رێکخراوی سیزفایەر، کە ڕێکخراوێکی بەریتانییە لە بواری مافەکانی مرۆڤ کاردەکات، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یاسا بۆ توێژینەوە و ڕاوێژکاریی یاسایی کە ڕێکخراوێکی کوردییە ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی #عەفرین# دوای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ ئەو شارە بڵاوکردووەتەوە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات:دیمۆگرافیای عەفرین بە تەواوی گۆڕاوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە عەفرین پێش هێرشەکانی تورکیا 200 هەزار کەسی تێدا ژیاوە کە 92٪یان کوردبوون، بەڵام لەکاتی داگیرکاریی تورکیادا 137 هەزار کەس شارەکەیان چۆڵ کردووە، ئەوانەشی کە دواتر ویستویانە بگەڕێنەوە عەفرین یان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە ڕێگەیان لێگیراوە یان بە پێدانی بەرتیل ڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە.
تورکیا ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی عەرەبی زیاتر بچنە عەفرین و بەمەش دیمۆگرافیای شارەکەی گۆڕیوە و ئێستا عەرەب لەگەڵ تورکمان لە عەفرین نزیکەی 50٪ تا 70٪ی شارەکە پێکدەهێنن.
ئەو عەرەبانەش کە هێنراونەتە عەفرین لەو عەرەبە سوورییە ئاوارانە بوون کە بەهۆی شەڕی سووریاوە ڕوویان لە تورکیا کردبوو.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات تەنانەت ژمارەیەک خێزانی تورکمانی عێراق کە خەڵکی تەلەعفەرن هێنراونەتە عەفرین و لەوێ جێگیرکراون، ئەمە جگە لە خێزان و کەسوکاری چەکدارانی سەر بە کەتیبەی چەکداری سوڵتان موراد. ئەوانەش خانووی کوردەکانی عەفرینیان داگیرکردووە و لە ناو عەفرین و گوندەکانی دەوروبەریدا دەژین.
تورکیا ڕێگەشی داوە چەکدارانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا جگە لە داگیرکردنی ماڵی کوردەکان لە عەفرین، خانووەکانیشیان بفرۆشن، دەشڵێت خانووی کوردانی خەڵکی عەفرینیش بە 3000 تاوەکو 5000 دۆلار فرۆشراون.
راپۆرتەکە دەڵێت عەفرینی داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە ڕووبەڕووی پێشێلکاری بووەتەوە و تورکیا ئەنجوومەنێکی نێوخۆیی لە شارەکە دروست کردووە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە سەرپەرشتی دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لەکاتی هێرشەکانی تورکیا لەنێوان مانگی ئادار و نیسانی 2018دا 699 لە خەڵکی مەدەنی کوژراون.
راپۆرتەکە دەشڵێت، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تورکیا بۆردوومانی ئەو ناوچانەشی کردووە کە خەڵکی مەدەنی تێدابووە و لەو چوارچێوەیەشدا چوار ناوچەی شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی لەناو شاری عەفرین و شەش گوندی چواردەوری عەفرینی بۆردوومان کردووە و لەو هەموو ئەو شوێنانەش خەڵکی مەدەنی کوژراون. داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە بووەتە هۆی خاپوورکردنی قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەکان و ژێرخانی گشتی لەو شارە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە تورکیا باڵەخانەی دادگای عەفرینی کردووە بە بنکەی سەرەکیی سەربازی و هەواڵگریی تورکیا و یەکە سەربازییەکانی دیکەش لە شوێنە جیاوازەکانی شار جێگیرکردووە، ئەمە جگە لە هێزەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانیان دەکات.
راپۆرتەکە ئاماژەبەوەدەکات تەنیا یەک مانگی دوای داگیرکردنی عەفرین تورکیا دەستیکردووە بە ڕاهێنان بە خەڵکی مەدەنی و 620 کەس ناونووسکراون دواتر لەلایەن تورکیاوە کراون بە پۆلیس و لەناو عەفرین لەژێر سەرپەرشتی تورکیا کاردەکەن و ناوی لێناون پۆلیسی سەربازیی عەفرین.هەروەها نزیکەی 5000 پۆلیسی سەربازی دیکەی دامەزراندوون کە ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی عەفرینە.
جگە لەو پێشێلکارییانە ڕاپۆرتەکە باس لەوەشدەکات هێشتا ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی کورد لە عەفرین بەردەوامە و دەڵێت 47 کەیسی نوێیان تۆمارکردوون کە دەریدەخات کورد لەلایەن کەتیبە جیاوازەکانی سەر بە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنەوە ڕفێندراون و ئەشکەنجە دراون و کوژاون.
دزیکردن و تاڵانکردن یەکێکی دیکەیە لە تاوانەکانی چەکدارانی سەر بە تورکیا لە عەفرین و ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە چەندین کەیسی تاڵانکردن دەکات لەلایەن ئەو چەکدارانەوە لە عەفرین کە بۆ سەر موڵک و ماڵی کوردانی خەڵکی عەفرین کراون.
وێرانکردن و سووتاندنی دار زەیتوونەکانی عەفرین یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییەکانی تورکیا و هێزەکانی سەر بە تورکیایە لە عەفرین.
لەکاتێکدا پێشتر عەفرین خاوەنی 26 ملیۆن دار زەیتوون بووە کە هەندێکیان تەمەنیان لەسەرووی سەد ساڵەوە بووە. داهاتی زەیتوونیش لە عەفرین ساڵانە گەیشتووەتە زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار. ڕاپۆرتەکە دەشڵێت دوای داگیرکارییەکەی تورکیا جووتیارەکان ناتوانن مامەڵە بە باخی زەیتوونی خۆیانەوە بکەن و تورکیا بەرهەمی زەیتوونی عەفرین ڕەوانەی وڵاتەکەی خۆی دەکات. [1]