توند و تیژی و گوشار بۆ سەر ژنان و ئافرەتان لە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێهەم زەقترین و بەرچاوترین دیاردەکانی ئەمڕۆی سەردەم و مرۆڤایەتییە. بە کار هێنانی هێزی سەرکوت و ڕووخێنەر لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردەواریدا بە تایبەت زۆر زاڵە بە سەر ژنان و ئافرەتانی نەتەوەکەمان کە بەشێکی گەورەن لە پێکهێنەرانی کۆمەڵگای و هاوکات بەدیهینەر و ئافرێنەر و دایکی نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگا.
دوابەدوای شۆڕشی گەلانی بندەستی ئێران و هاتنە سەر کاری ڕژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دەسەڵات ژنانی ئێرانی و لە سەرووی هەمووانەوە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر چەوسێندرانەوە و ژیان و باری ئابووری و ڕەوتی ئازادییەکانیان کەوتە مەترسییەوە و هەموو ئازادییە مرۆڤایەتییەکان و بەها ئینسانییەکانیان لێ زەوت کرا و لە ژێر ناوی نامووس و شەرەف پاراستنی بنەماکانی ئایینی ئیسلام گوشارێکی زۆر خرایە سەر ئەم بەشەی کۆمەڵگا و ئافرێنەرانی میژوو. هەر لە سەرەتاییترین ساڵەکانی هاتنە سەر کاری ڕژیم گوشاری حیجاب و لەچک سەر کردنی زۆرەملی بۆ ژنان و ئافرەتان و بەردباران کردنی ژنانی تاوانبار و نەدانی بچوکترین ئازادییەکان و هاوبەشی لە کاروباری بە کۆمەڵ و حۆکمە نالەبارەکانی دەزگا دادوەرییەکانی ئێران لەوانە ئەوەی کە دوو ژن بە پیاوێک بە هەژمار دەهاتن و دابەش کردنی میرات و بەشەماڵ بە سەر بنەماڵەدا و هەژمار کردنی ژنان دیسان بە نیوە و نیوەچڵی گوشارێکی زۆری خستە سەر ئافرەتان و هاوکات زوڵم و زۆری بنەماڵە و باوک و برا و مێرد بۆ سەر ئافرەتان و ڕێگری لە بەشداری کردنی ئافرەت لە زۆر بۆنە و کۆبوونەوە و تەنانەت ڕێورەسمە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئێرانی و کوردستانی تەنیا بە بیانووی ژن بوون و نیوەی کۆمەڵ. سەرجەم ئەم ڕێگرییانە بوونە هۆکاری ئەوەی ژن و ئافرەت بەردەوام وەکوو هێزێکی بچووک و نیوە سەیر بکرێن و هاوکات ژنان خۆیان زۆر بە کەم سەیر بکەن و زۆربەی حەز و هیوا و خولیاکانیان بشارنەوە و هێزەکانیان لە وجوودی خۆیان دا سەرکوت بکەن و دەنگیان لە بنەڕەتدا بخنکێت و ڕیگای بەشداری هەر چەشنە چالاکییەک لە خۆیان زەوت بکەن.
زۆر جار دەبینرا لە کۆمەڵگای کوردەواوری بە تایبەتی و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران ڕێگای خوێندن و فێربوون لە ئافرەتان زەوت بکرێت و ڕێگا نەدرێت بچنە مەکتەب و قۆتابخانەکان بە بیانووی پاراستنی شەرەف و دەستەواژەکانی بۆچییەتی سبەی ڕۆژ شوو ئەکات و ئەچیتە ماڵە مێرد و نایەوێت و دەیان و سەدان بیانووی بێ بنەمای دیکە کە بە داخەوە لە لای ژنان و ئافرەتانیش وەکوو حۆکمێکی لە سەرەوە وەرگیرابوو و هێزی پرسیار و بۆچوون و ڕادەربڕینی لێ ئەستاندبوونەوە و هەموو بابەتێکیان بە لارەملی و ملکەچی بە ناچار وەردەگرت و ڕێگایان ئەدا مافەکانیان لە لایەن دەسەلات و لە سەرووی هەموو ئەوانەوە بنەماڵەیان لە ژێر پێ بنرێت و بێبەش بن لە سەرەتاییترین مافەکانی وەکوو خوێندن و هەلبژاردنی هاوبەشی ژیانیان و توانای ئەوەی کە بتوانن ئیش و کار و چالاکییەک بکەن و وەکوو بندەست و لارەمل سەیر نەکرێن.
لە گەڵ بەره و پێشچوونی کۆمەڵگا بە هاتنی ئینتەرنێت و سەتەلایت و تەلەفوون و دەیان ئامرازی دیکەی بەره و پێشکەوتوویی و بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری و هۆشیاری جەماوەر و کۆمەڵگا ڕێگا خۆش کرا بۆ دەرکەوتن و خۆپیشاندانی زیاتری ئافرەتان و کۆمەڵێک ئازادی زەوتکراو کە وەک باسکرا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بوو لە بەر چاوی ئەم بەشەی کۆمەڵگا ڕوون و ئاشکرا کرا و بە ناچار کۆمەڵگا ملکەچی خواستەکانیان بوون. مخابن ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی دوای ساڵانێک تا ئێستا دانی بە سەرەتاییترین مافەکانی ژنان وەکوو بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا و نیوەی زیاتری کۆمەڵگادا نەناوە و بە سەپاندنی زوڵم و زۆر و پێشێل کردنی مافە ڕەواکانیان بەردەوام بووە لە گوشار خستنە سەریان و بە بیانووی جوراوجۆر وەکوو لە بەرکردنی جل و بەرگی داپۆشراوی زۆرەملی و سەرکۆت بە بیانووی ئەوەی کە بەشداری ژن بۆ وێنەی لە یاریگاکان و شوێنە گشتییەکان دژی بنەماکانی ڕژیمی ئیسلامییە ڕێگریان کردووە لە بەشداری ژنان لە زۆربەی بۆنە و ڕێوڕەسم و میتینگ و کۆبوونەوە چارەنووس سازەکانی وڵات و نەتەوەکانیان.
بە داخەوە لە ساڵانی ڕابردوو دا بە شوو دانی زۆرەملی کچان و ئافرەتان لە لایەن بنەماڵەکانیان لە کۆمەڵگای کوردەواری و کۆمەڵگا نەتەوەییەکانی دیکە زۆر باو بووە و بنەماڵە قەت بڕوایان به و بابەتە نەبووە کە مافی هەلبژاردن بە کچان و خۆشکانی خۆیان بدەن و زۆر جار ئافرەتانیان لە پێناو مڵک و ماڵ و پارە و دەسەڵات بۆ خۆیان بە کەسانێکی نەناسراو و نەشیاو و بە تەمەنتر لە کچانی و خۆشکانی خۆیان داوە و هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لە سەر ڕابردووی ئه و کەسانە نەکردووە و بە دەس خۆیان و بە زۆرەملی داهاتووی مناڵەکانیان بەره و ئاقارێکی زۆر خراپ بردووە.
دیاردەی خۆکوژی لەم ساڵانی دواییەدا تا ڕادەیەکی زۆر لە ناو ژنانی کوردەواری زیادی کردووە بە پێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و لە سەرووی هەموویانەوە بە پێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی “هەنگاو” تەنیا لە ساڵی ڕابردووی زایینی دا ڕێژەیەکی نزیک بە 86 ژن دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانی خۆیان لە دەست داوە کە زۆربەیان بە هۆی دەسکۆرتی بنەماڵەکانیان و پێکهێنانی زۆرەملی ژیانی هاوبەش و بە کار هێنانی زەبر و زۆر لە لایەن بنەماڵە و مێردەکانیانەوە دەستیان داوەتە ئەم کارە و گیانی خۆیان لە سەر داناوە. هاوکات و لە هەمان کاتدا هەر ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی دیکە نزیک بە 27 ژن و کچ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە لایەن کەسە نزیکەکانی خۆیانەوە وەکوو مێرد و باوک و برایان کوژراون و گیانیان لە دەست داوە و لە گەڵ ئەوەش ڕێژەی خۆ سووتاندن بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە و ڕۆژ نیە هەواڵی گیان لە دەستدان و خۆکوژی خانمێک یان کچێک بەر گوێی بیسەران و کۆمەڵگا نەکەوێت.
تیرۆری کەسایەتی و ڕووخاندنی باری دەروونی و هێرشی جەستەیی بۆ سەر ژنان و ئافرەتان و بەکارهێنانی ژنان وەکوو ئامێرێک و سەیرکردنیان بە چاوی سووک بە تایبەت لە کۆمەڵگای بچووکی کوردەواری و نەتەوە بندەستەکانی دیکە کاڕیکی وەهای کردووە ژنان کە بەشێکی بەرچاوی ئه و کۆمەڵگایەن خۆیان لە بەشداری لە چالاکییەکان دەشارنەوە و تووشی گرفتی دەروونی و ڕووخانی شەخسیەتی و باری دەروونی دەبن و زیاتر گۆشەگیر دەبن. لە زۆر حاڵەت پەنا بۆ خۆکوژی و دەرمانخواردکردنی خۆیان دەبەن و پشت لە ماڵ و مناڵ و هەموو ئاواتەکانیان دەکەن و گیانی خۆیان لە دەست دەدەن و لە زۆر حاڵەتی دیکە دا تووشی خەمۆکی و گۆشەگرتن و پەستانی ڕۆحی و دڵ مردوویی دەبن و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کارتێکەری دەبێت لە سەر کۆمەڵگا و چوار دەوری خۆیان و بنەماڵەکانیان.
گوشار و زەخت و زۆری ناوەندە ئەمنیەتیی و حکومییەکان لە چەن ساڵی ڕابردوودا بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە ڕێگای بەشداری ئه و چینە لە کۆمەڵگایان لە چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکان بە تەواوەتی لەوان زەوتکردووە و هەر بە پشتبەستن بە دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی هەنگاو تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا 46 ژنی کورد لە پارێزگا کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاوانی بەشداریکردن لە چالاکی سیاسی و مەدەنی و ئایینی دەسبەسەر و ڕەوانەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراون و بە دڕندانەترین شێواز لێکۆڵێنەوەیان لێکراوە و لە باری ڕۆحی و ڕەوانی و جەستەیی ئەشکەنجە دراون و زۆر جار بۆ ماوەیەکی زۆر ڕێگایان پێنەدراوە پێوەندی لە گەڵ بنەماڵەکانیان بکەن لەوانە خاتوو زارای مۆحەممەدی یان “زارای نیشتمان” مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی تەنیا بە تاوانی فێرکاری زمانی دایکی بۆ منداڵانی کوردستان ماوەی چەن مانگە دەسبەسەر و شوێنی ڕاگرتنی نادیارە و تەنانەت بنەماڵەکەی ئاگاداری ڕەوتی سڵامەتی و چارەنووسی ناوبراو نین. لە هەمان کاتدا گوشار بۆ سەر چالاکانی و نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی ژن تەنیا بە هۆی ژن بوونیان و دژایەتی لە گەڵ یاسا بنەڕەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕێگای بەشداری خانمانیان لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی کۆمەڵگا گرتووە و ڕێگای جموجووڵ و چالاکییان لە ژنان و ئافرەتان بە تەواوەتی زەوتکردووە.[1]
ئەمین خەواله