ناونیشان: بۆ شاری #سەردەشت# کیمیاباران کرا؟
نووسەر: #عەلی مەحمود محەمەد#
دوای 22 ڕۆژ لە کیمیابارانکردنی گوندەکانی #بالیسان# و #شێخ وەسانان# لە باشووری کوردستان بەهۆی بوونی بارەگای پاسدار لە گوندەکەیان, لە ڕێکەوتی #16-04-1987# لە باشووری کوردستان, شارێکی دیکە کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی کیمیابارانکردن لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی حکومەتی ئێراقەوە, ئەویش شاری سەردەشت بوو لە ڕۆژهەلاتی کوردستان, بەمەش شاری سەردەشت بووە یەکەم شار کیمیاباران بکرێت لە جیهاندا, وە سێیەم شار دوای هێرۆشیماو ناکازاکی بەر چەکی کۆکوژ بدرێت و خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ بکرێت.
$بۆ حکومەتی عێراقی شاری سەردەشتی هەڵبژارد لەو کات و ساتەدا؟$
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژ پێشووتری ئەو ناوچەیە بڕوانین, دەستنیشانی ڕوداوەکان و جوڵە سەربازییەکانی بەرەی بەرامبەرعێراق بکەین ئەوانەی گوزەراون, بۆ هۆکاری کیمیابارانکردنی ئەمەش سەرەتا با لە زمانی شایەد حاڵەکانی خەڵکی شارەکەوە بزانین شاری سەردەشت لەو چرکە ساتەدا بۆچوونی ئەوان لەو بارەیەوە چی بووە؟, بۆچی عێراق شاری سەردەشت و خەڵکە سڤیلەکەی کردە نیشانەی خۆی لەو کات و ساتەدا؟؟, بزانین لەم بارەیەوە لە لایەن خڵکی شارەکەوە چی وتراوە: (لە پاش ڕوودانی ئەو کارەساتە و ڕۆژێک دواتر لە نێو خەڵکی شاردا بڵاوبۆوە، کە بەرەی کوردستانی (باشووری کوردستان) لە شوێنێکی شاری سەردەشت کۆبوونەوەیان کردووە و ڕێژیمی عێراق لەو کۆبوونەوەیە ئاگادار بوون. بە واتایەکی دیکە، ئەوکات باسی ئەوە دەکرا، کە کەسانی ئاگادار و تەنانەت بەشدار لە کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی، وەک سیخوڕ بەرپرسانی عێڕاقیان لە شوێن و کاتی کۆبوونەوە ئاگادار کردۆتەوە. شایانی باسە، کە هیچ کام لە بەرپرسی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی باشووری کوردستان باسیان لە دروستی و ناڕاستی ئەو هەواڵە نەکردۆتەوە و تەنانەت لە ڕاگەیاندنی فەرمی خۆیاندا زۆر بە کەمی باسی ئەو کارەساتە دەکەن.- 22 ساڵەی یادی کارەساتی بۆمبارانکرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی -ئا: عەزیز شێخانی). دیارە لە ڕاستیدا لەو کاتەدا بەرەی کوردستانی دانەمەزرابوو, بگرە بیرۆکەی دامەزراندنیشی هێشتا نەهاتبووە ئاراوە, بۆ زانیاریتان لە 7ی ئایاری 1988 بەرەی کوردستانی ڕاگەیەنراوە, وە لە کۆی 7 پارتی بەرەی کوردستانی چواریان شیوعی, پاسۆک, گەل, زەحمەتکێشان بەشداری هیچ جەنگێکی هاوبەشی پێشمەرگە -ئێرانی نەکردووە.
لێ لێکۆڵەری بە ناو بانگی هۆڵەندی یۆست هلتەرمان لە بارەی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت و هۆکارەکەی دەڵێت: (سەردەشت کە شارۆچکەیەکی کورد نشینی سەر سنوور و نزیکی بەرەبوو (مەبەست بەرەی شەڕی عێراق ئێرانە), بوو بووە داڵدە و پەناگای گوندنشینە ئاوارەکان و سەربازگەی هێزەکانی ئێران, کە وەک ناوچەیەکی پشتی بەرە بەکاریان دەهێنا, پێشتر سەردەشت گەلێ جار بە فڕۆکە بۆردمان کرابوو چەند ڕۆژێک پێش هیرشە کیمیاویەکەش, هێزەکانی ئێران و عێراق کەوتبوونە شەڕەوە لە نزیک چیای مامەندە و پاشان لە هێڵەکانی بەرەدا, یەکەمجار ئێرانییەکان بە یارمەتی پێشمەرگەکانی ینک, بەر لە هێرشێکی عێراق بگرن و بیانشکێنن, بەڵام وەک حەمەی حەمە سەعید, کە بەشداربوویەکی ینک بوو لەو شەڕانەدا (چاوپێکەوتنێکی ساڵی2002دا) دەیگێڕێتەوە کە هێزەکانی عێراق خۆیان کۆکردەوە و جارێکیتر هێرشیان کردەوە و کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەیان کرد, ئا لەم کاتەدا بوو کە عێراق بە کیمیاوی پەلاماری شارۆچکەکەیدا. گەلێ شایەتحاڵ لە سەردەشتدا دەگێڕنەوە کە فڕۆکەکانی عێراق چەندین بۆمبی کیمیاییان خستووەتە خوارەوە و پاشان بۆ ماوەی بیست دەقیقە بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە, پێش ئەوەی لە ئاسۆدا لە چاو ونبن - کارێکی ژەهراوی - یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق - کۆمپانیای ئاوێنە - ل112).
$ئۆپەراسیۆنەکانی نەسری 4 و 5$
ئەو جەنگە هاوبەشە کە کاک حەمەی حەمە سەعید باسی کردووە, ئێران ناوی ناوە ئۆپەراسیۆنی نەسری 5, ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ڕێکەوتی 21-6-1987 قاسم سلێمانی فەرماندەیی کردووە, بووە هۆی دەیان هەزار کوژراو بریندار, یەکێکە لەو جەنگانەی قاسم سلێمانی سەرکردایەتی کردووەو شکستی تێدا هێناوە.
ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج لە کاتژمێر 0:15 شەوی 22-6-1987بە دروشمی یا زەهرا لە بەرزاییەکانی فەرفەرە لە باشووری خۆرئاوای شاری سەردەشت دەستی پێکرد, ئامانجی سەرەکیش لێی ڕێگا گرتن بوو لە هاتوچۆی پێشمەرگەی ڕۆژهەلات بۆ دەشتی بۆجار لەناوچەی سەردەشت.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دوای ئۆپەراسیۆنی کەربەلا 10 لە ڕێکەوتی 14-4-1987 بۆ 25-4-1987 لە ناوچەی سەردەشت--بانە لە ڕۆژهەڵات و ناوچەی ماوەت بەرەو سورکێو لە باشووری کوردستان بە بەشداری پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجام درا, تیایدا 250 کم چوارگۆشە خاکی عێراق لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە داگیر کرا, لەم ئۆپەراسیۆنە فەرماندەی تۆپخانەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران حەسەن شەفیزادە و چەند فەرماندەیەکی دیکە کوژران.
هاوکات لە گەڵ ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج , ڕۆژی پێشتر ئۆپەراسیۆنی نەسری چوار لە ڕێکەوتی 21-6-1987 بۆ ڕۆژی هەینی 26-6-1987 لە میحوەری سەردەشت - بانە بە هاوکاری پێشمەرگەکانی ینک ئەنجامدرا, تیایدا شارۆچکەی ماوەت داگیر کرا وە 6000 کەس لە هێزەکانی عێراق کوژرا وە 557 کەسیش دیل کران بە وتەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
$ئەدی ئامارەکانی حکومەتی عێراقی چی دەڵێن؟$
رژێمی عێراقی لە ڕێگای نامەیەکەوە کە بە واژۆی عەمیدی ڕوکن بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی هەواڵگری سەربازی نووسراوەو ئاراستەی بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی یەکەی پێنج کراوە وەک زانیاری, لە ڕێکەوتی 4ی ئۆگستۆسی 1987 , بە ژمارە ش1-ق1-81-ق ص-1654.
سەبارەت بە زیانەکانی مانگی نیسان کە ئۆپەراسیۆنی کەربەلای 10, شەڕێکی هاوبەشە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی ینک وەک ئاماژەمان پێدا, لە ناوچەی سەردەشت -بانە, سەرجەم 18000 کوژراو 24000 بریندار هەبووە, لێ بە پێی حکومەتی عێراقی زیانەکانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانی مانگی یۆنی کە هەردوو ئۆپەراسیۆنی نەسری 4 و 5 ە, لە هەردوو دیوی باکورو باشووری ماوەت 12000 کوژراو, 14700 بریندار,8500 دیل ,4600 کوژراو بەهۆی لێدانی چەکی تایبەتکیمیاوی ەوە, وە 155 شەهید و 4600 بریندار لە شاری سەردەشت بە چەکی کیمیاوی.
$زیانەکانی خەڵکی شاری سەردەشت$
ئەوەی شایانی باسە لەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەدا کە دەوڵەتی عێراق ئەنجامی دا, بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 8025 کەس لە کۆی 12000 دانیشتووانی شاری سەردەشت شەهید و بریندار بوون, واتا نزیک 67%ی کۆی دانیشتووانی شارەکە, لانی کەم 4500 کەس لەو بریندارانە واتا 56%ی کۆی بریندارەکان پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەبووە, لەوانە 1500 کەسیان لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە لە دەرەوەی شاری سەردەشت, لە چرکە ساتی یەکەم 20 کەس بوونەتە قوربانی و دواتر وردە وردە ژمارەی قوربانیان بۆ 130 کەس بەرزبۆتەوە.
$داوای لێبوردن بکەن$
هەفتەی پێش کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت, دوو ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئێران و پێشمەرگەی ینک لە ناوچەی سەردەشت بەناوەکانی نەسری 4 و 5 بەڕێوە چووە, درێژەی ئۆپەراسیۆنی کەربەلای 10 بوونە لە هەمان ناوچە, کە 57 ڕۆژ پێشتر لە هەمان جوگرافیا ئەنجامدراوە, لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکاندا سوپای کۆماری ئیسلامی دەستپێشخەر بووە لە هێرشەکەیاندا.
وەک هەموو جارەکان دیکە, نهێنی کیمیابارانەکە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی نەسری 4 و 5 ە, قوربانیش بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە خەڵکی سڤیلی شاری سەردەشت و ڕێگاگرتن لە چالاکی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات بووە لە ڕێگای ڕێگاگرتن لە چوونە ناوەوە لە دەروازەی بێجاڕەوە.
واتا شاری سەردەشت بە دەردی دەستەخوشکەکەی هەڵەبجە چوو, گەل کوژەی کورد شەڕی هاوبەش سەرچاوەی دەردە سەرەکییەکەی هەردوو شارەکەو هەشتاکانی گەلی کوردە.
خەڵکی شاری سەردەشت لە کۆڕ و کۆبونەوەکان, نەیان شاردۆتەوە ڕاشکاوانە لێرەو لەوێ ئۆباڵی کیمیابارانکردنی شارەکەیان خستۆتە سەر هاوکاری ئێران-پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئاماژەمان پێی دا (جێگای ئاماژەکردنە، کە نە ئێران و بەرپرسانی ڕێژیمی تاران لە بیری هەزاران برینداری کارەساتی 7 ی پووشپەڕدان و نە بەرپرسە کوردەکانی باشووری کوردستان، کە هۆکارێک بوون بۆ ئەو پەلامارە بە هیچ جۆر ئاوڕیان لە قوربانییەکان و ئازاردیتوەکانی ئەو ڕووداوە ژانهێنەرە نەداوەتەوە -22 ساڵەی یادی کارەساتی بۆمبارانکرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی-ئا: عەزیز شێخانی).
کەواتا ئەرکێکی ئەخلاقییە ئەوانەی بڕیاری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان دا, وە بەشدارییان تێدا کرد, داوای لێبوردن لە خەڵکی شاری سەردەشت و گوندەکانی بکەن, وە پەیمان بدەن ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە لە داهاتوودا دوبارە نەکەنەوە لە گەڵ هەر وڵاتێکی دیکە, بە هەر شێوازو جۆرێکی دیکە لە هەموو کات و زەمانێکدا, وە مۆنمێنتی تایبەت بۆ قوربانیانی شاری سەەردەشت دروست بکەن, جێگایەک یان چەندێک بە ناویانەوە بکەنەوە, قەرەبووی مادی قوربانیەکانی تاوانەکە بکەنەوەو بە شەهید و برینداری چەکی کیمیاوی دیارییان بکەن, وەک هێمایەکیش پڕۆژەیەکی ئاوەدانی لە شاری سەردەشت ئاوا بکەنەوە لە خزمەت برینداران و قوربانیانی تاوانەکە.[1]