توندوتیژی نەشئەی خۆی هەیە، سەرەڕای هەموو ناشرینییەکانی، ساتێکی هەیە بەدەست خۆت نیە حەزت لێیەتی! کۆنترۆڵکردنی ئەو ساتەو پێچەوانەکردنەوەی ئەو حەزە هۆشیارییەکەی باڵایە.
سەیرکە هەموو خۆپیشاندانێک لەو چرکەساتەیدا کە لە کۆنترۆڵ دەرئەچێ و سەرئەکێشێ بۆ توندوتیژی، خۆشییەکی تایبەتی هەیەو خۆپیشاندەر هەرلەخۆیەوە ئەکەوێتە هوهاو فیکەلێدان و جەوێکی شاد، بۆ ساتێک هەرلەخۆتەوە شا بە سەپان نازانیت.. بەڵام زۆرناباو هەرکە پۆلیس بە تێڵاو شەق و چەکەوە دێن و کوژراوێک لەملاو برینارێک لەولاوە ئەبینیت، ئینجا هۆشت دێتەوەو ئەزانی لە چ وەهمێکابوویت!
حەز بۆ توندوتیژی، ئەشێ بۆ ڕازیکردنی دیوە شەڕانییەکەی ناوەوەی خۆمان بێت. یان ڕەنگە هی ئەوەبێت کە توندوتیژی هێزەو لە بەکارهێنانیدا هەست بە بەهێزیی ئەکەین. یاخود شەرعیەتی توندوتیژی لە مەزڵومییەت و ڕەوایەتی دۆزێکەوە ئەهێنین. یان هێز دەسەڵاتەو مرۆڤیش تا ڕادەی نەخۆشیی حەزی لە دەسەڵاتە.. پاساو هەرچیبێت ڕەهەندێکی توندوتیژی حەزە، زیاتر لە هەموو فاکتەرەکانی تریش ئەو حەزەیە کە نایەڵێ توندوتیژی کاڵببێتەوە!
توندوتیژی پاساوی مەنتقی و مەوزوعییشی هەبێت یان نا، شتەکە زیاتر حەزە وەک لەوەی پێویستیی بێت، بۆیە پێشکەوتنی بواری سەربازی، هەمیشە لەپێش پێشکەوتنەکانی بواری پزیشکییەوەن لەکاتێکا دووەمیان پێویستترە.
سەیرکە خەباتگێڕانی #هەدەپە#، لە خۆپیشاندان لە زیندان لە کاتی مانگرت لەناو دادگا.. لە هەموو وێنەکانا زەردەخەنەیەک لەسەر لێویانە! خۆ ئەوان ماسۆشی نین حەز بە ئازارەکانی خۆیان بکەن، بەڵکو ئەوە زەردەخەنەی ئیرادەیە، ئیرادەیەک کە توانیویەتی حەز بۆ توندوتیژی پێچەوانەبکاتەوە بۆ حەزکردن لە ناتوندوتیژیی.
ئەوان بە بیرو بڕوایەکی پتەوەوە یەکلان بۆ خەباتی مەدەنی ناتوندوتیژ، تا ڕادەی ئەوەی کە کەیفی لەگەڵا بکەن! گەیشتن بەو مەرحەلەی حەزەش کۆدو نهێنی بەردەوامبوونە لە خەباتی مەدەنی.
ئەو حەزەش لە هۆشیارییەکی قووڵەوە هاتووە، هۆشیاری بەوەی کە چیتر هێز ناتوندوتیژییەو ناتوندوتیش هێزە. دوای ئەم یەقینە ئیتر تۆ ئیرادەیەکت هەیە، دوژمن هەرچەن بەهێزبێت بە پێوەری توندوتیژی، تۆ گاڵتەت لێدێ چونکە لە شوێنێکی ترەو لەو بەهێزتریت، ئەو زەردەخەنەیەش لەوێوە هاتووە!
من باسی خەیاڵت بۆ ناکەم، ئەسڵەن جوانترین شتی ناتوندوتیژی هەر ئەوەیە کە حەقیقەتەو خەیاڵ نیە. بەڵام چونکە توندوتیژی زاڵ و بەرچاوەو هەر ئەو ئەبینیت، ئیتر وائەزانینیت ناتوندوتیژی خەیاڵەو نیە.
واقعی ئێمە پڕە لە توندوتیژی و شەڕوشۆڕیش دایمە ئاسایی و ئەگەرە، بەڵام با لەپاڵەوە تۆوێکی ناتوندتیژیش بچێنین، ئیتر کەی پێئەگاو کەی بەرئەگرێ، ئەوەیان بۆ کات.
ئێمە ناتوانین خۆمان لە توندوتیژی لادەین (بەڵام چیتر با چێژی لێ وەرنەگرین.) ئێمە ناتوانین توندوتیژی لە دنیای خۆمان بکەینەوە، بەڵام با حەزی توندوتیژی لە دەروونمان بکەینەوە. مەسەلەن چەنێک هاوسۆزی شیلادزێی ببە، چەنێک هیوای سەرشۆڕی بۆ دوژمن و سەرکەوتن بۆ خەڵکی خۆمان ئەخوازی بخوازە.. بەڵام چیتر موتعە لە وێنەی دوکەڵ و سەیارەی سوتاو کەلاکی ئینسان وەرمەگرە.. هەر ئەونە.
(ئیتر لەگەڵ هەر ڕوداوێکیشا دوور مەڕۆ بۆ شیکاری ستراتیجی ئەمریکاو ڕوسیاو ناوچەکەو جیهان.. بەڵکو بیکە بە دەرفەت بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆت و شتێکی خۆتی پێ دەسکاری پێبکە.) بەوەش ئیتر تۆ لە قاڵبێکا ناوەستیت و بەردەوام ئەگۆڕێیت، لەو گۆڕانانەش تایپێکی تری ئینسانی ئێمە دروست ئەبن، کە بێگومان سەرکەوتنەکان ئەوان ئەینو#سنە#وە نەک ئێمەی چەقبەستوو، چونکە دواجار دنیا ئەوانە دەسکاری ئەکەن، کە ئەتوانن دەسکاری عەقڵی خۆیان بکەن[1].