هونەری کاردەستی، یەکێکە له و هونەرانەی کە دەتوانرێت، کاری سەنج ڕاکێش و کلتوری نەتەوەکان لەرێگەی ئەم هونەرەوە نمایش بکرێت لە هەمان کاتدا هەر لەرێگەی ئەم هونەرەوە کلتووری نەتەوەکان بەیەکتری ئاشنا بکرێن، زۆر جاریش ئەم جۆرە هونەرە وەکو بازرگانی کاری پێوە کراوە.
ئەم جۆرە هونەرە پێویستی بە سەلیقەیەکی باشی هونەری دەبێت، یەکێک له و کەسانەی ئەم کارە هونەرییە دەکەن (کارۆخ هاشم سەعید)-ە دانیشتووی قەزای ڕواندزە لە نزیکەوە بەسەرمان کردووەتەوە ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵدا ئەنجامدا:
پێمان باشە سەرەتا باس لە چۆنییەتی ئاشنا بوونت بە هونەری کاری دەستی بکەیت.
-سەرەتا ئاشنا بوونم بە هونەری کاری دەستی بۆ سەردەمی منداڵیم دەگەڕێتەوە، کاتێ لە قوڕ شێوەی جۆراوجۆرم دروست دەکرد، بەم شێوەش لەرێگەی کاری بەردەوام و ئەزموون، پەرەم بەتواناکانی خۆمدا تا ئه و ئاستەی توانیم شارەزاییەکی باش لە هەموو جۆرەکانی کاری دەستی پەیدا بێت، بگەمە ئه و ئاستەی ئێستا.
کێن ئەوانەی هاوکارو پاڵپشت بوون، ئایا هیچ خوولی هونەریت بینیوە؟
-سەرەتا هاوکاری و پاڵپشتم دایک و باوکم زۆر هاوکارو پاڵپشتم بوون، بەجۆرێک هانی زۆریان دام بۆ ئەوەی، لەسەر کارەکەم بەردەوام بم، ئێستاش ماڵەوە بەگشتی و بەتایبەتی خێزانەکەم، کە ئەویش ئارەزووی هونەری کاری دەستی هەیە، لەگەڵم فێری ئەم هونەرە بووە هاوکارێکی باشی کردووم، بەداخەوە تا ئێستا لە شارەکەمان خوولی هونەری بۆ هونەری کاری دەستی نەکراوەتەوە، بۆشم نەگونجاوە لە دەرەوەی شار بەشداری خوول بکەم، بۆیە بەشداری هیچ خولێکی هونەریم نەکردوە.
ئه و کەرستانەی لە کارەکانت بە کاردنیت لە چی پێک هاتوون؟
- ئه و کەرسته و ئامێرانەی بە کاری دەهێنم، جۆراوجۆرن، بەڵام بەگشتی کەرەستەکان پێک هاتوون لە دار و تەختە+سوف+گونیه و پەت و داوی موو +مۆری و یاقوت و کۆمەڵێ دەرمانی تر لەگەڵ هەندێ مادەی وەک و غەڕە وارنیش واتا ڕەونەق و چەسپ.
بەشداری پێشانگەی تایبەت، یان هاوبەش بە کارەکانت کردوە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت، خۆمان بۆ پیشانگەی تایبەتی ئامادەکردبوو، هەموو مادەکانیش ئامادە بوون، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤیارۆسی کۆرۆنا پێشانگایەکە دواکەوت، هیوادارم بەزووترین کات ئەم نەخۆشە نەگریسە کۆتایی بێت، دەرفەت هەبێت ئەم چالاکییە ئەنجام بدەین.
لە ڕووبای بازرگانییەوە سوودت لە کارەکەت بینیوە ؟
- پێم وایە کارێکی ئاساییە، بتوانم لەرێگەی کاری هونەری دەستی، بتوانم داهات بۆخۆم کۆبکەمەوە کارەکانم سوپاس بۆ خودا لە هەموو شارەکانی کوردستان داخوازی لەسەر کارە هونەرییەکانم هەیە، بۆیە سوود و قازانجم لە کارەکەم بینیوە.
پێشوازی هاووڵاتیان لە کارەکانت چۆن دەبینی؟
- بەهۆی ئەوەی هیچ دوکان و یان شوێنێکی دیارکروام نییە بۆ نمایش کردنی کارەکانم نیە تەنها لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە وەکو فەیسبوک و انستا گرام.. کارە هونەرییەکانم نمایش دەکەم، تەنیا لەم ڕێگەیەوە، هاووڵاتیان کارەکانم دەبینن.
بۆ ئەنجام دانی کارێک چەند کاتت پێویستە؟
- کاتەکان بەپێی شێوه و فۆرم و جۆری کارەکە دەبێت، هەندێ بابەت هەیە کاتی زۆر ناوێ، بەڵام هەندێ بابەت هەیە کات ماوەی زۆری دەوێت، بە تایبەتی کاری دەستی کەلە دار بێت.
پێتان باشە چی بکرێت، بۆ پێشڤەچوونی هونەری کاری دەستی؟
- بە بۆچوونی خۆم، ئه و کەسانەی کاری دەستی دەکەن پێویستە لەلایەن هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت، گرنگیەکی زۆریان پێ بدرێت وپاڵپشتی بکرێن، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارەکانیان و بەرهەمەکانیان پێشکەوتووتر بێت، ئەمەش لە ڕێگەی کردنەوەی پێشانگا و دابین کردنی کەرسته و شوێن بۆ نمایش کردنی کارەکانیان.
PUKmedia هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس.[1]