بەڕێوەبەری پێشووی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ڕایدەگەیەنێت، #هەرێمی کوردستان# بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێویستە ڕۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و نرخی هەر بەرمیلێکیش 105 دۆلار بێت، پێشیوایە کورد ماوەیەکی درێژتر وەک بەشێک لە عێراق دەمێنێتەوە.
دەیڤید پیترایۆس بەڕێوەبەری پێشووی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (CIA) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی ئوسترالی لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت پێموانییە ئەوان [هەرێمی کوردستان] لە توانایاندا هەبێت سەربەخۆببن، ئێمە-وەک CIA- حسابی ئەوەمان کردووە پێویستیان بەوەیە ڕۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن لەکاتێکدا هەر بەرمیلێکی بە 105 دۆلار بێت.
هەروەها دەڵێت ئێستا ئەوان تەنها 800 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنن لە دۆخێکی زۆر باشدا و بەشێکی ئەو بڕەش هەناردە دەکەن و نرخی نەوتیش لە 40 دۆلاردایە. لەبەر ئەوە ئەوان هێشتا پێویستیان هەندێک لەو شتانە هەیە کە لەبەغداوە وەریدەگرن.
پیترایۆس ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دابەشکردنی داهاتی نەوت بەشێوەیەکی یەکسان بۆ پێکهاتەکانی عێراق خاڵێکی گرنگە بۆ هێشتنەوەی ئەوان لەو وڵاتەدا پێکەوە و دەڵێت سوننەکان وەک بەشێک لە عێراقدا دەمێننەوە و کوردەکانیش بەهەمان شێوە بۆ کاتێکی درێژتر وەک بەشێک لەعێڕاق دەمێننەوە.
پێموایە لەکۆتاییدا کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە دەوڵتێکی سەربەخۆبن و هاوڵاتییەکی سەربەخۆ بن، بەڵام دووبارە دەبێت ئەوان ڕێککەوتنێکی باشیان هەبێت. ئەوان پێویستە پێش ئەوەی ئەو سەرکێشییە بکەن، دەبێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە عێراق جیاببنەوەو ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ تورکیادا بکەن، پیترایۆس وادەڵێت.
01-07-2017