دەنگێک لە کوردستانەوە
چەند حەز دەکەم،
منی کوردیش
ئادەمزادێکی سەربەست بم.
بە چەلین و کەوشی کوردی
لە چیاکانی فەلەستین دا چەک بە دەست بم،
هێرش بەرم،
بۆسەر ئەو بووکە شووشانەی
بۆ سەر ئەو داڵە تووشانەی
گۆشتی کۆرپەی ساوا دەخۆن.
مزگەوتەکان،
کڵێسەکان،
بە خوێن دەشۆن..
چەند حەز دەکەم،
بژیێنمەوە،
داستانەکەی سەلاحەددین..
دیسان وەکوو بوومەلەرزە
راچڵەکێنم دڵی زەمین..
تاو بسێنم، وەک فەرتەنە
لەسەر لێوی خاچ پەرستان
ریشەکێش کەم زەردەخەنە.
بەڵام چبکەم !؟
خۆشم ئەمڕۆ وا دەستبەستەم،
داگیرکەران لە چوار لاوە
ناهێڵن بجووڵێ جەستەم..
من کوردێکم..
هەر چەند ئەمڕۆ دەنگ هەڵبڕم
دەنگم نییە ؛
من کوردێکم..
هەر چەند ئەمڕۆ خۆم نیشان دەم
ڕەنگم نییە ؛
کوردستانی گەورە و مەزن،
وەک خەرمانی جوتیاری کورد، بەش کراوە...
باستیلێکە
توند کوردی تێ ئاخنراوە..
بەڵام پەیمان...
هەزار پەیمان...
لە دواڕۆژا
کە خۆم ببینی کەسێکم نایە بە گژا،
کە خۆم ببینی
لە سێبەری کوردستانی ڕزگاربووما
لەکەی دیلی سڕاوەتەوە لە ڕووما.
ئەوسا منیش
وەک کوردێکی خاوەن کیان
چەک هەڵگرم،
بۆ هەر کەسێک بڵێ : ژیان !
پەیمان...
پەیمان...
هەزار پەیمان
کە ڕزگار بووم،
لەو گەردەلوولەی تێی کەوتووم.
ئەوسا بڕۆم،
تا لە خاکی فەلەستینی ئاسمان گەشا
نەک هەر لەوێ،
لە جەنگەڵە چڕەکانی ناو ڤێتناما،
لە ئەفریقای قولەڕەشا،
لە ئێرتیریای بێ بەهارا،
لە هەر خاکێک دۆلار بژی،
بژیێنمەوە سەد گیڤارا...!
(عەبدولڵا پەشێو)
کوردستان 1969/12/5