ناو: جوبرەئیل
ناوی باوک: یەحیا شەلال
ساڵی لەدایکبوون: 1921
ساڵی کۆچی دوایی: 1983
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #چێ# ی شارەدێی دێرەلوک
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #تاران#
$ژیاننامە$
ساڵی 1921 لە گوندی چێ سەربە شارەدێی دێرەلوک لە قەزای #ئامێدی# لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی پەیمانگای کشتوکاڵی وەرگرتووە و هەر لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری لەگەڵ خەدیجە ئیسماعیل لۆڤا پێکهێناوە، خاوەنی دوو کچ بوونە بەناوەکانی ڕوخەفزا و لەیلا. ساڵی 1983 لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئیران کۆچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕی #شنۆ#ی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتی 19-04-1947 لە ڕێگای (خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە) بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزوری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی 15/5/1947 لە گوندی ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانی دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، لەوێدا تەواوی هەڤاڵانی بڕیاری بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتی سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕووی کردووەتە شانشینی ئێران، ساڵی 1976 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە.
[1]