منیش مرۆڤێکی هەرزانم؟
(خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان)
ن: #جێگر بەختیار#
ڕێگە بەخۆم دەدەم لە پێناسەیەکی کورتی ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان)، بڵێم: ڕۆمانێکی ئەخڵاقییە.
لە سەرتاپای ڕۆمانەکە، خوێنەر بەرکەوتەی دەبێت، بەو ڕستانەی ئومێد و هیوا لە ناخی ئینسان دەچێنن.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان ڕۆمانێکی زانستی خەیاڵییە. لێ لە چەند بەشێکی سەرەتا نووسەر پێناسەی ئەو پارچە زانستیانە دەکات، کە بەشێکیان نوێن بۆ مێشکی خوێنەر و بەشێکیشیان لە ئێستادا هەن. دواتر کە خوێنەر دەکەوێتە نێو ڕووداوەکان کەمتر ئامێری نوێ بەدی دەکرێ. جگە لەوانەی لەسەرەتا پێناسەکراون بەزمانی گێڕانەوە.
ڕۆمانەکە بە گۆشەنیگای کەسی سێیەم نووسراوە، تەکنیکی پارچەپارچەکردنی تێدا بەکار هاتووە. گفتوگۆکان لە ئاستی زانست و کەسایەتی کارەکتەرەکانن. ناوەڕۆک هەڵگری خاسیەتی ناونیشانەکەیە.
دەستپێکی ڕۆمانکە خوێنەر هەست بەوە دەکات، کە ئەم ڕۆمانە پێشبینی دەخاتە بەرد دیدی خوێنەر. وەک چۆن لەسەرەتا باسی هەشتا ساڵ دوای ئێستا دەکات. ڕووداوەکان لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنەی تەکنەلۆژیا دەمێنێتەوە. لێ کڕۆکی ڕووداوەکان قابیلی ئەوەن کەبڵێین لەئێستەشدا مرۆڤ بەهەمان ئەو بارە دادەڕوا.
مردنی حیزب و مردنی ئایین دوو خاڵی سەرەکین، کە نووسەر وەک پێشبینیەک کاری لەسەر کردوون. ئەوەش کۆمەڵە پرسیارێک درووست دەکات؛
ئایا مردنی حیزب و مردنی ئایین مرۆڤ بەرو ئەو ژیانە بێ مانایەی کە نووسەر کار لەسەر کردووە، دەبات؟
ئایا مردنی حیزب و مردنی ئایین، ڕزگارکەری مرۆڤن وەک نووسەر پشتی بەستووە بە مراندنیان؟
خۆکووژی، یەکێکە لە پێشبینیە خراپەکان. بەڵام نووسەر کار لەسەر ئەوە دەکات، کە ئاخۆ خۆکووژی ڕزگارکەری مرۆڤە بێ هیواکانە؟ دوای مردن مرۆڤ دەگا بەو ئاسوودەیەی کە دەیەوێت؟
نووسەر بە نەنیشاندانی دوونیایی دوای مردن، هەوڵدەدا پێمان بڵێت ئەوە کاری مرۆڤە هەرزانەکانە. مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانی لەو دونیایە دەرچێت و بگاتە ئارامی. ژیان پێویستی بە بەرەنگارییە.
نووسەر نیشانی دەدا، کووشتنی مێروولەیەک، ئازاردانی دای و باب، بیرکردنەوەی نەگەتیڤی. هۆکارن تا مرۆڤ دوای مردنیشی نەگاتە ئارامی.
گەرچی نووسەر باسی زەمەنێک دەکات، کە هیچ ئایینێک نەماوە، بەڵام چەندان ئاماژە دەدات کە خودا ڕزگار کەری مرۆڤەکانە. مرۆڤە باشەکان بێ هەبوونی هیچ ئایینێک دەشێت کەسانێک بن، کە دوای مردن ئاسوودەیان دەست دەکەوێت.
ئەوەی زۆر جێگای سەرنجی من بوو، نووسەر لە یەکێک لە پێشبینیەکانی، باسی گۆڕینی ناوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات. کە گۆڕاوە بۆ کۆمپانیای نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەوەش ئەگەرێکە لە ئەگەرەکان. وەک چۆن لەسەردەمی حوکمڕانی (دۆناڵ ترامپ) ئەمریکا وەک کۆمپانیایەک بە ڕوونی هەستی پێکرا.
لەو ڕۆمانە وەک پێشهاتێک نووسەر ئەوە دەخاتە ڕوو، کە تەمەن کورتە. مرۆڤەکان بە تەمەنی کەمتر دەگەن بەوەی ئێستە هەیە. بە بیست ساڵ ئەزموونکردن دەتوانێت ئەزموونێکی تەواوی ژیان بکات.
کوردستان بەهۆی ئەو جوگرافیایی هەیەتی، کە کەوتۆتە شوێنێکی ستراتیژی. هەموو کات چاوی لەسەر بووە. هەر ئەوەشە وا لەنووسەر دەکات، ڕووداوەکان بێنێتە شاری هەولێر. ڕوودواوەکانی تریش لە بۆشایی ئاسمان ڕوودەدەن. بەشێکی کەمیشی لەوڵاتانی دی.
ئەوەی چێژ بەخشە بۆ خوێنەر، زیادەڕوەی تێدا نییە و ڕۆمانکی پوختکراوەیە. تەنانەت لە زۆر شوێن بە زیرەکی نووسەر و بێ ئەوەی خوێنەر هەست بکات، بەشێک لەگێڕانەوەی زیادە دەپەڕێنێت.
لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە خوێنەر زۆر جار دەوەستێت و تێڕامانێک دەکات. بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانە دەکەوێت، کە نووسەر لە مێشکیدا بەجێیدێڵێت. لە کۆتاییدا پرسیاری ئەوە لەخۆی بکات، ئەرێ منیش مرۆڤێکی هەرزانم؟[1]