەیداکرد. لە زۆر بنکەی سەقافیەوە نامه و دیاری بۆهات بەتایبەتیی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە کۆڕ بەپێی هەندێک لە ماددەکانی یاساکەی دەبوو پەیوەندی بەبنکەی سەقافی ناوەوە ودەرەوە بەتایبەتیی هیی وڵاتی عەرەب پته و بکات لەمەوە بڕیار درا کە چەند ئەندامێکمان هەریەکە سەر لە وڵاتێک بدات من سووریە و لوبنان و میسرم بەرکەوت
لە ساڵانی سەرەتادا جگە لە کەسانی ڕووناکبیری کوردی باشوور چەند گەورە نووسەر و شاعیری ڕۆژهەڵاتیش هاتنە ناو کۆرەوه و کاروچالاکیان هەبوو وەک مامۆستا مەسعود محەمەد دەڵێت: ( پەنابەرانی براکوردەکانی ئێران بۆ ئێراق جگەلە مامۆستا هێمن کە کۆڕ وەک ماڵی خۆی بۆی کرابوەوە، تێکڕایان بە خاوەنماڵ حساب دەکران، مامۆستایان #عەبدوڵڵا حەسەن زادە# و #حەسەن قزڵجی# هیی دیکەش...) .
حکومەتی ئێراق لە ساڵی 1978 بەپێی یاسای ژمارە ( 163) ( کۆڕی زانیاری کورد) ی هەڵوەشاندەوە و کردی بە بەشێک لە کۆڕی زانیاری ئێراقی و کردی به ( دەستەی کوردی ) بەڵام چالاکییەکانی کۆڕ بەردەوام بوو.
کۆڕی زانیاری کورد لە ڕێی گۆڤارەکەی گۆڤاری ( کۆڕی زانیاری کورد) و پەرتووک و بڵاوکراوەکانی و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خزمەتێکی گەورەی بە بوارەکانی ئەدەبی و فەرهەنگی و زانستی کورد کرد.
لە دوای ساڵی 1985رژێمی #بەعس# لەچوارچێوەی سیاسەتەکانی دژ بەنەتەوەی کورد مەودای کارکردنی کۆڕی بەرتەسککردەوه.
کۆڕی زانیاری کورد لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوودا، چەندین زانای کوردی بەناوبانگی لەخۆگرت لە ساڵانی (1970 1974) دا ئەندامانی ئەو کۆڕە توانیان بەرنامەی خۆیان ئەنجام بدەن و چەندین پەرتووکی چاپکراو و نامیلکەی زۆر لەبارەی #زمان و زار#اوەسازی بخەنە بەر دەستی خوێنەران و سەرەتایەک بۆ ڕێنووسی کوردی دابنێن.
لای بەشێکی زۆر لە نووسەران و ئەدیبان و شارەزایانی زمانی کوردی سەردەمی کۆری زانیاری کورد بەتایبەتیی چوار ساڵی یەکەمی بە گرنگترین و زێڕینترین سەردەم ئەژمار دەکرێت لە ڕوی گەشە و بەرەو پێشچون و پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی و دەتوانین بڵێین کورد مەرجەعێکی گەورەی زمانی هەبووە.
لە دوای ڕاپەڕین ئەو دەزگایە بەناوی (کۆڕی زانیاری کوردستان ) بەپێی یاسای ژمارە (12) ی ساڵی 1997 ی پەڕڵەمانی کوردستان دامەزرایەوە ، لە دوای بڕیاری یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی کوردستان لە ساڵی 2007 دا قانوونی کۆڕی زانیاری کوردستان ھەموار کر و ناوەکەی کرا بە ( ئەکادیمیای کوردی ) .[2]