24 ساڵ تێپەڕبوو، بەسەر کۆچە ئەبەدییەکەی هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس #ڕەهبەر جەلال# مامەش کۆیی، بەو هەڵبەستەی کەڵە شاعیری نەتەوەیی کورد #عەبدوڵڵا پەشێو# یادی و وەبیرهێنانەوەی ڕەهبەری نەمر دەکەین.
پەشێوی شاعیر لە 04-04-1998 ئەو پەخشانە هەڵبەستەی لە هێلسنکی بۆ ڕەهبەری هاوڕێی نووسی، بەر لە ناشتنی لەسەر تەرمەکەی خوێندیەوە:
ڕەهبەر
ماندووم... دەمەوێ بنووم
بنوو، هاوڕێم!
بنوو، ئەی ئەوسوارە عەگیدەی
هەسپت: ڕەشەبا...
زینت: گەواڵە...
ڕکێفت: ئەستێوبەرد بوو.
بنوو، هاوڕێم!
کێ دەڵێت تۆ لەسەرەمەرگای؟!
هەیبەتسوڵتانت بێنە بەرچاوی خۆت...
ئەوا پێیدا هەڵدەگەڕێین.
سەرهەڵبڕە!
زۆرمان نەماوە... چەند هەنگاوێک!
ئەوا سەرکەوتین...
ئیدی لەوێ لە نەرمانی نسارێک،
لە پەنا ڕەوەزێک، وچانێک دەدەین...
پاشان، دەست لەدەست و نەرمە نەرمە،
بەرەو چنارۆک شۆڕ دەبینەوە...
٭٭٭
بنوو، هاوڕێم!
ڕەشانگ و تاپۆیەکانی ئەودیو پەنجەرە
ئەو دار و درەختانەن،
کە حاجی قادر
لەسێبەریان سەرخەوی دەشکاند.
ئەو ژاوەژاو و دەنگە دەنگانەش
ئارێبابەی فەقێیەکانی مەلای گەورەن.
بنوو، هاوڕێم!
ئۆباڵت بە ئەستۆم،
ئەگەر کەس گەواهی نەدا،
من گەواهی دەدەم،
دوای ئەو هەموو مەیدانخوازی و
زەنگۆڵێندان و هەڵمەتانە،
برینەکان سەختن،
برینەکانت بەسوێن.
ئۆباڵت بە ئەستۆم،
ئێستا نووستن هەقی خۆتە،
ئارامی شایانی ڕوخساری زەعفەرانیتە.
٭٭٭
ئێستا تێدەگەم:
ئەوەی تۆ دەتزانی، من نەمدەزانی.
ئەوەی تۆ دەتبینی، من نەمدەبینی.
ئەوەی تۆ دەتبیست، من نەمدەبیست.
تۆ دەتزانی، زوو تاریکیت بەسەردادێ.
بەچاوی خۆت دەتبینی
تا دێ کڕێوە و با و بۆران هەر دژوارتر دەبن.
هاشەهاشی باڵی
سیسارک و قەڵەڕەشەکانت دەبیست،
کە بەسەرتەوە لەنگەریان گرتبوو.
ئێستا تێدەگەم...
ئێستا دەزانم،
چارەنووس بوو...
تۆ دەبوایە، وەک بروسکەیێکی ئاتەشی،
بازرەقە ببەستی و
شۆپێک جێبهێڵی و
خێرا بە ناو تاریکیدا ڕەت بی.
٭٭٭
برام، وریابە!
ئەو دیوارە دیواری چینە.
پەلە مەکە!
خەونم بەنداوە: دەیوەستێنم!
٭٭٭
تۆ پەلەت بوو،
تۆ هەمیشە پەلەت بوو...
تۆ دەتزانی مەودا کورتە و پێڕاناگەی،
بۆیێ حەجمانت نەبوو.
وەک بازێکی زەردەشتی،
شەو و ڕۆژ باڵە بڵێسەییەکانی خۆت لێکدەدا،
دڕت بە ماوە و مەودا دەدا.
٭٭٭
بنوو، هاوڕێم!
ئۆباڵت بە ئەستۆم...
ئێستا نووستن هەقی خۆتە،
ئارامی شایانی ڕوخساری زەعفەرانیتە.
٭٭٭
سەعات سێ، چوار، پێنجی بەیانی..
زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دەدا.
هەر زوو دەمزانی خۆیەتی.
دەمزانی ئەوە!
دیسان نێرییە تخوب بەزێنەکەیە،
شوورە شاخەوانەکەیە،
مناڵە چاوڕەشە خەوزڕاوەکەیە.
پەشێوچیک
لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە
ڕەوە باڵندەیێکی لانەواز و کەسیرە دەبینم...
سایەقە و زریان لە پەلوپۆی خستوون...
هاوارە! من دەمەوێ...
هەر ئەمشەو... دەمەوێ...
ناتوانیت ڕیبەکەم!... ناتوانیت...
ئەو باڵندە شەکەتانە نوح توکی لێکردوون.
پڕپۆڵەیان، تا تۆفانێکیتر،
هەر مێشک و دڵی یەکتر دەبێ و کۆنابنەوە.
نا، ڕیبەکەم، نا!
تا تۆفانێکیتر... کۆنابنەوە
تۆش، تا ئەوسا، پشوو بدە...
بنوو، هاوڕێم!
04-04-1998
پەشێوچیک (چیک) پاشگرێکە لە زمانی ڕووسیدا لۆ کەسێکی نێزیک بەکاردێ، ڕەهبەر وای بانگ دەکردم.[1]