(گوڵی سوور)
گوڵی سوور، ئەی کچی نەورۆز، ئەرێ کام دەست لەباخی ژین
لە بۆ یەک دەفعە بۆن کردن، بە ناکامی ئەتۆی هینا ؟
ئەوێستاکەش بە ژاکاوی،
وها بی قەدر و تۆزاوی،
لەسەر ڕێگا فڕیی داوی!
لە جەور و زوڵمی ئه و دەستە، پەری زادەی بەیان لەرزین،
لە دەوری ئەم چڵەی لێ ی بووی، پەپولەی زەردوسوور گریا !
منیش ئەی گوڵ دڵێکم بوو،
دڵێکی پڕ لە ئارەزوو،
بە سۆزی ئاوی حەز تینوو،
لە ناکاو لام فڕی بۆ لای کچێکی دولبەر و شیرین،
ئەویش ڕیشەی لەدەست گرت و، بەبێ ڕەحمی لەژێر پێ ی نا !
بە گریاوی و برینداری،
بە ڕوو زەردی و غەمخواری،
بە بێ ئومێد لە دڵداری،
گەڕاوە سینەکەی تارم، ئەوێستاش ئەی گوڵی غەمگین
لە تەنهایی سەرینت بێ، دە هانی ئەم دڵە توخووا …
(دڵدار) ی نەمر
هەولێر 1946