بە تەنها لەم گوندە نییە توشبووانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، بەڵکو لە سنوری بازیان بەگشتی ژمارەکە ڕوو لە زیادبوونە، بە جۆرێک بەگوێرەی داتا کۆکراوەکانی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی ناوچەکە 2500 کەس تووشی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و کۆئەندامی هەناسە و نەخۆشییەکانی چاو بوون.
ئێستا ژمارەیەک ڕێکخراوی سنوری ناحیەکە زیاتر لە 2000 واژوویان کۆکردووەتەوە و لە دادگا سکاڵای یاساییان دژی ئەو کارگە و کۆمپانیایانە تۆمارکردووە کە بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە.
نەوزاد نوری بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان باسی لەوە کرد، چاودێریی تەواوی کارگە و کۆمپانیاکان دەکەن و، سزای ئەو کارگە و کۆمپانیایانەشیان داوە کە بەدەر لە ڕێنماییە ژینگەییەکان کاردەکەن.
لە دوای ساڵی 2003وە بازیان لە ناوچەیەکی کشتوکاڵییەوە بووە ناوچەیەکی پیشەسازی، بە جۆرێک لە ئێستادا زیاتر لە 150 کارگە و کۆمپانیای وەبەرهێنانی گەورە و بچووکی تێدایە، کە زۆرێک لە کارگە گەورەکانی پیشەسازی قورس لە هەرێمی کوردستان لەم سنورەن.[1]