ئامادەکردنی: #ناسری ڕەزازی#[1]
پاشگری گەل!
(گەل) پاشگری کۆیە کە لە ناوچەی سنە و گەوە و بازنەی ئه و پارێزگایە بەکار دەچێ؛ لە کرماشان و ئیلام و خانەقینیشەوە هەتا دەگاتە لوڕستان بە (ەیل و یەیل) بەکار دەچێ؛ گەل وەک وشە - نەک وەک پاشگر - چەند واتای هەیە:
1. زۆر؛ زێدە؛ زیاد؛ کۆمەڵ.
نموونە: گەلێک سپاس بۆ ئەرکەکانت؛ ئەمڕۆ گەلێک شەکەت بووم.
2. یارمەتی و کۆمەک لە کاتی دروێنە و نۆکڕنین و کۆکەنکردن و خانووسازکردن و هی دیکە؛ هەرەوەز.
نموونە: بەیانی ماڵی فڵانەکەس لە گوندی نەوەڕە گەلیان هەیە و خەڵکی ئاوایی بە کۆمەڵ دەڕۆن و کاەرەکە کە کاری چەند ڕۆژە بە ڕۆژێک تەواوی دەکەن و لە کۆڵی دەکەنەوە. بۆ میناک لە گەوەی گەرمیان و کەلار و کەرکووک بە گەل یان هەرەوەز دەڵێن: (گەلدەس)؛
3. خەڵک؛ ئاپۆرەی مرۆڤ.
نموونە: خەڵکێکی زۆر له و خوارە گەلیان بەستبوو.
4. کۆمەڵێک خەڵک یا ئینسان کە زمان و سۆلان و خێوەرە و خۆنیای تایبەت بە خۆیان هەیە و نەتەوەیەکی هاوسۆلانن، وەکوو: کورد، عەرەب، فارس، هیندی، ئاڵمانی، فەرانسەیی و هی تر، نموونە: گەلی کورد گەلێکی بەشخوراوە.
5. ئەگەر حەرفی جەڕی (بە) ببێتە پێشگری دەبێتە ناو، نموونە: خەڵکێکی زۆر له و یاڵەوە بەگەل هاتنە خوار.
6. لە شێوەزاری کرمانجیدا بۆ بانگکردن بەکار دەچێ.
نموونە: گەلی برادەرینۆ، یا گەلی هەڤاڵنۆ.
7. پاشگری کۆیە کە لەگەڵ وشەیەکی دیکەی ناو لێک دەدرێت و وشەیەکی دیکەی ناوی کۆی لێ درووست دەبێت. نموونە: کوڕگەل، کچگەل، دارگەل، گاگەل. ئەم وشەیە هەر هەمان پاشگری (ان)ە کە لە سۆرانیدا بەکار دەچێ: کوڕگەل: کوڕەکان؛ دارگەل: دارەکان.
جێگای خۆیەتی لێرەدا شتێک بێنمە بەر باس و لێدوان کە بە گرنگی دەزانم و لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و گۆڤارەکاندا لە بەرچاوی ناگرن، ئەوەش بەکارهێنانی پاشگری (گەل یان یل)ە کە تایبەتە بە ناوچەکانی سنە و کرماشان و ئیلام و خانەقین و بەدرە و هەندێ ناوەقەی دیکە.
پاشگری (گەل) چۆن بەکار دەبرێ؟
لە سایتێکی زمانناسیدا ئەم ڕستەیە ئاوەها نووسرابوو، منیش وەکوو خۆی لێرەدا دەینووسمەوە:
(لە وزەی دوو توێی هیچ کتێبێکدا نیە، ئەوەی سەرجەمی خەلکی له کاری ڕۆژانەیاندا قسەی پێدەکەن، بە گرامەرێکی گونجاو بکرێتە خوانی بەردەمی مەردومگەلەکە!)
ئەمە تاوان نییە و تەنیا نەشارەزایییە لە زاراوەی ناوچەیێکی دیکە، بەڵام ئەگەر لێی شارەزا بێت، دیارە ئاوەها ناینووسێت.
پاشگری گەل دەبێ شارەزایانە دەکار بکرێ، پاشگری (گەل)، هەر هەمان وشەی پاشگری (ان)ە کە لە ناوچەی موکوریان و بابان و سۆران بەکار دەبرێ، لە ناوچەی شێوەزاری کرمانجیش هەر پاشگری (ێن)ە کە هەر هەمان پاشگرە، بەڵام بەکارهێنانی دەبێ لە جێگای خۆیدا بێ. جارێ هەر وشەیەک کە بە واتی (ه) کۆتاییی بێت، بەڕای من دەبێ بە پاشگری (گەل) کۆ بکرێتەوە، نەک به پاشگری (ان)، چوونکە هەموو وشەیەک بۆ ئەوە نابێ بە (ان) کۆ بکرێتەوە، بۆ نموونە: ئەگەر بمانەوێ وشەی یانە لە باری ڕێزمانەوە بەکار بێنین، - وەکوو دەسنیشانکردن - دەبێ بنووسین:
ئه و یانەگەلە نەک ئه و یانانە.
ئینجانە: ئه و ئینجانەگەلە، نەک ئه و ئینجانانە.
وشه: ئه و وشەگەلە، نەک ئه و وشانە.
شانە: ئه و شانەگەلە، نەک ئه و شانانە؛ ئەمە ناڵێم هەڵەیه، بەڵام جوان نییە، کاتێک پاشگری دیکەمان هەیە بۆ دە کاری نەکەین و کەڵکی لێ وەر نەگرین بۆ ئەوەی باشتر بنووسین. من پێم جوانە، هەر وشەیەک کۆتایییەکەی بە واتی (ە) و (ێ) و (ۆ) و (ا) و (وو) بێت وەک: وشە ئینجانە؛ (ێ) وەک: زێ ترێ؛ (ۆ) وەک هەڵۆ، تەپۆ؛ (ا) وەک زانا، ئاڵا؛ یەکسەر بە گەل کۆ بکرێنەوە، چوونکە بە پاشگری گەل جوانتر دێنە گۆ.
ئێمە لە سنە ئێژین: کوڕگەل، وەکوو کوڕگەل وەرن. واته: کوڕەکان وەرن؛ ئه و کوڕگەله واتە: ئه و کوڕانە ؛ دیارە له کاتی خۆی و لە جێگای خۆشیدا کوڕەکان بەکار دەبەین و دوایی لە خوارەوە نموونەی بۆ دێنمەوە.
جارێکیان تەلەڤزیۆنێک لە پرۆگرامێکدا چەندین جار وشەی (کەشتیگەلەکە)ی دووپات کردەوە، لە کاتێکدا درووست نییە و دەبێ بگوترێ: ئه و کەشتیگەلە! بۆچی؟ چوونکە کەشتیگەل ناوی لێکدراوە کە ناوی کۆی لێ درووست بووە، بە لێکدانی وشەی کەشتی و پاشگری کۆی (گەل). کاتێ باسی چەند کەشتی کرا، کە بەگەل یان بەکۆ بۆ کردە (عملیات)ێک دەڕۆن، دەنووسین: ئه و کەشتیگەلە نەک کەشتیگەلەکە، لەبەر ئەوە کاتێک کە دیار (مشخص) کرا دەبێ بگوترێ: گەلەکەشتییەکە، نەک کەشتییگەلەکه. لێرەدا وشەی (گەل) واتای زۆر و فرە دەدا کە بۆتە پێشگر کەشتییەکان، ئەگەر دەسنیشان بکرێ، دەڵێین: ئه و گەلەکەشتییە، چوونکە بە وشەی جێناوی هێمای (ئەو) ڕستەکە واتاکەی دەر دەکەوێ کە دەیناسین.
بۆ نموونە ئێژین: ئه و گەلەکەشتییە بەره و کوێ چوو؟ لە ئاخافتنی ئاساییشدا ئێژین ئه و گەلەگورگە بەره و کوێ چوو؟ بەڵام ناڵێین گورگگەلەکە بەره و کوێ چوون؟ ئەمە ڕستەیەکی هەڵەیە، وەکوو ئه و بەڕێزە نووسیبووی مەردومگەلەکە! ئێمە دەڵێین: مەردمەکە، چوونکە مەردم بۆ خۆی کۆیە، کە دەسنیشانیش کرا، دەبێ بنووسرێ مەردمەکە، هەرچەند مەردم بۆ خۆی وشەیەکی فارسییە و واتای خەڵک دەدا. ناساندنی بە پاشگری (کە) به و شێوەیە هەڵەیە چوونکە دوو پاشگر پێکەوە بە دوای یەکدا نایەن. کاتێ کە بتهەوێ وەکوو کۆی نەناسراو باسی بکەی، ئێژی: گەلەکەشتییە! ئەگەریش بتەوێ دەسنیشان (مشخص)ی بکەی، وشەی جێناوی هێمای (ئەو)ی لە پێشەوە بۆ زیاد دەکەیت و ئێژی: ئه و گەلەکەشتییه، یا ئه و گەلەکەشتییانە ! واتە کۆمەڵێک کەشتی پێکەوە.
ئێمەی سنەیی و کرماشانی و ئیلامی و خانەقینی کاتێک وشەیەک دیاری بکرێ و لە دۆخی نەناسراودا نەمێنێ و بناسرێت، پاشگری (گەل) بەکار نابەین و بە (ان) کۆی دەکەینەوە، بۆ نموونە دەڵێین: کەشتییەکان لە کوێن، نایژین کەشتیگەل لە کوێن؟ ئه و بەکاربردنەی سەرەوە، واتە کەشتیگەلەکە، لەباری ڕێزمانەوە هەڵەیە، چوونکە گەل خۆی پاشگری کۆیە و تەنیا لەگەڵ ناو کۆ دەبێتەوە یان تەنیا دەبێتە پاشگری ناو، نەک دۆخێکی دیکە.
ئێمە هەرچەند (گەل) لە جێگای (ان) بەکار دەبەین، بەڵام (ان)یش هەر بەکار دەبەین، بۆ نموونه: ئێژین کورگەل ئێوە بڕۆن. کە چوون و دیار نەمان، ئەگەر بیانناسین ئێژین: ئه و کورگەلە چوون؟ کە بە (ان)یش هەر دەبێتە: ئه و کوڕانە چوون؟ بەڵام ئەگەر نەمانناسین ئێژین: کوڕەکان چوون؟ ئیتر ناڵێین: کورگەل چوون؟ بەڵام ئەگەر وشەی جێناوی هێمای (ئەو)مان بۆ دانا، بە واتای ئەوەیە کە دەیان ناسین و ئێژین ئه و کوڕانە یان ئه و کوڕگەلە چوون؟ ئەگەر کۆی (گەل) بەکار بێنین، دەبێ بێژین ئه و کورگەلە هاتنەوە! و دەبێ بە ڕستەی نیارەیی (خبری) و دەزانین مەبەستمان چییە، کە وتمان: کوڕەکان هاتنەوە! ئیتر ناناسرێن کوڕگەل کێن! دەبێ وشەی جێناوی هێمای (ئەو)ی بۆ بەکار بەرین بۆ ئەوەیکە دەستنیشان بکرێن و بزانین کێن و مەبەستمان چییە. چوونکە لە زۆربەی زمانەکاندا دەربڕینی جیاواز هەیە بۆ دیاردەی لەم شێوەیە. بۆ نموونە عەرەب دەڵێ: (جبال شامخە) // (الجبال الشامیخه) و سویدیش دەڵێ: Dessa dagar // De dagarna کە وابوو ئامرازی (گەل) / (ان) بۆ کۆی دیارینەکراو بێ ئامرازی (ەک ان) بۆ کۆی دیاریکراو. هەرچەند ئامرازی دیکەشمان هەیە وەکوو: جات میوەجات، سەوزەجات.