بەسەدان سەر ئاژەڵ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان مرداربوونەوە، ئەوەش بەهۆی نەخۆشییەکی کوشندەوە که هەڕەشە لە سامانی ئاژەڵی ئه و سنوورە دەکات و تائێستاش وەزارەتی کشتوکاڵ بەهانای خاوەن ئاژەڵەکانەوە نەچووه و دەرمانی پێویستی پێنەداون تا ڕێگریی لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە بکات.
نەخۆشییەکە کە له رووی زانستییەوە FMD پێدەوترێت و خاوەن ئاژەڵەکان بە نەخۆشی تەوەق ناوی دەبەن و کاتێک لەهەر ئاژەڵێک دەدات لەماوەیەکی کەمدا دەیکوژێت، پاش ئەوەی ئاژەڵەکە توانای ڕێکردنی نامێنێت و تەواو لاوازی دەکات بەهۆی ئەوەی له خواردنی دەخات.
جاسم محەمەد خاوەن ئاژەڵ لە گوندی توکنی سەربە قەزای کفری کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە بەهۆی ئه و نەخۆشییە کوشندەیەوە تائێستا 70 سەر بەرخی گەورەی مرداربوونەتەوە بەخەندانی ڕاگەیاند: بەپێی ئەزموونی خۆیان لە بەخێوکردنی ئاژەڵدا ئه و نەخۆشییە تەوەقە، لەگەڵ ئەوەی بەرخەکان دەکوژێت مەڕەکانیش لەپێ دەخات و بە تەواوی لاوازیان دەکات و توانای ڕێکردنی نامێنێت و بۆ چەند ڕۆژێک لە خواردنی دەخات.
کاریگەری نەخۆشییەکە لەسەر ئه و ئاژەڵانە زیاترە کە کاتی زاوزێیانه و بەوهۆیەوە تائێستا زیاتر لە 100 سەر مەڕی جاسم کاتێک زاوزێیان کردووە بەمردوویی بەرخەکانیان لەدایکبوون.
ئه و خاوەن ئاژەڵە کە خاوەنی زیاتر لە 500 سەر مەڕە وتیشی "حکومەت دەرزی بۆ نەناردووین و لەکاتی تووشبوونی ئاژەڵ بەنەخۆشیەکە دەرزی و دەرمان ناتوانێت نەخۆشییەکە بنەبڕبکات".
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم زیاتر لە دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هاوکاریکردنی جوتیارو خاوەن ئاژەڵەکانی ڕاگرتووە، لەناویاندا پێدانی دەرزی دژە نەخۆشی تەوەق کە ساڵانە لەوەرزی پایزدا دەیدا بە خاوەن ئاژەڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئه و نەخۆشییە.
خاوەن ئاژەڵەکان لەترسی زیاتر تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکە، ئه و ئاژەڵەی بەهۆی نەخۆشییەکەوە مرداردەبێتەوە دەیکەنە ژێر خۆڵەوە تا نەخۆشییەکە نەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵەکانی دیکە.
ناهێڵن مەڕ و بەرخەکانیان به و شوێنانەشدا تێبپەڕێت کە ئاژەڵی تووشبوو پێیدا ڕۆیشتبێت، بەتایبەت ئەگەر شوێنەکە تەڕبێت، تا ڕێگە لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە بگرن.
بەهۆی نەخۆشییەکەوە، خاوەن ئاژەڵەکان ڕووبەڕووی زیان بوونەتەوە، بەتایبەت ئه و کەسانەی کە بۆ مەبەستی فرۆشتن مەڕ و بەرخ بەخێودەکەن.
جاسم محەمەد دەڵێت بەرهەمی ئاژەڵەکانی ئەگەر تووشی نەخۆشی نەبوایە لە ئێستادا کاتی فرۆشتنی بوو، بەڵام بەهۆی تووشبوونی به و نەخۆشیەوە زۆر لاوازبوون و پێدەچێت تاکۆتایی وەرزی بەهار بەکەڵکی فرۆشتن نەیەن "ئەمەش خەرجی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانم زیاد دەکات بەراورد بەساڵانی ڕابردوو، تائێستا زیاتر لە 20 ملیۆن دینارم خەرجکردووە بۆ بەخێوکردنیان".
ئه و گوندانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە سەرجەمیان سەربەقەزای کفرین و پێکدێن لە گوندەکانی دووڕاجی و توکن و تەپەسەوز و پیرەمۆنی ساڵەی و باشتەپە.
عەلی قادر خاوەن ئاژەڵێکی گوندی پاشتەپەی سەربەقەزای کفریە تائێستا زیاتر لە 100 سەر بەرخی مردار بووەتەوە بەهۆی نەخۆشییەکەوە، ناوبراو بۆ خەندان ئاماژەی بەوەکرد: نەخۆشیەکە بەشێوەیەکە هیچ دەرزی و دەرمانێک ناتوانێت ڕێگریی لێبکات، بەتایبەتی بەرخ به و پێیەی ناسکه و توانای بەرگەگرتنی نەخۆشیەکەی نییە.
وتیشی: "بەیانیان کە دەرگای ئاژەڵەکان دەکەینەوە واهەستدەکەین کۆمەڵکوژ کراون، نەخۆشیەکە شەوی زیاتر لە 15 سەر بەرخ دەکوژێت".
هەرچەندە ئامارێکی دروست نییە لەسەر ڕێژەی ئه و ئاژەڵانەی بەهۆی نەخۆشی تەوەقەوە مردار بوونەتەوە، بەڵام بەوتەی دانیشتووانی ئه و گوندانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە زیاتر لە 300 سەر بەرخی لە هەرگوندێک کوشتووه و نەخۆشییەکە تائێستا بەردەوامه و ڕێژەی مرداربوونەوەی مەڕ و بەرخەکانیش لە زیادبووندان.
عەباس عەلی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە خەندانی ڕاگەیاند: ئاگادارن ئه و نەخۆشییە لە گەرمیان سەریهەڵداوە لەناو مەڕ و بزن و ڕەشەوڵاخداو نەخۆشییەکە ئێف ئێم دی پێدەوترێت و لەناو خەڵکیشدا تەوەقی پێدەوترێت و نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە بە گشتی ساڵانە لە عیراق و وڵاتانی دراوسێدا سەرهەڵدەدات.
وتیشی: "هۆکاری سەرهەڵدانی نەخۆشیەکە هاوردەکردنی ئاژەڵە لە ناوچەکانی تری عیراق و وڵاتانی دراوسێ و نەکوتانیانە بە دەرزی دژە ڤایرۆسی تەوەق، بۆ بنبڕکردنی ئەم نەخۆشیە پێویستە ساڵانە دووجار دەرزی ڤاکسین له و ئاژەڵانە بدرێت".
عەباس عەلی ئاماژەی بەوەکرد، لە ناوچەی گەرمیاندا حەوت بنکە هەیە بۆ لێدانی دەرزی و دەرمان لە ئاژەڵان، بەڵام ساڵی 2015 بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانی خەرجی ئۆتۆمبێلی تیمەکان دابینبکەن، بەهۆی بایکۆتی فەرمانبەرانەوە تیمەکان نەیانتوانیوە بگەنە سەرجەم ناوچەکان و دەرزی و دەرمانی پێویست بگەیەننە گوندەکان.
- 01-03-2016