رۆژنیوز – هاوکارمستەفا
بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، لە ئەمڕۆوە لە مەرزی باشماخەوە ڕێژەی باج لەسەر هاوردەکردنی 222 کاڵاو شمەکی جۆراو جۆر زیاد دەکرێت، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزەکەش ئاماژە بەوەدەکات زیادکردنی ڕێژەی باج لەسەر ئەو کاڵا و شمەکانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر جوموجوڵی بازرگانی لەمەرزەکەدا.
زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی کاڵاو شمەک لەمەرزی باشماخەوە لە کاتێکدایە کە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم لەدۆخێکی گوزەرانی خراپدان، بەرپرسانی هەرێمیش هیچ وەڵامێکی دڵخۆشکەریان بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان پێ نییە.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە ڕۆژنیوزی وت:"دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بەمەبەستی جێبەجێکردنی سیستمی هاوبەشی گومرگی لەنێوان هەرێم و عێراقدا، لە قۆناغی یەکەمدا 235 کاڵاو شمەک ڕێژەی باجیان لەسەر زیادکرا، بەڵام لە نوسراوێکی نوێشدا کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەمان کراوە، دەبێت لە ئەمڕۆ 15-11-2016 وە ڕێژەی وەرگرتنی باج لەسەر 222 کاڵای دیکەش زیاد بکەین".
ئەوەشی خستەڕوو، زیادکردنی باج لەسەر ئەو کاڵا و شمەکانە بە جۆرێکە، کە لە %5 وە دەست پێدەکات بۆ %40 کە ئەوەش بەگوێرەی جۆری کاڵاو شمەکەکان دەگۆڕێت، هەروەها ئەو کاڵا و شمەکانەی کە باجیان لەسەر زیاد دەکرێت دابەشدەکرێن بەسەر هەشت جۆری جیاوازدا کە هەندێکیان ئاژەڵ و پەلەوەر دەگرێتەوە هەندێکیشیان خۆراک و هەندێکی دیکەشیان پێداویستی خانوبەرەو چەند پێداویستیەکی دیکەی جۆراو جۆر دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئەوەشی وت: لە ئەمرۆوە کار بەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم دەکەین، بەڵام گومانمان لەوە نییە کە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە بۆ وەرگرتنی باج کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کەمبونەوەی جموجوڵی بازرگانی لەمەرزی باشماخ، هەروەها گران بونی ئەو کاڵاو شمەکانە لەبازاڕەکانی هەرێمدا.
15-11-2016