$لە قاعیدەوە تا داعش خوێندنەوە بۆ دەیەیەک گۆڕانکاری بونیادگەرایی ئیسلامی$
نووسینی: مانی گەڵاڵی
ئایدیای گەڕانەوە بۆ سەلەفیگەری کە وەهابیەت یەکێک لە ناسێنەرەوەکانی ئەم جووڵانەوەیە، لەسەر بنەمای زیندوکردنەوەی حکومەتی خەلیفەکانی ڕاشدینه، و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەردەمی ئاڵتونی و سەرەتای ئیسلام کە نیمچە دورگەی عەرەبی ناوەندی بێت و مەدینە پایتەخت بێت و ئیسلام لە بیدعەت (داهێنراوەکان) پاک بکرێتەوە. دواتر کۆپی تری ئایدیای سەلەفی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامدا درووست بوون کە بە شێوەیەکی گشتی لەژێر کاریگەری شوێنی جوگرافی و جیاوازی بیروڕا لەسەر سەردەمە جۆراوجۆرەکان و خەلافەتە جیاجیاکانی ئیسلام، لەوانە ئومەوی و عەباسی و لە کۆتاییشدا عوسمانیەکانیان لەسەر بووە، کە ئیخوان موسلمین و ئیسلامگەراکانی تورکیا خوازیاری زیندوو کردنەوەین.
لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی کاریگەری ئابووری و دەرونی عەرەبەکانی نیمچەدورگەی عەرەبستان لەسەر ئەفغانستان و پاکستان، بیری سەلەفەی وەهابی بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە. بە دڵنیاییەوە خاڵێکی هاوبەش لەبارەی خەلیفەی موسوڵمانانەوە هەیە ئەویش ئەوەیە کە بەپێی کۆدەنگی (موهاجرین و ئەنصار)ی سەرەتای ئیسلام، خەلیفە و حاکمی موسوڵمانان پێویستە عەرەبی قورەیشی بێت. لەم گۆڕانکاریانەدا جووڵانەوەی ناسراو بە عەرەب-ئەفغانەکان درووستبوو. لەگەڵ کشانەوەی یەکێتی سۆڤێت لە ئەفغانستان و دەسەڵاتداری قاعیدە لەو وڵاتە، زەمینەی هاندان و پاڵپشتی جیهادیەکان و نەیارانی یەکێتی سۆڤێت بەرەو لەناوچوون دەچوو، بەڵام قەیرانی باڵقان و گۆڕانکاریەکانی یوگسلافیای پێشوو، قەیرانی بۆسنە، جارێکیتر زەمینەی ڕەخساند بۆ پشتیوانی لە جیهادی پیرۆز بۆ پاک کردنەوەی سەرزەویە ئیسلامیەکان.
ئەم جارە نەک بە بەرفراوانی ئەفغانستان، عەرەب-ئەفغانەکان ڕویان کردە بۆسنە بۆ پشتیوانی لە موسوڵمانانی ئەو وڵاتە، بەڵام دۆخی ئەو وڵاتە هاوشێوەی ئەفغانستان نەبوو، ڕۆژاواییەکان بە خێرایی کۆتاییان بە بوونی غەیرە بۆسنیەکان لەو وڵاتە هێنا و لە ئەنجامدا عەرەب-ئەفغانەکان بە ئەزموون و ئەو ئایدیایانەی وەریانگرتبوو بڵاوەیان کرد و گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان. بیروڕای ئەوان لەگەڵ دۆخی سیاسی و کلتوری و شێوازی ژیانی وڵاتەکانیان نەدەگونجا، لە ئەنجامدا لەگەڵ کۆمەڵگەکانی خۆیان توشی گرفت هاتن و بە خێرایی لەلایەن کۆمەڵگە و حکومەتەکانی خۆیانەوە ڕەتکرانەوە و فشاریان خرایەسەر. لەو کاتەدا داگیرکردنی کوەیت و کاردانەوەی ئەمریکا و هاوکاری وڵاتانی عەرەبی و موسوڵمان لەگەڵ ولاتانی غەیرە موسوڵمان دژی ئێڕاق و جێگیر بوونی سوپای بێگانە لەسەر زەویە موسوڵمانەکان و لە نزیک شوێنە پیرۆزە ئیسلامیەکان، کارێکی کرد کە جیهادیەکان پاڵپشتی سەددام حسێن بکەن و دژی ئەو وڵاتە عەرەبیانە بوەستنەوە کە پشتیوانیان لە ڕژێمی ئێڕاق نەکرد.
هەر لەو کاتەدا قەیرانی ئەفغانستان دوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی جیهادیەکان ڕۆیشتە قۆناغێکی نوێوە. ئەو نەوەیەی کە لە ئۆردوگاکان گەورە بوون و لە خوێندنگە خێرخوازیەکانی وڵاتانی ئیسلامی پەروەردە کران، بە دامەزراندنی تاڵیبان، پێکهێنانی ئیمارەتی ئیسلامی کە کۆپیەکە لە خەلافەتی ئیسلامی، کردیانە ئامانجی خۆیان. لە پێکهاتنی ئەم جووڵانەوەیەدا ڕێبەرە جیهادیەکانی وەک ئوسامە بن لادن ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، هاوکات بە سەرنجدانە ستراتیژی سوپای پاکستان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەفغانستان وەک سەرچاوەی گرنگی گەیشتن بە سەرچاوەکانی وزە لە ئاسیای ناوەند و هەڕەشە لە هیندستان و بەڕێخستنی شەڕێکی ناڕاستەوخۆی ئیسلامی دژی هیندستان لە کشمیر جارێکیتر ئەفغانەکان و جیهادیە عەرەبەکان و پاکستان یەک ئامانجیان هەبوو.
لەمپەڕی سەرەکی ئەمجارەی سەرڕێگەیان یەکێتی سۆڤێت نەبوو، بەڵکوو ئەو جیهادیە شیعانە بوون کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکران. دەوڵەتە عەرەبیەکانی کەنداوی عەرەبی بەپێی بەرنامەی سەرقاڵکردنی هاوکاتی ئێران و ئیسلامگەرا توندڕەوە عەرەبەکان، کەوتنە پشتیوانی کردنی تاڵیبان. بەڵام ئەم جارە ئامانجی ئەو جوڵانەوانە تەنیا عەرەبستان نەبوو، بەڵکوو بەوتەی خۆیان ئازادکردنی سەرجەم سەرزەوی موسوڵمانان بوو، واتە دەرکردنی خاچپەرست و کافرەکان لەنیمچەدورگەی عەرەبی و ولاتانی کەنداوی عەرەبی ئامانجی لەپێشینەی ئەوان بوو. قاعیدە بۆ ئەو مەبەستە واتە جیهاد دژی خاچپەرستەکان دامەزرا، بەڵام سەرەتا کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستان و یەکگرتن لەگەڵ سوپای ناوەکی پاکستان لەو کاتەدا کاری سەرەکی بوو، بەڵام هاوکات دەیانویست هەردوو ئامانجەکەیان بەهێرشکردنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بهێننەدی. تەقاندنەوەی بنکەی سەربازە ئەمریکاییەکان لە عەرەبستان نموونەیەکە بۆ ئەو ئامانجانەی گرتبویانەبەر.
لەو کاتەدا گۆرانکاریەکی گەورە ڕویدا، ئەفغان عەرەبەکان ئەم جارە بە سەرکردایەتی بن لادن ڕێکخران و پێیانوابوو کاتی ئەوە هاتووە دوژمنە خاچپەرستەکان لەناوببەن. ڕوداوی 11 سێپتەمبەری 2001 بە گەورەترین هێرشی قاعیدە بۆسەر ئەمریکا هەژمار دەکرێت. لەوانەیە قاعیدە و تاڵیبان و پاکستانیش چاوەڕێی کاردانەوەی بەوشێوە توند و بەرفراوانەی ئەمریکا نەبوبن، بێجگە لە ڕوخاندنی حکومەتی تاڵیبان، حکومەتی ئێڕاقیش ڕوخێنرا. چوونە ناو خاکی ئێڕاق و ئەفغانستان و ڕاوەدونانی قاعیدە لە پاکستان و لەدەستدانی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان وەک بەشێک لە خەلافەتی ئیسلامی، ئازادی جووڵانەوەی قاعیدە و جیهادیەکانی لەناوبرد.
بەشێک لەو جیهادیانە بە پشتیوانی وڵاتانی هاوسێی ئێڕاق لەوانە سووریا خۆیان گەیاندە ئێڕاق، بەڵام دۆخی ئێڕاق لەگەڵ ئەفغانستان جیاواز بوو، لەلایەکترەوە بەپێچەوانەی ئەفغانستان ئێڕاقیە جیهادیە سوننەکان بە پێچەوانەی ئەفغان و پاکستانیەکان بە ئاسانی نەکەوتنەژێر کاریگەری ئوسامە بن لادنی عەرەبستانی و قاعیدەوە. جووڵانەوەی جیاجیای هاوشێوەی قاعیدە لە ئێڕاق درووست بوون و دژی حکومەتی ئێڕاقی و ئەمریکاییەکان وەستانەوە. لە ڕوکاردا سەرجەمی ئەو گروپانە بەپێی فەرمانی قاعیدە دەجووڵانەوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا لە بیرکردنەوە و کارەکانیاندا هاوشێوە بوون، لە کرداردا گروپی جیاجیای کۆمەڵایەتی خێڵەکی بوون.
یەکگرتنی ئێڕاقی و جیهادیەکان و قاعیدە دژی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانان لەبەرئەوە بوو کە پێیان وابوو سەرزەوی ئیسلامی و عەرەبی ئێڕاقی داگیرکراوە، بەڵام لە ڕووی ڕابەرایەتیەوە جیاوازیان هەبووە و هەیە. بەپێچەوانەی ئەفغان-عەرەبەکان و تاڵیبان کەلەژێر کاریگەری وەهابیەکاندا بوون، لە ئێڕاق و سووریا دۆخەکە جیاواز بوو. بە پێچەوانەی ئەفغانستان، سوننەکانی ئەم دوو وڵاتە عەرەبن و پێیانوایە لە خێڵی مەککە و قورەیشن، هەروەها سەددام و حافز ئەسەد خۆیان بە ڕابەری عەرەب دەزانی، ڕابەرە مەزهەبیە ئێڕاقی و سووریاییەکان لەهەر خێڵێک بن بە ڕەوای دەزانن کە خۆیان ڕابەری موسوڵمانان بن.
لەلایەکیترەوە بەپێچەوانەی ئەفغانستان، ئێڕاق و سووریا وڵاتی کلیلین لە جیهانی عەرەبیدا و نزیکەی هەزار ساڵ ناوەندی خەلافەت لە ئێڕاق و شام بووە. لەبەر ئەوە خۆیان لەو سەرزەویەن کە ئامانج بووە، بەڵام ئەفغانستان و پاکستان وەک بنکەیەکی کاتی بۆ ئازادکردنی وڵاتانی جیهانی ئیسلام بوون. لەمڕوەوە ئیسلامگەرا سوننە ئێڕاقیەکان نەک لە وڵاتێکی دوور، بەڵکوو لە ناوەندی خەلافەتی ئیسلامی جیهاد دەکەن و خۆیان بە ڕەچەڵەک عەرەبی و قورەیشین. ئەبوبەکر بەغدای خەلیفەی داعش لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەیدا ڕەچەڵەکی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ قورەیشیەکان و خۆی بە میراتگر و جێنشین دەزانێت. جوگرافیا پیناسەکراوەکە، هەروەها ئەوەی کە دەکرێت ببێتە ناوەند، گرنگیەکی ترە. ئیمتیازێکی تری داعش ئەوەیە کە لە ڕووی داراییەوە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەیە، بەڵام جیهادیەکانی قاعیدە لەمڕوەوە بە تەواوی بە سعودیەوە گرێ درابوون.
پێدەچێت بەرەی نووسرە لە سووریا نزیکیەکی زیاتری لەگەڵ قاعیدە هەبێت، بەڵام وەک ئەوەی باس کرا ئەوانیش تەنیا هاوپەیمانی قاعیدەن و بەتەواوی پەیڕەوی لە قاعیدە ناکەن. لە ئێڕاق و سووریا داعش بە هاوکاری بەعسیە پاشماوەکان و بەعسیە سوننەکانی سووریا و میلیشیاکانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە و شێخە سوننەکانی ئێڕاق بەشێکی بەرفراوانی ئێڕاقیان داگیرکردووە و بەهۆی هاوسنوریان لەگەڵ ئوردن و وڵاتانی تری عەرەبی پێویستیان بە ناوبژیوانی قاعیدە نییە بۆ پەیوەندی بە وڵاتانی هاوپەیمانایان لە کەنداوی عەرەبی.
خاڵێکی تریش ئەوەیە کە بەپێچەوانەی قاعیدەوە کە جیهانیە، داعش ئامانجی ناوچەیی هەیە. ئێڕاق و شام یەکەم ئامانجەکانی پێکدێنن، بەڵام لە ئێڕاقیش مەیلی داگیرکردنی ناوچە شیعەکانیان لەم قۆناغەدا نییە. لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا توندڕەوە مەزهەبیەکان کاری چاوەڕوان نەکراو ئەنجام دەدەن، وەک ئەوەی لەناکاو ڕویان لە هەرێمی باشووری کوردستان کرد و بوونە هۆی ئەوەی ئەمریکا بە خێرایی لە باکووری ئێڕاق (هەرێمی کوردستان) بچێتە شەڕەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە پێشتر حکومەتەکەی ئۆباما نەیدەویست بچێتە شەڕی نێوان سوننە و شیعەکانی ئێڕاقەوە هاوشێوەی سووریا.
بۆ هەڵسەنگاندنی دەسەڵات و مانەوەی داعش دەتوانرێت بوترێت کە هاوشێوەی تاڵیبان، داعش توانای پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و بەدەستهێنانی ناسنامەی نێودەوڵەتی نییە. بەڵام وەک تاڵیبان کە لە ئەفغانستان لەناونەچووە و تا ئێستاش کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدات، داعشیش لە ڕووی ڕێکخستن و بیر و کارەکانیەوە بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە و هەڕەشە دەبێت لەسەر بەغدا و دیمەشق و سەقامگیری ناوچەکە. هێرشی سەربازی دەتوانێت داعش لاواز بکات و لە ناوچەکان دەریان بکات، بەڵام تا ئەو کاتەی لە سووریا و ئێڕاق حکومەتێکی بەهێز نەیەتە سەر حوکم و گرژی نێوان نەتەوە و خێڵ و مەزهەبەکان چارەسەر نەبێت و هەژاری لەو وڵاتانە بنبڕ نەکرێت و دادپەروەری نەچەسپێنرێت، ئەوا توندڕەویەکانی هاوشێوەی داعش بونیان دەبێت و لەو ناوچانەی خۆیان بە بێبەش دەزانن، دەمێننەوە. داعش و توندڕەوە مەزهەبیەکان توانای درووستکردنی قەیران و پشێویان هەیە، بەڵام هیچ کاتێک ڕێگە چارەیەک بۆ موسوڵمانان و ناوچەکە نەبوون و نابن. [1]