بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی ڕۆژی شانزەی ئاب، حەفتاویەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی کادیر، ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو چین وتوێژ و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم.
پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموکراتی، نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا هاوشان لەگەڵ هێزە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکانی تری کوردستان ئامرازی بەرگریکردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی کوردستان لە هەموو قۆناغەکاندا.
پارتی لە دروشم و لە کرداردا، پێشەنگ و هەڵگری بەرپرسیارێتیی بووە لە قۆناغە گرنگەکانی خەباتی گەلی کوردستان و ئێستایش لە قۆناغی بنیاتنان و شەڕی تیرۆر و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بە شانازییەوە خاوەنی هەمان ئەرک و ڕۆڵە و لەم ڕێگەیەدا قوربانیی بێهەژماری داوە.
لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری وکۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵکی کوردستان بکەم، ئەو خۆڕاگرییە مکوڕترمان دەکات لە هەنگاونان بەرەو ئاییندە و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان. ئەوەیش دووپات دەکەمەوە باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی کوردستانە. سەربەخۆیی کوردستان و ئاشتی و پێکەوەژیان ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێکە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆیی کوردستان هەیە.
داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم کە بە هەموو توانایەکیان هاوشان لەگەڵ هەموو خەڵکی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بن، چونکە جگە لە سەربەخۆیی، گەلی کوردستان هیچ ڕێگەیەکی تری لەبەردەم نییە، ئەوەیش لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی کارەساتەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی و بووژانەوە.[1][2]
مسعود بارزانی
15-08-2017