ئایا بەڕاست پێدانی دەسەڵات بەپارێزگارێک بۆ دامەزراندنی چوار باخەوان بۆ ئاودانی گوڵ و دار و سەوزایی جەزرە وەسەتی شەقامەکانی #سلێمانی# بەبێ گەڕانەوە بۆ (سەرۆکی حکومەت و چوار وەزیر) ئه و هەموو دڵەڕاوکێیە ئەهێنێ ؟!
ئەرێ خەرجکردنی موستەحەقاتی بودجەی پارێزگایەک بەبێ ناردنی دەیان نامەی پاڕانەوە و ڕجا و تکا بۆ پایتەخت پێویستی به و هەموو پڕوپاگەندە بێ سەروبەره هەیە ؟!
هەر بەڕاست ئایا هەڵگرتنی ئه و هەموو ڕۆتینە ئیدارییە و ئاسانکاری لەپێناو باشتر ڕایی کردنی ئیش و کاری هاووڵاتیاندا ئه و هەموو لەرز و تایەی ئەوێت ؟!
لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختی لەسەر هاوبەشی ڕاستەقینە و لامەرکەزییەتی کارگێڕیی و دارایی و پرسی #کەرکووک# و ناوچە جێناکۆکەکان و هاوبەشی فیدراڵی کردەوە و هەرئەوەش بووە هۆی پێکهێنانی کابینەکە، بەڵام لەدوای تێپەربوونی سیانزە مانگ بەسەر پێکهێنان و دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە و لە بەرواری05-05-2020ئەنجومەنی وەزیران لەپەیامێکیدا جەختی لەسەر کارکردن بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی کردەوە، بەجۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەپێی یاسا، هەڵبەت ئەوەش لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەتدا..
بەمەش هەلهەلەی بۆ عەدەم تەرکیزی ئیداریی لێدا و لامەرکەزییەتە دارایی و کارگێڕییە ڕاستەقینەکە لەسایەی ئیجماعێکی حیزبی کاتی پشتبەست بەبڕیارێکی خودی خۆی، نەک پڕۆژە یاسایەکی تۆکمەی دەستوری قوت ئەدرێت..!! ئەوکاتیش ئەبێ بڵێین سەد ڕەحمەت بە حوکمە زاتیەکەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، کە هەم دەسەڵاتی زیاتری بەخشی بوو بەپارێزگاکان و هەمیش پشت بەستوو بوو بە یاسایەک نەک بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران..!!
هەر بۆیەش لە پێناو (جێبەجێنەکردنی لامەرکەزییەتێکی ڕاستەقینەی پشت بەستوو بە یاسا) هەر که ناوی لامەرکەزییەتی ئیداری و دارایی دێت یەکسەر سلێمانی و ئیدارەکەی بەکۆمەڵێک قسەی پڕوپوچ تۆمەتبار دەکرێت، وەک ئەوەی سلێمانی ئه و سیستمەی لە فەزاوە هێنابێت و ئاخیری دنیا بێت، ئەم باس لە کێڵگەی غازی کۆڕمۆر دەکات و ئه و خەیاڵی بۆ نەوتی #گەرمیان# دەچێت و ئەوەکەی تر بەبڕینی کارەبا لە#هەولێر# ئەیبینێت، ئەم ئەیخاتە چوارچێوەی دابەشکردنی کوردستانەوە و ئه و بە دوو ئیدارەیی لەقەڵەمی ئەدات و ئەوەی تریش بە باسی مەترسی نەمانی قەوارەی جوگرافیی هەرێم دەرخواردی خەڵکی دەداتەوە..!!
لێرەدا بە گرنگم زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بخرێتە بەر دیدی داواکارانی لامەرکەزییەت،
کە خواستی ئێمە لامەرکەزییەتێکی دارایی و کارگێڕیی ڕاستەقینەی مۆدێرنە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم، کە دەسەڵاتەکانیان بەشێوەیەکی ئاسۆیی هاوشانی حکومەت بێت، نەک ملکەچ و بندەستی بڕیاری مەرکەز، کە هەمیشە پشت بە کۆدەنگیی حیزبی کاتی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ببەستێت و بەشێوەیەکی کاتی هەندێک لە دەسەڵاتەکان بە پارێزگاکان ببەخشێت و هاوشێوەی شمشێرەکەی (دیمۆکلیس) لەژێر ڕەحمەتیدا دەسەڵاتەکانیان پەیڕەو بکەن و هەرکات وویست و کۆدەنگی حزبی کاتی نەما ملی پارێزگاکان بپەڕێنێت..!!
ئەوەش زۆر چاوەڕوان کراوە لە هەرێمێکدا کە جۆر و سیستمی حوکمڕانیەکەی بووەتە گەورەترین مەتەڵ، خۆم زۆر جار بەسیستمی وەیخڕ پاشایەتی ناوی ئەبەم، بەڵام ئگەر ڕاستتان ئەوێت هێشتا هەر سیستمەکەی وەیخڕ پاشا دیموکراسییانەتر و ڕوونتر ئەبینم، خۆ هەر هیچ نەبێت جارجار لەدەرکردنی فەرمانەکانیدا ئەگەڕایەوە بۆ (سەقەندوس)ی وەزیر، بۆیە هیچ بەلامەوە سەیر نیە لە سیستمێکی هاوشێوەی وەیخر پاشایدا هەندێک پەرلەمان بە دیوەخانی ماڵی باوکیان بزانن و لە لامەرکەزییەتیش بتۆقن..!![1]