دوارۆژ، ڕێبین حەسەن
لە (37) هەمین ساڵیادی یەکەم ڕاپەڕینی #پێنجوێن#ییەکان، داوای دابینکردنی ڕێژەیەک لەداهاتی خاڵە سنوورییەکانی ناوچەکە دەکرێت، بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و چاککردنی ڕێگاوبانەکان و بەرپرسانی ئیداری پێنجوێن و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، پشتگیریی ئەو داواکارییانە دەکەن و لەئێستاشدا کەمپینێک بۆ جێبەجێکردنی داخوازی پێنجوێنییەکان پێکهێنراوە و دوارۆژیش لەم ڕاپۆرتەیدا، بەوردی تیشکدەخاتە سەر ئەو پرسە گەرم و هەنووکەییە، لایخۆشیەوە قائیمقامی پێنجوێن، دەڵێت دەمانەوێت هاوشێوەی داهاتی پتڕۆدۆلار بەشێک لەداهاتی (باشماخ و سەیرانبەن) بۆ پێنجوێن خەرجبکرێتەوە.
راپەرینی پێنجوێنییەکان
ئەمڕۆ 19-07-2017 ساڵیادی یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینی پێنجوێنییەکانە دژ بەزوڵم و ستەمی ڕژێمی پێشووی لەناوچووی بەعس کە پێنجوێنیەکان لەرۆژی 19-07-1980 بەهەموو چین و توێژەکانیانەوە ڕاپەڕین و لەماوەیەکی کەمدا توانییان تەواوی مۆڵگەکانی بەعس لەناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام دواتر و بەماوەیەک جارێکی تر بەعس چەپۆکی خۆی بەشێوەیەکی نامرۆڤانە بەرامبەر هاوڵاتیانی ئەو کاتەی پێنجوێن بەکارهێنا و گۆمێکی خوێنی دروستکرد.
کەمپینی گەڕانەوەی داهات بۆ پێنجوێن ڕاگەیاندرا
ئاسۆس کەمال، ئەندامی دەستەی کەمپینی (شەفافی لەداهاتی مەرزی باشماخ) و چالاکوانی مەدەنی لەپێنجوێن، بەدوارۆژی ڕاگەیاند لەساڵیادی یەکەم ڕاپەڕینی هاوڵاتیانی پێنجوێن، بەرامبەر بەدەسەڵاتدارانی پێشووی بەعس، هەستاین بەراگەیاندنی کەمپینێک، چونکە پێنجوێن، خاوەنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخە کە ڕۆژانە بەدەیان ملیار دیناری دەستدەکەوێت، بەداخەوە پێنجوێن بەپێی پێگەکەی بوایە، دەبوو ئێستا باشترین خزمەتگوزاری و پرۆژەی تیا جێبەجێبکرایە، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا ئەم شارە بێ خاوەنە و کەس لەخەمیدا نییە.
روونیشیکردەوە،لەبەر ئەو هۆیانەی پێشەوە، کۆمەڵێکی زۆر لەرۆشنبیران و نووسەران و چالاکوانان و کەسانی خاوەن دیدی نوێ، لەپێناوی ئەوەی کە چیتر داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ نەبێتە هۆی وێران بونی پێنجوێن و شێواندنی ژینگە و سروشتە جوانەکەمان، بەڵکو ببێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ شارەکەمان.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، کە لەسنووری پێنجوێنە و لەساڵی 2007 وە بۆتە مەرزێکی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام هیچ سودێکی دارایی بۆ پێنجوێن نییە، بۆیە داواکارین کە هەر هیچ نەبێت ڕێژەی لە10%ی مانگانەی ئەو مەرزە، وەربگیرێت بەناوی ئاوەدانکردنەوەی پێنجوێنەوە.
مانگانە داهاتی باشماخ، دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی
لایخۆشیەوە، زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، بۆ دوارۆژ، وتی: پێنجوێن لەرابردوودا، ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بووە لەکوردستاندا، بەڵام ئێستا بۆتە ناوچەیەکی ڕاگوزەری بازرگانی، تەنیا لەم ڕێگایانەوە کاڵاکان تێدەپەڕێنێت و پێنجوێنیش بۆتە جێگەی نوێنەری کۆمپانیاکان و کارەکانیان لێرە دەکەن.
وتیشی: لەبارەی داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، هێندەی ئاگاداربم، مانگانە ئەو داهاتەی کە دەست دەکەوێت، دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی، هەرچەندە بەداخەوە چەند جارێکیش داوامان کردووە، بەشێوەیەکی ڕەسمی، بەشێک لەداهاتی هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی (باشماخ) و مەرزی نافەرمی (سەیران بەن) بۆ خزمەتگوزاری قەزاکە خەرجبکرێتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ڕێگاوبان، بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان، پەکی کەوت، چونکە ئەو بابەتە پێویستی بایاسایە و دەبێت لەپارلەمانەوە دەربچێت.
قائیمقامی پێنجوێن، ئاماژەی بەوەشکرد: لەساڵی (2007)وە باشماخ، بۆتە مەرزێکی نێودەوڵەتی و بۆ ئەوەش لەهەوڵەکانمان بێ ئومێد نابین، پێنجوێنیەکان لەهەوڵی ئەوەدان لەئێستادا کە بەشێک لەو داهاتە بۆ خەڵکی پێنجوێن دابینبکرێت، هاوشێوەی ئەو ناوچانەی دیکەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، کە نەوتیان تێدایە و بەشێک لەداهاتەکەی بەشێوەی پیتڕۆ دۆلار خەرجدەکرێتەوە.
ناوبراو، جەحتیشیکردەوە ڕاستە ئەم مەرزانە زیانیان هەیە بۆ ژینگە و سروشت و ڕێگاوبانەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەم تا زۆر هەلی کاریان بۆ هاوڵاتیانی پێنجوێن و دەوروبەری ڕەخساندووە.
سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخ: پێویستە ساڵانە بەشێک لەداهاتمان بۆ پێنجوێن دابنرێت
ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بۆ دوارۆژ، وتی لەم ڕۆژەدا کە ساڵیادی ڕاپەڕینی پێنجوێنییەکانە، پێنجوێن هەمیشە لانکەی شۆڕش و کوردایەتی بووە، بۆیە جێگەی خۆیەتی دوای کۆتایی هاتنی قەیرانی دارایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕ لەم شارە جوانە بدەنەوە.
ناوبراو، هێمای بۆ ئەوەشکرد: پێویستە ساڵانە بەشێک لەداهاتی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ کە دەکەوێتە سنووری پێنجوێنەوە، تەرخان بکرێت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گوندەکانی پێبکرێتەوە و ڕێگاوبان و شوێنە گەشتیارییەکانی پێ ببوژێندرێتەوە.
شایەنی باسە، مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەساڵی 2007وە بۆتە مەرزێکی ڕەسمی لەنێوان قەزای پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانی و شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژانە کاروباری بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەردوولادا لێوە ئەنجامدەدرێت و بەو هۆیەشەوە داهاتێکی باشی بۆ مەرزەکە هەیە کە بەپێی ئامارەکانی مەرزی باشماخ، تەنیا لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا واتە ساڵانی (2015 و 2016) داهاتی ساڵانەی گەیشتۆتە نزیکەی 500 ملیار دینار.[1]
20-07-2017