عوسمانی حاجی محمود
پەیامێک لەسەر خۆپیشاندانەکان بڵاو دەکاتەوە
1- چەند ڕۆژێکە هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەتی، موچەخۆران لە چەند شار و شارۆچکەیەک کەتونەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی وبێزاری و خۆپیشاندان و ڕێپێوان دژ بە پێنەدانی موچە و بڕینی قوتی ڕۆژانە و هەمو ئەو ناهەقی و زۆڵمە فرە جۆرانەی بەرامبەریان دەکرێت.
2- ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، کە گوێیان لێبگرن و مافە ڕەواکانیان جێبەجێ بکەن و بەهیچ شێوەیەک توندوتیژیان بەرامبەر بەکار نەهێنن، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە ناشارستانیە و بەکارهێنانی هێز، هیچ ئەنجامێکی نابێت و بازنەی ناڕەزایەتی وبێزاری فراوانتر و بەهێزتر دەکات و ڕق وتوڕەیی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
3- داوا لەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزە چەکدارەکانی هەرێم دەکەم، بەشێوەیەکی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران و میدیاکاران بکەن و دوربکەونەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی و گرتن وئازاردان، خۆپیشاندەران ڕۆڵەی بەشخوراوی ئەم گەلەن و لەهەمان کاتدا، کەسوکاری خۆتانن و بارودۆخی ژیانی زۆربەتان وەکو ئەوانن.
4- داوا لەهاوڵاتیانی ناڕازی وخۆپیشاندەر دەکەم، بە تایبەت لاو و گەنجە خاوەن ماف و دڵگەرمەکان، کە سەرەڕای هەر جۆرە بەربەستێک کەلەکاتی خۆپیشانداندا بۆیان دروست دەکرێت، بەشێوەیەکی هێمن وئاشتی و مەدەنیانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و زەرەرو زیان بەدام ودەزگاکانی حکومەت و موڵکی گشتی و تایبەت مەگەیەنن وبیانپارێزن، وەهەروەها لە زیانگەیاندن و سوتانی بارەگا حزبیەکان دوربکەونەوەو پەلاماریان مەدەن چونکە لەو ڕێگایەوە هیچ چارەسەرێک بەدی نایەت.
5- داوای هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا، بۆ موچە و خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبری گوێپێنەدان و فەرامۆشکردنی مافە ڕەواکانی هاوڵاتیان و بەکارهێنانی توندوتیژی و داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆن و زیندانیکردنی چالاکوانانی مەدەنی و بەکارهێنانی هێز و پارە و زیاترکردنی ستەم، ئاوڕێکی جدی و ئەقڵانی لە ساڵانی ڕابردوی حوکمڕانی وبەرئەنجامەکانی بدەنەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی، چونکە چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەت و شێوازە دەسەڵاتداریە ناکرێت بەردەوام بێت و میژوش هەر ئەوەی سەلماندوە هیچ دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای گەندەڵی و نادادی و زوڵم کردن لە هاوڵاتیانی ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت. لەبەر ئەوە پینەوپەڕۆ و تۆمەت بەخشینەوە، هیچ ئەنجامێکی نابێت جگەلەوەی کە برینەکان قوڵتر دەکاتەوە و نیشتیمانەکەمان و هاونیشتیمانیانی کوردستانیش لەقەیرانێکەوە بەقەیرانێکیتر دەسپێرێت.
عوسمانی حاجی مەحمود