دەرکەوتنی #مام جەلال# لە ئاهەنگی نەورۆز لە سوورداش
گفتۆگۆی نێوان یەکێتی و بەعس بەردەوامە و وەفدی مەکتەبی سیاسی بەردەوام لە گفتۆگۆدان و کێشە و ململانێی حیزبەکانی تر و شەڕی پێشمەرگە و چەکدارەکانی ڕژێم ڕۆژانە لە پەرەسەندندا بوون، بۆ ئەوەی یەکێتی بە خەڵکی کوردستان بەگشتی ڕابگەیەنێت بەوەی گفتۆگۆی نێوان یەکێتی و بەعس لە بەرژەوەندیی میللەت و ماف و داخوازییەکانیەتی. لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە سورداش، بە ئامادەبوونی هەزاران کەس و تەواوی بەرپرس و زۆرترین هێزی پێشمەرگە، مام جەلال تازە لە بەغداد گەڕابووەوە و وتارێکی مێژوویی ئاڕاستەی جەماوەر کرد. پێشتر کەرتی ئێمە لە سنووری پیرەمەگروون بووین و ئاگاداریان کردین بەوەی ئاهەنگێکی زۆر گەورە لە سوورداش بە بۆنەی ساڵیادی نەورۆزەوە ساز دەکرێت، نزیکەی 35 پێشمەرگە دەبووین؛ بۆ پاراستن و سەلامەتیی خەڵکی لەسەر شەقامی سەرەکیی #سلێمانی# و سوورداش لە گوندی سوسێ ئامادە بووین و لە هەموو خولەکێکدا بە دەیان ئوتۆمبێل و سەدان هاوڵاتی بەرەو سوورداش بەڕێ دەکەوتن. ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی پشت بەتاڵ دۆشکەیەکی بە سەرەوە بوو و چەند ئۆتۆمبێلێکی جام ڕەش هەندێک ئەفسەری تیا بوو، ئێمە ڕێگەمان نەدان بەرەو سوورداش بڕۆن، بەڵام دوای پەیوەندیکردنمان بە لێپرسراوەکانمان؛ ئاگاداریان کردین ڕێیان بدەین. پاش چەند کاتژمێرێک، تەواوی هێزی کەرتەکەمان بەرەو سوورداش بەڕێ کەوتین و مام جەلال لەنێو ئاپۆڕەی جەماوەردا بەدەر کەوت و وتاری سەبارەت بە مێژووی گەلی کورد ئاڕاستەی جەماوەر دەکرد.
هەر لەو ئاهەنگەدا لە خودی #نەوشیروان مستەفا#وە تا دەگاتە تەواوی بەرپرسانی یەکێتی؛ لەوێ ئامادە بوون و خەڵکیش بە چاوپێکەوتنیان خۆشحاڵ دەبوون، لەپڕ هاژەهاژێکی یەکجار زۆر و خەڵکێکی زۆر بەدوی یەکدا دەکەوتن و ئێمەش نەماندەزانی چییە و چی ڕووی داوە، پاش چەند خولەکێک زۆربەی زۆری خەڵکی هەموو تێکڕا و بەگشتی هاواریان دەکرد: بە هێزی مامە ڕیشە، جاش دەکەین بە شیشا! بە هێزی ڕیشە، هەر چی جاشە گدیشە!
خەڵکی کوردستان مامە ڕیشەیان یەکجار خۆش دەویست و ناو و ناوبانگێکی یەکجار زۆری پەیدا کردبوو، تەنانەت لەنێو سەربازە عێراقییەکانیش بە الرجل الحديدي ناسرابوو. من بە هەموو ژیانم ئاهەنگی لەو جۆرە پڕ حەشامەتەم نەبینیبوو، پێشمەرگە لە هەموو شوێنێکەوە بانگ دەکرا و هەموو جۆرە خواردەمەنییەک و شیرینییەکی پێشکەش دەکرا. من و پێشمەرگەیەک پێکەوە چاودێریمان دەکرد، سێ کیژۆڵە ڕووبەڕوومان بوونەوە و پاش ئەوەی خۆیان پێ ناساندین خەڵکی #کەرکووک#ن، من لەو کاتەدا جگەرەم دەکێشا، یەکێکیان وتی: زۆر خۆشحاڵین کە پێشمەرگەمان لە نزیکەوە بینی و قسەتان لەگەڵدا دەکەین، زەحمەت نەبێت جگەرەیەکم دەدەیتێ؟ منیش پێم ڕاگەیاند بەوەی ئایا جگەرەکێشیت؟ وتی: نەخێر، هەر حەز دەکەم شتێکی پێشمەرگەم وەک دیارییەک لا بێت و هەڵیدەگرم و دەڵیم ئەوە دیاریی پێشمەرگەیە، چونکە ئێوە جگە لەو چەکەی بە شانتانەوەیە، هیچی ترتان پێ نییە تاوەکوو داواتان لێ بکەم بمدەنێ و دڵنیاش بە ئەو جگەرەیە بەدیاری هەڵدەگرم... خەڵکی کوردستان تامەزرۆی بیستنی هەواڵی خۆش و کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوردیش وەک هەموو گەلانی تری جیهان سەربەست و ئازاد بێت، بەداخەوە چەکدارە تێکدەرەکانی ڕژێم خەریکی بۆسەنانەوە و شەهیدکردنی پێشمەرگە و تێکدانی دانوستانی نێوان یەکێتی و حکومەت بوون، هەواڵێکی ناخۆشی زۆر جەرگبڕمان پێ گەیشت کە ملازم سەیید کەریم کەوتۆتە بۆسەی چەکدارەکانی ڕژێم و لەگەڵ دوو پێشمەرگەدا شەهیدیان کردووە. کاتێک سەیید کەریم دەوێت لە سلێمانییەوە بگەڕێتەوە بۆ سوورداش، پێش چەند کاتژمێرێک لە تاسڵوجە چەند پێشمەرگەیەک لەگەڵ جاشەکانی تاسڵوجە دووچاری شەڕ ببوون و لەنێو ئۆتۆمبیلێکدا هەموو جاشەکانیان کوشتبوون و ئۆتۆمبیلەکەشیان گڕی گرتبوو و هەر هەموویان سوتابوون، سەیید کەریمیش لەگەڵ دوو پێشمەرگەی تر؛ نەهرۆ عەبدوڵڵا سەلیم و سەڵاح خۆشناو، ڕۆژی 15ی ئەیلوولی 1984 بە ئۆتۆمبێل لە سلێمانییەوە گەڕابووەوە سوورداش، ئاگای لەوە نابێت لەو نزیکانە هەندێک جاش کوژراون، لە شوێنی ڕووداوەکەدا چەکدارەکانی تاسڵوجە بۆ تۆڵەسەندنەوە بۆسەیەک دادەنێن و سەیید کەریم و نەهرۆ عەبدوڵڵا سەلیم و سەڵاح خۆشناو دەکەونە بۆسەکەو شەهیدیان دەکەن. سەیید کەریم خەڵکی هەودیان بوو، بە ناوی باوکیەوە ناو نرابوو، چونکە ئەم هێشتا لە سکی دایکیدا بووە کە باوکی مردووە. دوای ڕێککەوتنی ئازار چووبووە الکلیة العسکریة و ببوو بە ئەفسەر و لە ساڵی1974دا چووبووە ڕیزی شۆڕشەوە. لە هێزی سەفیندا ببووە فەرماندەی بەتالیۆن لە شۆڕشی نوێی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#دا. هەروەها پێشمەرگەی سەرەتایی بووە و چەندین لێپرسراوێتیی بەرزی وەرگرتووە. بەم شێوەیە پتر لە ساڵێکی خایاند، تاوەکوو گەیشتە ڕادەی ئەوەی کە تەواوی ئەندامانی ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان ناڕازی بوون و لەو گەمە سیاسییەی ڕژێمی بەعس دەیکرد، تێگەیشتبوون و نائومێدی بە خەڵکی کوردستانەوە دیار بوو.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
کوردیپێدیا جە دلېنەو ئی بابەتۍ ۋەرپەرس نېیەن، خاۋەنو/خاۋەنۊ بابەتەکۍ ۋەرپەرسیارەن. کوردیپێدیا بە مەبەسو ئەرشیڤکەرڎەی ئی بابەتېشە تۊمارە کەرڎېنە.
ئی بابەتۍ بە زۋانی (کوردیی ناوەڕاست) نۋیسیێنە، پەی ئەۋەکەرڎەی بابەتەکۍ بە زۋانېۋ کە نۋیسێنە، سەرو ئایکۆنو
ی کلیک کەرە!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئی بابەتۍ 1,787 جارۍ ۋینیێنە
پەیلۋاو وېت چە بارەو ئی بابەتۍ بنۋیسە!