بیروڕاکانی ئاڵای شۆڕش و واژۆکردن لەسەر گوللەبارانکردنی سەرکردەکانیان
بەو شێوەیە هەواڵەکان و بیروڕاکانی ئاڵای شۆڕش وردە وردە کاریگەریی خۆی لەسەر ڕێکخراوی سلێمانی دادەنا. من بیرم دێت لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەخنەیەکم گرت، هاوڕێیەکم بەتەوسەوە گوتی: چییە کوڕی باش، نەبووبیت بە ئاش! دیارە مەبەستی ئه و هاوڕێ توندڕەوە، کورتکراوەی ئاڵای شۆڕش بوو کە نەوشیروان مستەفا یەکێک لە نەریتەکانی ئەوە بوو ناو و ناتۆرەی له و کەس و بیروڕایانە دەنا کە خۆی بەدڵی نییە و ئاشی لێ داهێنابوون... ئاوەها من وەک خۆم لەدوای 1985 هەستم دەکرد چیتر کۆمەڵە ئه و کۆمەڵەیەی جاران نەماوە، هەموومان چیتر ئه و بنەمایەی که لەنێو ڕێکخراوێکی مارکسی-لینیستی دا پێمان دەگوت ڕەخنه و ڕەخنەلەخۆگرتن؛ پەیڕه و نەدەکرا و خۆمان لێ لا دەدا و گومان لە یەکتری هەبوو، بێ ئەوەی کەس بەڕاستگۆیی باسی ئەم گومانە بکات. بەردەوام بووین لە کۆبوونەوە و کاری ڕێکخراوەیی، بەڵام دواتر درووشمی چەکوش و داس وەک ڕەمز لا برا و سەرەتای نامەکان که کاتی خۆی بە پەرەگرافێک دەستی پێ دەکرد: بەره و پارتی پێشڕەوی چینی کرێکار له کوردستاندا و کرێکارانی جیهان یەک بگرن و زۆری تر نەما. نامەی ڕێکخراو له نامەی کەسی دەچوو، کۆبوونەوەکان دوور خرابوونەوە لە ماوەی زەمەنیدا، گوایە لەبەر ئەمنیەت چالاکیی ئێمە تەنها له ز انیاری کۆکردنەوە لەمەڕ پیاوانی ڕژێم کۆ کرابووەوە و دیارە دواییش بۆمان دەرکەوت کە زۆریان پیاوی ڕژێم نەبوون! لەدوای مفاوەزات، گرتن و هەڵمەتی ناوەندی کۆمەڵە بۆ سەر ئاڵای شۆڕش شتێک نەبوو بشاردرێتەوە و چووە قۆناغێکی ترسناکەوە که جەستەی ڕێکخراوەکانی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستانی بەره و شلبوون و هەڵوەشاندنەوە برد. لە هەموو بۆنەیەکیشدا، باسی کوشتنە ترسناکەکەی کوڕێکی ئازا و چاونەترس و شۆشگێڕی وەک وریا ڕەش دەکرا، له و ڕۆژەوە تا ئێستاش وریا بۆتە گرێی دەروونیی کۆی ئەوانەی له و زمەنەدا ژیاون. ئەوانەی جەللادی بوون، به و داخ و ڕیسواییەوە سەریان نایەوە و ئەوانەشی لەناو ڕێکخراودا بوون، تا ئەمڕۆ وریا وەک برینێکی گەورە دەبینین لە ڕۆحیاندا. من پێم وایە لەگەڵ یەکەمین تەور لە وریا، تەور لە کۆی ڕێکخراوێکی گرنگ و دژەفاشیزم و چەپی وەک کۆمەڵەی ڕەنجدران درا، هەر تەورێک بەر وریا ڕەش کەوت، جەستەی ڕێکخراوەکەی له دواییدا لەتوپەت کرد، بەم شێوەیە شۆکی شەهیدکردنی وریا ڕەش وردە وردە له ڕێکخستنەکاندا دەردەکەوت و لەتی دەکردین.
دوای ئەو کارەساتانەی بارودۆخی سیاسیی شار و شاخ، گۆڕانێکی بەرەو هەڵدێری بەسەردا هات و چەندین پرسیار ئاڕاستەی ناوەندی کۆمەڵە و سکرتێری گشتیی کۆمەڵە کرا و دەنگی ناڕەزایی لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بە ئاڕاستەیەکی خراپدا لێ کەوتەوە و پرسیاری کوردستانیبوونی کۆمەڵە بەره و کوێ و بیرۆکەی پارتی پێشڕەوی چینی کرێکاران لە کوردستاندا لەکوێی کاری سیاسیی ئێمەدایە؟ بەتایبەت ئێمە تەواو وەک حزبێکی داش عێراق هەڵسوکەت دەکەین و له مفاوەزاتیشدا هەر وا بووین.
کوژران و زیندانیکردنی هاوڕێکانمان و هەندێک لە سەرکردە دیارەکان له شاخ، به جۆرێکە کە ڕۆژانە دەیبستین و مومارەسە دەکرێت، بۆچی چارەسەری سیاسی و دیالۆگ و ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن نەبۆتە زمانی زاڵ؟ بۆچی کوشتن و زینداینکردن و سووکایەتی بۆتە میتۆد؟ ناوەندی کۆمەڵە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاڕاستەی ڕێکخستنەکان و خەڵکی بەگشتی نەدەکرد و هیچ وەڵامێکی جگە لە نێگەتیڤ پێ نەبوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەندامان و هێزی پێشمەرگە و خەڵکی، بەڵام له و کاتەدا بۆم دەرکەوت کە هێشتا مارکسیزم-لینیزم لە فۆرمی خێڵدایە و ئەوەی خێڵێک پاڵپشتی نەبێت؛ فەوتاوە، ئەمەش له گاڵتەجاڕییەکانی قەدەرە، چونکە مارکسیزم دەیەوێت جیاوازیی چینایەتی بسڕێتەوە، کەچی ئێمە شوناسە خێڵەکییەکان تۆختر دەکەینەوە! بەداخەوە ئەمە ئەزموونی هەمووان بوو له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کادرە مارکسییەکان دەهاتن خێڵەکانی خۆیان دەکردە هێزی مارکسی و لێرەوە خێڵ پتەوتر دەبوو و له دواییشدا هێزە کۆنەخوازەکان له ڕێگەی جووڵاندنی عەسەبیەتی خێڵێکییەوە کادر و ئەندامە مارکسیسته-لینینستەکانی حزب ئۆتۆماتیکی دەچوونە قاوغی خێڵەوە. له لوبنان و فەڵەستینش شوناسی چەپبوونیان پابەند بوو به شوناسی خێڵەوە، هەر بۆیە چەپ و بزاوتە مارکسیزمه-لینیزمەکان لەسەرخۆ و وردە وردە له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن خێڵەوە دەخورا و قووت دەچوو. له و ڕۆژەوە هەستم کرد هێزی مارکسیسی-لینیستی ئێمە، هێزی پابەندبوون بوو به هێزی خێڵ و بنەماڵەکانمان و باشترین نموونەش؛ هەڵوەشاندنەوەی یەمەنی باشووری سۆسیالستی بوو لە کانوونی دووهەم 1986 کە جەنگە ناوخۆکەی بە جەنگی ناوخۆی خێڵه مارکسییەکان لەقەڵەم درا و دەوڵەتە سۆسیالستییەکەی یەمەن، خێڵ لەتوپەتی کرد.
کوشتن و ڕەدوونانی ئەوانەی ڕەخنەیان له کۆمەڵەی نەوشیروان مستەفا دەگرت
من نەوشیروان مستەفا بە سەرکردەیەکی لێهاتوو و بەتوانا و نووسەرێکی باش دەزانم و نووسین و لێدوانەکانی کاریگەریی خۆیان هەیە و لە نزیکەوە چەندین جار بینومە و گوێبستی وتار و دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی بووم. نەوشیروان مستەفا مرۆڤێکی کەمدوو و زۆر بەکەمی دەردەکەوت و بیروڕای جیاوازی قبووڵ نەبوو، وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا لە چاکسازیدا بڕوای بە نەمانی بەرامبەرەکەی بوو، ئیتر بە کوشتن بێت یاخود دەربەدەرکردن. لێرەدا دەمەوێت چەند بەڵگە و ڕاستی بخەمە ڕوو، نەک بۆ ناشرینکردن و تۆمەتبارکردنی نەوشیروان مستەفا، بەڵکوو لەسەر ڕەفتار و جۆری توندوتیژیی مامەڵەکردنی بۆ بەرامبەر.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
کوردیپێدیا جە دلېنەو ئی بابەتۍ ۋەرپەرس نېیەن، خاۋەنو/خاۋەنۊ بابەتەکۍ ۋەرپەرسیارەن. کوردیپێدیا بە مەبەسو ئەرشیڤکەرڎەی ئی بابەتېشە تۊمارە کەرڎېنە.
ئی بابەتۍ بە زۋانی (کوردیی ناوەڕاست) نۋیسیێنە، پەی ئەۋەکەرڎەی بابەتەکۍ بە زۋانېۋ کە نۋیسێنە، سەرو ئایکۆنو
ی کلیک کەرە!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئی بابەتۍ 1,375 جارۍ ۋینیێنە
پەیلۋاو وېت چە بارەو ئی بابەتۍ بنۋیسە!