سەدا 85ی ئه و گەشتیارانەی لەم هەفتەیەدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەخوارووی عیراقەوە هاتوون، ئەوەش بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم.
بەپێی ئاماری دەستەکە کە دراوە بەخەندان، 156 هەزار گەشتیار لەسەرەتای ئەم هەفتەیە تا 13ی ئەم مانگە (دووەم ڕۆژی جەژن) هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
ئامارەکانی دەستەکە بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ، بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوو جیاوازه و ژمارەی هاتنی گەشتیاران تا 13ی ئەم مانگە واتە تا دووەم ڕۆژی جەژن، 34 هەزار گەشتیار زیاترە لەژمارەی گەشتیارانی کۆی ڕۆژەکانی جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوو کە 122 هەزار بوون.
نادر ڕوستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی وت "تائێستا ئاماری تا دووەم ڕۆژی جەژنی قوربانمان لایە کە لەبازگه و خاڵە سنوریەکان وەرمانگرتووە، کە 156 هەزار گەشتیارە... ئه و ڕێژەیە زیاتر دەبێت چونکە ژمارەی گەشتیاران ڕۆژانی پشووی جەژن بەردەوام زیادیکردووە".
وتیشی "زۆرترین گەشتیار لەشارەکانی خوارووی عیراقەوە بۆ هەرێم هاتوون بەجۆرێک نزیکەی سەدا 85ی گەشتیارانی هەرێمیان پێکهێناوە".
پارێزگای هەولێر، بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار پێشوازی لەزۆرترین گەشتیار کردووە لەم جەژنەدا کە 76 هەزارە لەکۆی ئه و ئامارانەی کە تائێستا تۆمارکراون، پارێزگای سلێمانیش لەڕیزبەندی دووەمدایه و 68 هەزار گەشتیار سەردانی کردووە، بەڵام پارێزگای دهۆک ناگاتە نیوەی ئه و ڕێژە گەشتیارەی چوونەتە سلێمانی.
جگە لەگەشتیاری عیراقی، گەشتیاری ئێرانی و تورکی و ئەردەنیش لەم جەژنەدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەوەش هەر بەوتەی ڕۆستی، "لەدوای شارەکانی خوارووی عیراق، زۆرترین گەشتیار لەئێرانەوە هاتوونەتە هەرێم".
- 16-09-2016