ژینی خۆشەویست ڕۆحی کوردستان
چرای تاریکی شەوی نیشتمان
ئەم نامەیەی من ئامان سەد ئامان
نەشری کە بەڵکوو بگاتە هەموان
گەلێ کەس لە من خەبەردار نییە
ئەڵێن هۆنراوەت بۆ دیار نییە
ئەڕوانینە ژین کوا هاوار نییە
شیعر و نووسینت کۆڵ و بار نییە
هەموو پێنج شەموان ئەڕوانینە ژین
بۆ ئەو شیعرانەی کە دێن لە پێنجوین
کەچی کەم و زۆر هیچی نابینین
بۆ هیچ نانێری لە خۆت ئەپرسین
وەڵام:
با پێتان بڵێم گەورەکانی من
ئەپرسن لە ژین بەرگ و نانی من
شەویشم ڕۆژە لەبەر ئیش کردن
ئاواتە خوازم دایم بە مردن
شەش کچ و دوو کوڕ خۆم و دایکی گشت
پیرەژنێ کوێر یازدە کەسی خشت
تەنیا هەر خۆمم بێ پەنا و بێ پشت
خەتای خۆیشم بوو خۆم ڕەنگەکەم ڕشت
بیست و دوو ساڵ بووم چووم ژنم هاورد
بێ پارە و بێ پووڵ بەبێ بەراورد
هەر لە پڕێکا هەروا دەستوبرد
کاتێکم زانی هەشتم درووست کرد
خۆم ڕاگرتایە هەتا چل ساڵی
لە ژینی دنیا چاک ئەبووم حاڵی
ئێستا کە پیر بووم لەبەر بەتاڵی
گیرفان و مێشکم هەردووکی خاڵی
گەر وەختی گەنجی هوشیار ئەبووم
لەگەڵ زانایان دۆست و یار ئەبووم
خەریکی ڕەنج و ئیش و کار ئەبووم
بۆ ئێستا تووشی سەد ئازار ئەبووم
منیش وەک خەڵکی خۆ هەر بەشەر بووم
لەبەر بێ عیلمی وا بێ خەبەر بووم
دوچاری ڕێگەی سەد دەردی سەر بووم
لەم خاک و ئاوە هەر دەربەدەر بووم
ئیتر بە هیوام گلەیی نەکەن
ژینم وەهایە ئەگەر تێ ئەگەن
نە سنعەتکاری نە عیلم و نە فەن
نە موڵک و نە حاڵ نە هێزی بەدەن
ناشزانم ماستاو دروست کەم بۆ کەس
جوانی کەم پۆتین بە فڵچە و بە دەس
چاوەڕوانی دەس کەسیف و تەرەس
حوڕ و سەربەستم ئەژیم بە هەوەس [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#