ناونیشان: مرۆڤە گەوره و بچووکەکان
نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#
مەبەست لە گەوره و بچووک ئەوەنیە لە ڕووی تەمەن یان باڵا یاخود پێگەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی هتد بێت؛ هێندەی ئەوەی ئەو مرۆڤانە دەگرێتەوە، کە کاتێک خۆیان بەهۆی ڕەفتار و هەڵوێست و فکر و بۆچونەکانیانەوە وا دەکەن پێناسە بکرێن بە بچووک یان گەورە. ئەوە خودی مرۆڤەکان خۆیانن لە دەرئەنجامی کۆکراوەی ئەو خەسڵەتانەوە وادەکەن پۆلێن بکرێن بە بچووک یان گەورە !
کاتێک مرۆڤەکان دەگەنە ئەوەی قسە باق و بریقەکانیان شتێک و ڕەفتاریان پێچەوانەکەی بێت ئەوە ئەوپەڕی خەسڵەتی مرۆڤە بچووکەکانە وئیدی لێرەوە پەنابردن بۆ لەدەستدان و بێ بەها کردنی هەموو بەها، ئاکار و بنەما فکری و مرۆیی و ئاینیی و یاساییەکان دەبێتە سروشتی. ئەمەش هەموو نێوەندێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، و ڕۆشنبیری و ئاینی، هتد دەگرێتەوە، بە نموونە سیاسییەکان دێن یاسا بە بەرگی خۆیان دەدورن، یاساییەکان لەو کاتەدا دەبنە دەستکەلا و داردەستی سیاسییەکان بە ئارەزوی خۆیان حوکمیان پێ دەردەکەن، ئەمەش دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی کۆمەڵ ڕوەو پەرتەوازەکردنی چین و توێژەکانی. بەسیاسەت زۆرینەی هاوڵاتیان دەکەنە کۆیلەی خۆیان و ئیدی ڕەدووکەوتنی ئەم زۆرینەیە دەبێتە ئەمری واقع؛ بەشێوەیەک لە هەموو خراپەکاریی و گەندەڵییەکان پشکیان دەبێت ڕاستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ. واتە ڕەدوکەوتن لەپێناو مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکان دەبێتە چەکی دەمکوتکردنیان، ئەم جۆرە کۆیلەبوونە سەنگی مەحەکی مانەوەی سیاسییەکان بەهێزتر دەکات تا لەرێیەوە درێژە بە ستەمکاری و گەندەڵییەکانیان بدەن، وە سودمەند دەبن لە زیادکردنی سەروەت و سامان، وەرگرتنی پۆست و پله و ڕیزکردنی ڤێلا و ئۆتۆمبیل و هتد... لێرەدا فکر و عەقڵ و بیر هیچ وجودێکی نامێنێ و لەخیابدا دەبێت.
ئیدی بەشێکی تری پەلهاویشتەکان بەر ڕۆشنبیران دەکەوێت. مرۆڤە بچووکەکانی ئەم توێژەش لەرێی قسەی زل و بریقەدارەکانیان و بەهۆی نووسین و کتێب و ئامۆژگارییەکانیانەوە بەشێکی دانەبراو دەبن بۆ درێژەدان بە سستمی سیاسی و وەسفی بەرپرسەکان و داپۆشینی ڕاستییەکان و بگرە هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکردنی گەنجان بەگشتی و کچان بەتایبەتی دەبێتە پیشەی سەرەکیی ئەم توێژە بۆ ئەوەی دەسەڵات نانبڕاویان نەکات و ئاوڕیان لێبداتەوە، جۆرێکی تری مرۆڤە بچووکەکان دەچنە نێوەندی پیاوانی ئاینییەوە، کە بێگومان وەک تووتی لە سەکۆ جیاوازەکانی ڕاگەیاندن، دانیشتن و کۆبونەوە و بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاریان دەهێنن و دەبنە کۆپییەکی هەمان سیاسەت و چەواشەکردنی خەڵک بەناوی ئاینەوە. ئیدی بەمجۆرە زنجیرەی مرۆڤە بچووکەکان بازنەیەکی فراوانتر و گەورەتریان دەبێت لە کۆمەڵدا؛ لەپێناو مانەوەی خۆیان و هیچیتر
لە هەموو ئەو بازنانەشدا ژن پشکی شێری بەردەکەوێت، ئیدی بەهۆی کەم ئەزموونی و شارەزایی، نەخوێندەواری و ناهۆشیاری و کەمدەرامەت و بێلانەیی و لاوازی ڕۆشنبیرییەوە ڕەدوکەوتنی بەدوای هەریەک له و ناوەندانه و تێوەگلانی بێئاگایی و نائاگاییانە دەبێتە نێچیر و بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارەکانەوه ڕاو دەکرێن، ئەگەرچی بە پلانڕیژی ژن دەکرێتە سەرمایەیکی ئابوری و سەرچاوەیەکی پێویستی خۆشی و چێژی ناوەندی سیاسی لەپێناو مانەوەیاندا.
لەم نێوەندەدا مرۆڤە گەورەکان تەنهاوتەنها ئەوەی بۆیان دەکرێت جەنگاندنە لەگەڵ خۆیاندا بۆ مانەوەیان وەک خۆیان؛ نەک وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت. دەستگرتنە بە بیروباوەر و ئاکار و بەهاکانی کە لای زۆرینە لە مێژە فرۆشراوە و هەڕاج کراوە. خۆلادانە لە ژینگە بارگاوییە گەندەڵییەکەی ڕۆچۆتە ناو شادەمارەکانی جومگەکانی جەستەی هەر تاکێک لەو زۆرینانە. ئیدی هەوڵدانە بۆ خۆپاراستن، ئەمانیش لەپێناو مانەوەیاندا، بەڵام بەجۆرێکی تر و لەشێوەیەکی تر بە ئومێدی داهاتویەکی جیاوازتر بۆ کۆمەڵ؛ بۆیە گرنگە بتوانیت لە پۆلێنکردندا لە ڕیزی مرۆڤە گەورەکان خۆت ببینیتەوەو پێبکەنیت.[1]
کوردیپێدیا جە دلېنەو ئی بابەتۍ ۋەرپەرس نېیەن، خاۋەنو/خاۋەنۊ بابەتەکۍ ۋەرپەرسیارەن. کوردیپێدیا بە مەبەسو ئەرشیڤکەرڎەی ئی بابەتېشە تۊمارە کەرڎېنە.
ئی بابەتۍ بە زۋانی (کوردیی ناوەڕاست) نۋیسیێنە، پەی ئەۋەکەرڎەی بابەتەکۍ بە زۋانېۋ کە نۋیسێنە، سەرو ئایکۆنو
ی کلیک کەرە!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئی بابەتۍ 476 جارۍ ۋینیێنە
پەیلۋاو وېت چە بارەو ئی بابەتۍ بنۋیسە!