سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی دەربازنەبوونی تاوانباران لە سزا ڕایگەیاند، لەماوەی 10 ساڵدا 1440 پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی عێراق بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی دەربازنەبوونی تاوانباران لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ساڵانی 2010 بۆ 2018 دا، (898) حاڵەتی پێشێلکاری لە گرتن و لێدان و ڕێگری بەرامبەر (1440) ڕۆژنامەنووس کە (1328) ڕۆژنامەنووسی نێر و (64) ڕۆژنامەنووسی مێینە ئەنجامدراوە.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، (347) حاڵەتی پێشێلکارییەکان لە #هەولێر#، (285) حاڵەت لە #سلێمانی#، (107) حاڵەت لە #دهۆک#، (59) حاڵەت لە #کەرکووک#، (18) حاڵەت لە #هەڵەبجە#، (18) حاڵەت لە #موسڵ#، (6) حاڵەت لە #کفری#، (6) حاڵەت لە #خانەقین#، (5) حاڵەت لە سەڵاحەدین، (4) حاڵەت لە بەغداد و (4) حاڵەت لە دیالە ڕوویانداوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دادگاکان و داموودەزگا ئەمنییەکانی، نەک هەر ئەرکیانە بکوژانی ڕۆژنامەنووسان بدۆزنەوە و بە سزایان بگەیێنن، بەڵکو ئەرکی گرنگتر لەوە و سەرەکییان ئەوەیە، کە پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسان بکەن و پیشەکەیان لە چوارچێوەی یاسادا ڕێزی لێبگیرێت و کاری ڕۆژنامەنووسانی پرۆفیشناڵ بە فەرمی بناسرێت و ڕێزی لێبگرێت.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوادەکات، کە یاسای ژمارە (35) ساڵی 2007 (یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی) و یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 (یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری) وەکو دوو یاسای پارێزەری مافەکانی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێبکرێن.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەشڵێت، وەکو ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گلەییمان هەیە و نیگەرانین کە وەکو پێویست ئەو ڕێوشوێنانە نەگیراونەتە بەر و لە زۆر کاتدا وەکو پێویست هاوکاری سەندیکا نەکراوە و مامەڵەی پێویست بۆ ڕاپۆرتەکانی (لیژنەی داکۆکی و ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان) نەکراوە و مامەڵەی دروست و تەندروست لەگەڵ هاوپیشەکانمان نەکراوە، کە لە ژێر چەتری سەندیکادا وەکو مەرجەعی خۆیان سەیردەکەن و چاوەڕێی مافەکانیانن.[1]
#02-11-2018#